ناوه‌ندی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ ستراتیژی‌یه‌کان : هه‌ولێر تورکیایه‌کی بچووکه‌ !

سەردەشت عوسمان

ناوه‌ندی ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌راست بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ ستراتیژی‌یه‌کان که‌ ده‌زگایه‌کی تورکی‌یه‌ و به‌ نوێنه‌رایه‌تی تورکیا به‌شداری کرد له‌ چاودێریکردنی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانی کوردستان که‌ له‌ 25 ی ته‌موز له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێوه‌چوو،دووه‌مین ڕاپۆرتی خۆیان سه‌باره‌ت به‌و گه‌شته‌یان بڵاو کرده‌وه‌ کە بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجامیان دابوو بۆ چاودێریکردنی چۆنیەتی بەرێوەچونی هەڵبژاردنەکان و کەش و هەوای سیاسی لەهەرێمی کوردستان،بەڵام ئەوەی جێگای سرنجە لە دووەمین راپۆرتی خۆشیاندا ناوەندی ناوبراو خۆی لەبڕیاردان لەسەر بەرێوەجونی هەڵبژاردنەکان دەدزێتەوە و ئەوەندەی لێکۆڵینەوەکانی لە کەش و هەوای هەرێمی کوردستان و بارودۆخی پێش هەڵبژاردنەکان و هۆکارەکانی دۆڕان و بردنەوەی لیستەکانی بەشداربوی هەڵبژاردنەکان دەخاتە روو . ئەوەندە ناچێتە سەر خودی چۆنیەتی بەرێوەچونی هەڵبژاردنەکان،بەمەش دەزگای ( orsam ) چاوەڕوانی ئێمەی درێژ کردەوە بۆ راپۆرتەکانی داهاتوی بۆ ئەوەی لامان ئاشکرا بێت حکومەتی تورکیا چۆن دەروانێتە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی هەرێمی کوردستان .

لەبەشی یەکەمی راپۆرتەکەیاندا ناوەندی رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژیەکان ( orsam ) بە لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی شاری هەولێر دەست پیدەکات لەرووی پێکهاتەی سیاسی و ئەتنی و کەلتووری و تەنانەت ئابوریش،راپۆرتەکە دەنوسێت ( هەولێر ئارامترین شاری هەرێمی کوردستانە بەبەراورد لەگەڵ شارەکانی دیکەی عێراق،زۆرترین پرۆژەی ئاوەدانی بەخۆوە بینیوە ،بەڵام وەبەرهێنانی ئابوری تێدا نابینرێت و تاکە سەرچاوەی ئەم شارە و تەنانەت ئەو هەرێمەش بودجەی عێراق و نەوتە) لە درێژەی بەشی یەکەمی راپۆرتەکەیاندا ناوەندی ( orsam ) دەنوسێت (( بەشی هەرە زۆری دانیشتوانی ئەو شارە موچە خۆری پارتەکەی بارزانین لە حکومەت،ناوەندی ناوبراو نمونەی قوتانخانەی باڵا دەهێنێتەوە لە شاری هەولێر و ئەوە دەخاتە روو کە لەم قوتابخانەیە لەبەرامبەر ٥٤ قوتابیدا ٩٢ فێرکەری هەبوە،ناوەندی ناوبراویش هۆکاری ئەمە دەگەرێنێتەوە بۆ دوو هۆکار : یەکەمیان ئەوەیە یان بەهۆی نەبونی وەبەرهێنانی ئابورییە،یانیش مەبەستی پارتی دەسەڵاتدارە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی رای گشتی بکات .

هەر لەدرێژەی راپۆرتەکەدا ناوەندی ( orsam )سەبارەت بە دیموگرافیای شارەکە دەنوسێت ( لەهەولێر ناسراوترین گۆرانیبێژ ئیبراهیم تاتڵسە،ئەوەندی لە کافێ و چایخانە و بازارەکانی هەولێرگوێبیستی گۆرانیەکانی ئەو گۆرانیبێژە دەبیت،ئەوەندە لە ئەستەمبۆڵ گوێبیستی نیت . زنجیرە درامە تورکیەکان کۆنترۆڵی تەلەفزیۆنە کوردییەکانیان کردوە و تەنانەت زۆرێک لە خەڵکی ئەم شارە لە رێگای کەناڵە تورکیەکانەوە تەماشای ئەو زنجیرە تورکیانە دەکەن .ئەمەش وایکردوە کە زۆرێک لە خەڵکی شاری هەولێر شارەزاییەکی باشیان لە زمانی تورکی هەبێت،بۆیە ئەو ناوەندە دەنوسێت ئێمەی تورک لە شارێک بین کە لەناو بازاڕەکان گوبیستی گۆرانی تورکی بین و لەتەلەفزیۆنەکان تەماشای درامای تورکی بکەین و لەکافێکانیش هەر بە تورکی داوای قاوەیەک بکەین،بۆچی هەست بکەین کە لەوڵاتێکی بێگانەین ؟ بەکورتی هەولێر تورکیایەکی بچوکە !

