نیسان 26, 2024

Select your Top Menu from wp menus

شاهید حاڵی تیرۆركردنی وەدات حسێن بێسەروشوێنە

گەنجێكی پارێزگای دهۆك دەڵێت، من شاهیدی رفاندنی وەدات حسێنی پەیامنێری رۆژنیوزم، بەچاوی خۆم بینیم سێ چەكدار رێگەیان لێگرت و كیسەیەكی رەشیان كردە سەری، دەمانچەیان خستە سەر سەری و خستیانە ناو ئۆتۆمبێلەكەیانەوە، بەڵام ئەو گەنجە سێ رۆژە بێ سەروشوێنە.

رۆژنامەنوس وەدات حسێن پەیامنێری ئاژانسی رۆژنیوزی نزیك لە پەكەكە لەپارێزگای دهۆك تیرۆركراو تائێستاش تۆمەتبارانی ئەو كەیسە سەرەڕای پێكهێنانی لیژنەیەك لەلایەن مەسعود بارزانییەوە نەدۆزراونەتەوە، گەنجێكی ئەو پارێزگایەش دەڵێت، من شاهیدی رووداوەكەم‌و بەچاوی خۆم بینیم كە چۆن وەداتیان تیرۆر كرد، بەڵام ئەو گەنجە سێ رۆژە بێ سەروشوێنە، خۆیشی پێشبینی ئەوەی كردبوو كاتێك لەئەكاونتەكەی خۆی لەفەیسبوك نوسی، من شاهیدی رفاندنی وەداتم، بەڵام بەدووری نازانم دوای بڵاوكردنەوەی ئەم پۆستەم بەیانی تەرمەكەم لەسەر شەقامێكی ئەم شارە بدۆزرێتەوە.
ئەو گەنجە ناوی ئەمیر داودە، رۆژی 13/8/2016 لە ئەكاونتەكەی خۆی لە فەیسبوك باسی وردەكاری رفاندنی وەدات دەكات و دەڵێت، سێ چەكدار رێگەیان لەوەدات گرت و كیسەیەكی رەشیان كردە سەری لەبەرچاوی ئێمە دەمانچەیان خستە سەر سەری و خستیانە ناو ئۆتۆمبێلێكەوە،‌ دواتر سندوقی سەیارەكە كرایەوە جانتایەكی رەشی تێدابوو كە كامێراو لۆگۆی رۆژ تیڤیمان تێدا بینی، بەیەكجاری بێهیوا بوین لەگەڕانەوە، بۆیە بەدوری نازانم دوای بڵاوبونەوەی ئەم وشانە، دوور نییە لاشەی منیش لە شەقامێكی شاردا بدۆزرێتەوە.
لەوبارەیەوە تارق حسێن برای وەدات حسێنی تیرۆر كراو بە رۆژنیوزی وتووە: ئێمە‌ شاهیدحاڵەكەمان بینیوە،‌ ئامادەیی خۆی دەربڕیوە كە بێتە دادگاو شاهیدی بدات لەسەر هەرسێ چەكدارەكەو روداوەكە، بەڵام تائێستا هیچ هەواڵێكی نازانین، وابڕیارە لەم رۆژانە سەردانی ماڵیان بكەین و سۆراغی بكەین.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *