بۆ نابێ قەت سەردەشت لەبیر بکەین؟!

هەڵگورد سەمەد:

مەرگی سەردەشت عوسمانی ڕۆژنامەنووس، مەرگێکی ئاسایی نییە. مەرگێکە بەناو مێژوودا شۆڕ دەبێتەوە. ئەو نووسەرەی دەبێتە قوربانیی ڕای ئازاد، ڕۆیشتنی شتێکی ئاسایی و ڕاگوزەر نابێ.
کەسێک کە لەباتی هەمووان دەنووسێ و دەپەیڤێ، دەبێتە بەشێک لە هەمووان. ئاسان ناتوانین نووسەری ئازاد و ئازادیخواز لەخۆمان جودا بکەینەوە و لە دوورڕا لێی بڕوانین. نووسەرێک کە لەباتی ئێمە قسەدەکات، ئەوە ئێمەین قسە دەکەین. بۆیەشە مەرگی ئەو نووسەرە بە هی خۆمان دەزانین.
سەردەشت بەڵینێ بەخۆی و کۆمەڵگەکەشی دابوو کە تا دوا هەناسەی داکۆکی لە مافی گشتی و ئازادی بکا و لەگەڵ بەڵێنەکەشی ڕاستگۆ بوو”تا ئەو شوێنەی ماوین دەبێ قسە بکەین”
سەردەشت تەنیا قسە ناکات، بەڵکو هەوڵی ئازادبوونی تاکەکانی کۆمەڵگە دەدات. بۆیە سەردەشت قسەکانی خەباتی ئازادیی مرۆڤن. هەربۆیە ئەوانی دەیانەوێ کە کۆمەڵگە قەت ئازاد نەبێ و هەمیشە لەژێر ڕکێفی خۆیاندابێ، بەرگەی ئەوە ناگرن سەردەشت لەبەردەمیاندا بێت و بچێت و بەردەوامیش بنووسێت. ئەوان دەسەڵاتدارە دیکتاتۆر و ستەمکارەکانن. ئەو بنەماڵەن کە دەیانەوێ تاک بەتاکی کۆمەڵگە دەستەمۆی ئەوان بێ و بە حەز و ئاماژەی ئەوان جوڵە بکات و بئاخفێ.
بێگومان ئەو دەسەڵاتدارانە سەرئەنجامیان لەناوچوونە. سەردەشتیش خۆی و پەیامەکەی بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە و دەدرەوشێنەوە.
لەبیرکردنی سەردەشت واتە ملکەچ کردن بۆ ستەمکاری و نادادی و دیکتاتۆریی، بۆیە نابێ هەرگیز سەردەشت لەبیر بکەین.

Leave A Reply

Your email address will not be published.