بەڵام هەروەکو ناوەندی رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژەکان ئاماژەی بۆ دەکات،بەهۆی کۆنترۆڵ کردنی شەقامەکانی هەولیر لەلایەن لیستی دەسەڵاتەوە و بەکارهێنانی راگەیاندنێکی قەبە بۆ هەڵمەتەکانی بانگەشەکردن وایکرد لەو شارەدا ( لیستی کوردستانی ) هەردوو پارت دەسەڵاتدار براوەبن لە هەڵبژاردنەکان .هەر لەم رووەشەوە ئەم ناوەندە ئاماژە بە لێدوانێکی کەسی یەکەمی لیستی گۆڕان ( نەوشیروان مستەفا ) دەکات کەلەمیانەی دیدارێکیان لەگەڵیدا لەدوای هەڵبژاردنەکان پێیراگەیاندبوون ( یەکێک لە هۆکارەکانی دۆڕاندنی لیستەکەی لە شاری هەولێر،رێگری کردن بوو لە بانگەشەی لیستەکەیان لەم شارەدا کەئەمەش وایکرد بێهێز دەربکەون )

هەرچی بەشی دووەمی راپۆرتەکەی ناوەندی رۆژهەڵاتی ناوەراستە بۆلێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان ( orsam )ئەوا سەبارەت بە کەش و هەوای سیاسی بەر لە هەڵبژاردنەکان و ئەنجام و هۆکاری ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە لەشاری سلێمانی،جگە لەمەش ئەم ناوەندە باس لە دابەشبونی سیاسی ئەم شارە دەکات کە بەپێی نوسینی ئەو دەزگایە سلێمانی بەسەر بزووتنەوەی گۆڕان و (PUK) دابەشبوە .

ئەم ناوەندە دەنوسێت کە زۆربەی خەڵکی ئەم شارە ناڕازین لە ئەدای هەردوو پارتی دەسەڵاتداری ( puk ) و ( pdk) لە حکومەت و گەندەڵی و بەرتیل خۆری لە دەزگاکانی ولاتدا .هەر بۆیە ئەم دوو پارتەی دەسەڵاتدار لەم هەڵبژاردنەی ٢٥ی تەمووز دۆڕان لەبەرامبەر هێزی ئۆپۆزسیۆن لە سلێمانی .

بەڵام ئەم ناوەندە ئاماژە بەزۆرە لێدوانی زۆر سەیری بەرپرسانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەدات کە نامۆیە بەراگەیاندنە کوردییەکان،ئەویش ئەوەیە کە دەنوسێت ( زۆرێک لە بەرپرسانی (PUK) بەجۆرێک لەجۆرەکان خۆشحاڵن بەبردنەوەی رێژەیەکی زۆری دەنگەکان لەلایەن لیستی گۆڕانەوە لەم هەڵبژاردنەی دوایی،چونکە زۆربەیان پێیانوایە لەهەر بارگرژییەک یان جیابونەوەیەک لەلیستی کوردستانی ئەوا لیستی گۆڕان لەبەرامبەر پارتەکەی بارزانی ( pdk) پاڵپشتی پارتەکەی تاڵەبانی دەکەن کە (PUK) یە لە بڕیارەکان لەناو پەرلەمان،یان زۆرێک لەبەرپرسان پێیان وایە کە تاوەکو ئیستاش گۆڕان لەوان نزیکترن نەک ( pdk) .

لەکۆتایی بەشی دوومی راپۆرتەکەیاندا ناوەندی رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان ( orsam ) پێیوایە کە بەهۆی سەرهەڵدانی هێزی سێیەم لەم هەڵبژاردنەی دوای لە هەرێمی کوردستان،کاریگەری لەسەر باشترکردنی ئەدای حکومەت وبەرەوپێس بردنی پرۆژە خزمەتگوزاری و ئاوەدانکارییەکان دەبێت و ئەوەش دەخاتە روو کە هەنگاوەکانی ئەم دواییەی حکومەتی تورکیا بەرەو چارەسەرکردنی کێشەی کورد بەرێگایەی دیموکراسیانە کاریگەریەکی ئەرێنی دیاری بەسەر هەڵوێستی نەک تەنها بەرپرسانی سیاسی،بەڵکو خەڵکی شەقامی هەرێمی کوردستانیشەوە هەبووە .

 

سەرچاوەکان:

–         رۆژنامەی تودەی زەمانی تورکی

–         ماڵپەڕی تایبەتی ناوەندی رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان ( orsam )

تێبینی _ ئەم ووتارە لە هەفتەنامەی ( ئاشتینامە ) ژمارە ( ٤٦ ) لەبەرواری ١-٩-٢٠٠٩ بلاوبۆتەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.