تەنیا خەیاڵێك بەتیرۆركردنیدا

ئەحمەد میرە:Ahmad_Mira
عەتا محەمەد لەو رۆمانەیدا كە باس لەمەلا نەسرەدین دەكات زۆر بەجوانی ئەو وێنەیەمان پیشاندەدات كە لەمێژوودا كەمنین ئەوانەی كە بەهۆی پێكەنینەوە كوژراون بوونەتە قوربانی گێڕانەوەی نوكتەیەك كە بەهۆیەوە خەڵكی تر شادومان بوون.
لەمێژووی ئەدەبی كوردیشدا جەمیل سایب یەكەمین قوربانییە كە بەهۆی ئەوەی لەچیرۆكی لەخەوما تانەی سیاسی دەگرێت‌و دواتریش كاربەدەستانی رۆژ تیرۆری دەكەن.
هەموو بەڵگەكان لەئێستادا بەو ئاڕاستەیەن كە سەردەشت عوسمان بەهۆی خەیاڵێكی ئەدەبییەوە تیرۆركراوە كە تێیدا وەكو گەنجێك خەون بەژیانی كۆشكی شاهانەوە دەبینێت ئەوەندەی كە بەندە شارەزایی لەتێكستی ئەدەبیدا هەبێت بەئاسانی یارمەتی ئەوەم دەدات لەوە تێبگەم كە دەبوو ئەم گەنجە لەجیاتی ئەوەی بكرێتە قوربانی خەونێكی هەرگیز نەهاتووەتە دی دەبوو وەك لاوی ساڵ پاداشت بكرایە، نەك بەو شێوەیە وەڵامی خەونەكەی بدرایەوە، یاخود لایەنی كەم نەدەبوو لەسەر نووسینێكی لەو جۆرە تیرۆربكرێت.
تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان بەشێكبوو لەو زنجیرە تیرۆرەی كە دەستەڕەشەكانی ناو دەستەڵاتی كوردی بەرانبەر بەئازادی رادەربڕین‌و نووسینی بوێرانە لەكوردستان ئەنجامیان داوە.
هەموو ئەو تیرۆرانە مەبەستی كپكردنی دەنگی بوێریان لەپشتەوە بووەو بەشێكبوون لەئەجێندای ئەو هێزانەی كە لێوانلێون لەتێڕوانینی دژە ئازادی‌و تێكڕای كەلتوری حیزبەكەیان لەسەر ئەم جۆرە دژایەتییە پەرە پێداوە، چونكە بەپێی بەڵگە مێژووییەكان هەندێك ناوەندی هەواڵگری لەمێژووی سیاسی هاوچەرخی كوردا تاكە چەكی دەستیان بریتیبووە لەتیرۆرو تۆقاندن بەئاشكرا ئەو وێنانە دەبینین كە لەمێژووی ئەم ناوەندە هەواڵگرییانەدا بەڕەشی تۆماركراون.
نەهامەتی گەورە تەنیا لەتیرۆركردنی سەردەشت عوسماندا نەبوو، بەڵكو بارتەقای ئەونەهامەتی تیرۆركردنە بریتییە لەشاردنەوەی دۆسییەكەی‌و دروستكردنی سیناریۆی ناشیرین لەكاتێكدا لەهەركەسێكی ئەم وڵاتە بپرسیت بەئاسانی دەتوانێت پێمان بڵێت كە سەردەشت كێ‌و چۆن‌و بۆچی؟ تیرۆركرا.
بەبۆچوونی ئێمە بوێری ئەو دەزگا ئەمنییەی لەپشت تیرۆركردنی سەردەشت عوسمانەوەیە ئەوكاتە دەردەكەوێت كە زۆر بەڕوونی بۆ خەڵكی كوردستانی روونبكاتەوە كە ئەوان لەپشت ئەو رووداوە قیزەونەوە بوون‌و داوای لێبوردنیش لەخەڵكی كوردستان‌و كەسوكارەكەی بكەن، چونكە شاردنەوەی دۆسییەكەی نیشانەی ئازایەتی نییەو دەلالەتی ئەوەیە كە هێشتا لەم هەرێمەدا كۆمەڵێك چەتە ئامادەن بۆ سەندنەوەی ژیان لەو كەسانەی كە نەك هەر قسەو هاواردەكەن، بەڵكو خەون دەبینن، یاخود خەیاڵێك دەكەن كە بەدەرە لەتێگەیشتنی پیاوەكانی كۆشك ..

Leave A Reply

Your email address will not be published.