تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی، تیرۆری دەنگی ئازادە!

ئێوارەی پێنجشەمە ٥-١٢-٢٠١٣ رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی لەماڵەکەی خۆی لە کەلار، بەدەستی چەند چەکدارێک بەبەرچاوی دایک و خانەوادەکەی گوللە باران کرا و گیانی لەدەستدا .kawa_garmyany

لیرەدا وێڕای دووپاتکردنەوەی هاوخه‌میمان بۆ خانه‌واده‌ و هاورێیان و رۆژنامه‌وانان و ئازادیخوازانی کوردستان، خەمی لەدەستدانی گەنج و رۆژنامەنووسێکی تر ئەرکی داهاتووی قورستر کردین و له‌ده‌ستدانی کاوە گەرمیانی که‌لێنێکی گه‌وره‌یە له‌ رۆژنامه‌گه‌ریی ئازاد و دەنگی ئازادیخوازانی کوردستان.
تیرۆری رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی تیرۆری دەنگی ئازادە،  درێژکراوەی ئەو تیرۆرانەیە لەپێناوی بێدەنگکردنی ئازادیدا.  ئێمە لە کاتێکدا ئەم کردەوە تیرۆریستانەیە بەتوندی سەرکۆنەو شەرمەزاردەکەین، لە هەمان کاتدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەبەرپرس دەزانین لە ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە و تەسلیم کردنیان بە داداگا.
تاوانی دڕندانەی تیرۆری کاوە گەرمیانی بەو بێباکی و بەربەریەتە، بە پشتیوانی دۆسیەی تیرۆرەکانی پێشووتر ئەنجامدرا. تێپەڕاندن و  بەئازاد سورانەوەی تیرۆرستان و تاوانبارانی تیرۆری سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە و ئەوانیتر. دەستئاوەڵایەکی دا بە تیرۆرستان بێبەزەییانە دەستیان بچێتە خوێنی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی.
 تیرۆری کاوە گەرمیانی ئاماژەیەکی روونە کە ده‌سه‌لاتی سیاسی به‌رده‌وامه‌ له‌ کوشتن و هەڕەشە و سەرکوت و تۆقاندن و ژێرپێنانی ئازادی دەربڕین و ئارامی و ئاسایشی خەڵکی کوردستان.
داوای ئاشکراکردنی بکوژانی کاوە گەرمیانی و سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ و سه‌رده‌شت عوسمان و کاوە گەرمیانی ده‌که‌ین، کە لەماوەی پێنج ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی بەرنامە بۆدارێژراو یەک لەدوایی یەک تیرۆرکران و تائێستاش بکوژانیان ئاشکرا نەکراون لەکاتێکدا ئەنجامدەرانیان بۆ زۆرێک لەخەڵکی کوردستان ئاشکرا و روونن.
هێرش و تیرۆر و تۆقاندن لە بەرامبەر رۆژنامه‌وانان و خه‌ڵکی نارازی کوردستان ناتوانێ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌به‌رده‌م ناره‌زایی خه‌ڵک ده‌ربهێنێت، رێگای راست و دروست  تەنها داننانه‌ به‌ ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵک و به‌ره‌سمی ناسینیانە. په‌نادانی تاوانباران و بکوژانی رۆژنامه‌وانان ،‌گاڵته‌جارییە به‌ده‌سه‌لاتی دادوه‌ری و دادگا و بانگەشەی ئازادی و دیموکراتی و جێگای قبوڵکردن نیە و لەگەڵ نارەزایەتیەکی قوڵی جەماوەری رووبەروو دەبێتەوە . جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان بە هێزی ڕێکخراوی خۆیان سەرەنجام مافە زەوتکراوەکانی خۆیان وەردەگرنەوە و ئەم جۆرە پەلامارە تیرۆریستیانە نەک هەر خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازان پەک ناخات، بەڵکو فراوانتر و قوڵتری دەکاتەوە.

رێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی
http://www.sardashtosman.com
https://www.facebook.com/groups/sardasht2010/
٦-١٢-٢٠١٣

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.