بەشێک لەکورتە شیعرەکانی رۆژنامەنوس( سەردەشت عوسمان)

هێندە سەیرى کتێبم کرد

تا چاوانم لەنێو دوو دێر جێما

چەندین ساڵە تۆ چاوى من دەخوێنیەوە

کەچى هێشتا نازانى من کێمە

***                 ***                 ***

لەدەیان ژوورى زانکۆدا

ژوورێ نیە لەوانەبێ تیا دانیشى

تۆش لەم کورسى بۆ ئەم کورسى هەر ڕادەکەى

هێندە بۆ وانەیێ بە پەرۆشى

***                 ***                 ***

گەر ئەمجارە ژوور نەبوو تیا دانیشى

هێدى هێدى تۆ وەرە لام بە پیاسە

من لەدڵما دوو ژوور هەیە

یەکێ بۆ تۆ ئەویتریش بۆ هەناسە

 

***                 ***                 ***

بڕواناکەم بەو فرمێسکانەى لە چاوانت رژاوە

بەو دڵۆپە ووردیلانەى بەسەر روومەتت پژاوە

واهەست دەکەم روومەتت پەڕەى گوڵ بێت

ئەم دڵۆپانەش خوناوە

 

***               ***           ***

سەفەر…!

بۆ ئەو کچەى لەشەوێکا یەکمان ناسى

لەرۆژێکدا یەکمان وون کرد

لە پایزدا رواندمى

لەبەهاردا رۆحمى وشکى کرد

 

***                 ***                 ***

لە زەوییەوە ماڵئاوایى کرد

من لە ئاسمان چاوەرێیم

ئەو نیشتیمانیشى جێهێشت

کەچى من هەر چاوەرێیم

***             ***             ***

لە خەمى رەش بەجێیهێشتم

لە هیواى رۆشن بۆتە وێڵم

لە نیشتیمانەوە سەفەرى کرد

من غەریبى بۆتە کێلم

 

***             ***             ***

چاو شارکێ…!

ئەزیزەکەم..

لەم مەملەکەتەى ئێمە

مناڵەکان یارى چاوشارکێ دەزانن

ئەم یارییەمان زۆر کردووە

هەست دەکەم هەر لەم یارییەوەیە

هەستى وون بونمان چەشتوە

 

***                 ***                 ***

لەو کاتەوەى کچە هاوسێکەم خۆى وون دەکرد

ووردە ووردە بەدواییدا دەگەڕام

کە دەمزانى نایدۆزمەوە

هاوارمدەکرد : ئا دەى وەرە تۆ براوەیت

تا گەورە بوم و تۆم ناسى

تۆش خۆت وون کرد و وەکو کچە هاوسێکەم

 

***                 ***                 ***

لەم رۆژەوە هەر بەدرۆ هاواردەکەم

بەڵام هەر دەرناکەوى

گومان دەکەم لە پشتى ئەو هەورە سپیە خۆت حەشار دابێت

زوو خۆت دەرخە

چەند مانگیتر هاوین دادێت

ئەگەر لەگەڵ بەفرا نەتوێیتەوە

لە پایزدا لەگەڵ گەڵاى دارەکان دێیتەوە

 

***                 ***                 ***

ئەفسوس…

هاوین هات و پایز هات و …هات

تۆ دیار نەبوى

دوایى چوار ساڵ ئەقیژێنم

ئا دەى نەورەس وەرە دەرێ تۆ براوەى

بەڵام دیسان تۆ هیچ ناڵێى

دەبێ کێ بێت ئا بەم چەشنە

چاو شارکێى تەمەنى فێر کردووى ؟!

 

***                 ***                 ***

Sms

زۆرجاران بەدەم رێگاوە

بۆ لاى کوچەى شەقامى کەناڵەکەت دێم

ئەڵێم نەبا دڵى بشکێ

تێدەپەڕم پێ بەجەرگى خۆما ئەنێم

بەس ئەمجارە گوێى پێنادەم

لەگۆشەى رۆژنامەکەمدا

دوا ( ئێس ئێم ئێس ) ى تۆ دادەنێم.

 

***                 ***                 ***

 

تێبینی – ئەو کورتە شیعرانە رۆژنامەنوسی جوانەمەرگ خۆی بڵاوی نەکردبویەوە لەبەر هەر هۆیەک بێت کە ئێمە نازانین،تەنها لەسەر دەست نوس دەفتەرەکانی خۆی و هاوڕیکانی نوسیبوی .

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.