(رێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی) یان داخستنی هەموو دەرگاکان؟

لەئێستادا خەڵکی کوردستان لە سایەی دەسەڵاتێکی شکستخواردوو و بێ باکدا، لەگەڵ دەیان کێشە و گرفت و قەیراندا ڕووبەڕوون و ئەوەشی ناویان لێناوە (حکومەت) شانی لەهەموو بەرپرسیارەتیەک خاڵی کردۆتەوە. خەڵک لەبێ ئوکسجینی گیانلەدەست دەدەن و نەخۆشخانەکان سەرەتاترین پێداویستی پزیشکی تیا نیە. هەزاران کرێکار و کاسبکار بێکار ماونەتەوە و باسێک لە مووچەی فەرمانبەرانیش نیە،لەسەر بچوکترین نارەزایەتی لەشەو و رۆژێکدا سەدان گەنج و لاو دەرفێندرێن و بەدوای زیندانی و زیندانی و سوکایەتی و ئازار و ئەشکەنجەدانی بێڕەحمانە ئازاد دەکرێن. رێک لەم بارودۆخەدا زیاتر لە نیوەی ئەندامانی پەرلەمان لەهەموو پێکهاتە و فراکسیۆنە جۆراوجۆرەکان، بەسەر هەموو ئەمانە باز دەدەن و پرۆژەیەکیان ئامادەکردووە بەناوی ( ریكخستنی میدیای ئەلیکترۆنی ).

 ناوەڕۆک و زۆرێک لە برگەکانی پرۆژە یاساکە کە خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە ئامانج لێی بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و بێدەنگ کردنی خەڵک و سنووردارکردنی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانە. لە نێو قەرەبالغی میدیای زەرد و سەوز و بێڕەنگی ئەمڕۆی کوردستاندا، میدیای ئەلکترۆنی و سۆسیال میدیا تاکە دەروازەی دەربڕینی بیروڕا  و گەیاندنی پەیامی نارەزایەتی خەڵکە لە کێشە و دیاردە ناخۆش و ناشیرینەکانی کۆمەڵگادا. لەکاتێکدا لە پارەی دزراو و داهاتی خەڵک بۆ بەرگری لە دەسەڵاتە شکستخواردووەکەیان دەیان دەزگای گەورەی میدیاییان دامەزراندووە و رۆژانە یاری بەهەست و نەستی خەڵک دەکەن،بەڵام ئەکاوەنتی تایبەتی کەسەکان بە زۆر دەبینن بۆ نووسین و بڵاوکردنەوە. ئەمە تەنها لە مێژووی رژێم و دەسەڵاتە هەرە دکتاتۆر و ستەمکار و گەندەڵەکانی دنیا جێگای دەبێتەوە.

هەر پارت و رێکخراوێکی سیاسی،دامودەزگایەکی راگەیاندن و پارێزەران و یاساناسان و رۆژنامەنوسان و نوسەران و هونەرمەندان و مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان،دەبێت لە ڕاستایی ئەو پرۆژە یاسایەدا نارەزایەتیەکانیان فراوانتر بکەن و پرۆژە یاساکە بکێشرێتەوە. ئێمە لەرێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لەئازادی،لەبەرامبەر هەر هەوڵێکی لەم شێوەیە دەوەستینەوە و هەموو هەوڵیکی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی لەوە زیاتر دەسەڵاتی ئەمنی و پۆلیسی دەستکراوە نەبن لە بێدەنگگکردنی خەڵکی ناڕازی کوردستان و یاسا و دەسەڵاتی قەزائیش لەوە زیاتر هەیمەنەی نەکەوێتە ژێر پرسیارەوە .

بژی ئازادی ڕادەربرین و دەنگی ئازاد

رێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی

١٧\٨\٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.