نیسان 26, 2024

Select your Top Menu from wp menus

“هەرکاتێک ڕۆژنامەنووسان دەستیان بۆ گەندەلی حزبەکان بردبێت تیرۆر کراون”

ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ کرێکار: بەشێک لە ڕۆژنامەنووسانی گەرمیان پێیانوایە، ڕۆژنامەنووسان نەیانتوانیوە ئازادانە کاربکەن، هەرکاتێک ڕۆژنامەنووسان دەستیان بۆ گەندەڵی حزبەکان بردبێت تیرۆر کراون، هەر کاتێک گەندەڵییەک یا دزییەکی بەرپرسانی هەردوو حزبی دەسەڵاتداری یەکێتی و پارتیان ئاشکرا کردبێت، تیرۆر کراون، کاوە و وەدات و سۆران و سەردەشت بەڵگەن بۆ ئەو ڕاستیە.

لە ماوەی ڕابردوودا، لە هەرێمی کوردستان، لەسەر ئازادی ڕادەربڕین و ئاشکراکرنی گەندەڵی و دزی و کاری مافیای بەرپرسە باڵاکانی هەردوو لایەنی سیاسی یەکێتی و پارتی و دەرخستنی ڕاستییەکان، ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس تیرۆرکران و ڕووبەڕووی هەڕەشە و کێشەوگرفت بوونەتەوە.

سەنگەر حەمید ڕۆژنامەنووس، سەبارەت بە پرسی تاچەند ڕۆژنامەنووسان توانیویانە ئازادانە کارەکانی خۆیان ئەنجام بدەن، بە ڕۆژنیوزی وت: ڕەوشی ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستاندا هێشتا لەدۆخێكدایە، كە ڕۆژانە ڕۆژنامەنووسان لەكارەكانیاندا دەیان ڕێگریان لەپێش دروست دەكرێت، ئەوەی كەخۆیان مەبەستیانە و دەیانەوێت بیگەیەنن، كاتێ‌ دەستی بۆ دەبن ئاسان نابێت بۆیان، ئەمە نمونەیە و ڕۆژانە لە كارەكانماندا ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، ئامارەی ڕێكخراوەكانیش دەریدەخەن و دەیسەلمێنن كە ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە چ دۆخێكدایە، ڕۆژنامەنووسان و میدیاكاران ڕۆژانە چۆن ڕووبەڕووی دەیان ئاستەنگ پێشلكاریی دەبنەوە.

سەنگەر حەمید وتیشی: بەحوکمی جوگرافیایی سیاسی هەرێمی كوردستان، ڕێگری و جیاكارییەکان جیاوازن، لەهەندێ‌ شوێن ڕێگە بە كاری هەندێ‌ ڕۆژنامەنووس دەدرێت، لە هەندێ‌ جێگاشدا ئەمە پێچەوانەیە، لەم جیاوازییەدا، حزبە سیاسییەكان و هەم حكومەتیش ڕۆڵیان تێدا هەیە، بەتایبەتیش هەندێ‌ جاری ئەمە وا زەق دەبێتەوە دەچێتە چوارچێوەیەكەوە كە بەشێوەی پلان داڕێژاوبێت، جیا لە ڕێگریی و ئاستەنگ دروستكردن و پێشێلكاریی، ڕۆژنامەنووسان تیرۆریش دەكرێن.

لەلایەکی ترەوە، ئەیاد محەمەد، ڕۆژنامەنووس، لەسەر پرسی بۆ ڕێگیری لەکاری ڕۆژنامەنووسان دەکرێت، قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد و وتی: 2٦ ساڵە، بەشێک لە بەرپرسانی ئەم هەرێمە خەریکی کاری گەندەڵی و دزیکردنن لە مافی ڕەوای میللەت و مافی خەڵک دەخۆن، بۆیە بە ڕەوای نابینن ڕۆژنامەنووس سەروەت و سامان و داهات و گەندەڵیی و دزییەکانیان ئاشکرا بکات، چونکە دڵنیان لەوەی ئەگەر دزییەکانیان ئاشکرا بکرێت، ڕیسوا و ڕووڕەش دەبن بەرامبەر بە میللەت.

ئەیاد محەمەد وتیشی: بەتایبەت بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبەرئەوەی ئەزانن ئەگەر ئەو هەموو دزیی و غەدرەی لە هاونیشتیمانیانی ئەم هەرێمەی دەکەن ئاشکرا ببن، ناوی خۆیان و حزبەکەیان لەکەدار دەبێت، بۆیە ڕێگە بە ڕۆژنامەنووس نادەن ئازادانە کار بکەن, هەر ئەمەش بۆ خۆی بەڵگەی ئەوەیە لە ماوەی ڕابردوودا لە لایەن هەردوو حیزبەوە چەندین ڕۆژنامەنووسی وەک (کاوە گەرمیانی, وەدات حسێن، سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان) لەسەر ئاشکراکردنی دزی و گەندەڵیەکانی هەردوو حیزبی یەکێتی و پارتی تیرۆرکراون.

سەردەشت محەمەد، ڕۆژنامەنووس لەسەر پرسی تا چەند خستنەڕووی ڕاستییەکان هۆکاری تیرۆری ڕۆژنامەنووسان بووە، بۆ روژنیوز وتی: ئەو ڕەوشە خراپەی لەسەر ڕۆژنامەنووس هەیە مانای ئەوە نییە ناکۆکی نێوان ڕۆژنامەنووسان و حیزبەکان بێت، بەڵکو ئەوەی هەیە ئەوەیە، ڕۆژنامەنووسان هەمیشە وەک ئەرکی سەرشانیان ڕاستییەکانیان خستوەتەڕوو و کاریان بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵی و کارە دزیی و مافیاکانی بەرپرسانی ئەم هەرێمە کردووە، بۆیە بەردەوام بوونەتە قوربانی لە لایەن بەرپرسە باڵاکان یا کەسانی نێو حزب.

سەردەشت محەمەد وتیشی: حزبی سیاسی لە هەرێمی کوردستان نەگەیشتوەتە ئەو ئاستەی ڕێگا بدات ڕۆژنامەنووس بە ئاشکرا لە سەر گەندەڵییەکانی کار بکات و ئاشکرای بکات، بۆیە ئەمەش وایکردووە، بەرپرسی ئەو حیزبانە لەترسی ئابڕووچوون و لەکەدارکردنیان، ڕۆژنامەنووسانیان تیرۆر کردووە.

د.خ

سێشەممە, 8 أغس 2017 – 09:22

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *