کتێبەکانی سەردەشت عوسمان ..!

باڵا دەروێش:

ساڵی پار بەرگی یەکەم کتێبەکەی شەهید سەردەشتم دەست کەوت و بە خوێندنەوەی شاد بووم، چاوەڕێ بووم ئەم ساڵیش بەرگی دووەمی کتێبەکەی سەردەشت عوسمان بە دەستم بگات بەڵام نەمزانی فۆبیای سەردەشت هێندە زیادی کردووە لە دڵی بکوژانیدا کە لە کتێبەکانیشی دەترسن و ناهێڵن بڵاوبێتەوە و بگاتە دەست خوێنەرانی هەر وەک چۆن بە هەموو شێوەیەک ڕێگربوون لە دانانی پەیکەرەکەی لە شاری هەولێردا،لەگەڵ ئەوەی هێشتا بەتەواوەتی کتێبەکە بڵاونەبۆتەوەو ڕێگرن لە بەردەمیدا بەڵام بە خۆش حاڵییەوە ئێستا من لەبەردەستمدایە و دێڕ بەدێڕ وشە بە وشەی ووتارەکانی شەهید سەردەشت لە دڵمدا دەپارێزم.

بە بڕاوی من ئەم کتێبە دەبێت ڕۆژێک بێت بکرێتە وانەی خوێندن و نەوەکانی داهاتووی پێ ئاشنا بکرێت کە لەژێر چ زوڵم و ستەمێکداین و دەسەڵاتێکی بێ ڕەحم ڕێگە لە خەیاڵی فەنتازییانەی گەنجەکانمان دەگرن و بە گولەی ناودەم وەڵاممان دەدەنەوەو هەوڵی بێ دەنگ کردنمان دەدەن. دەبێت هەوڵبدەین ئەم کتێبە بڵاوبکەینەوە بەناو تاک بە تاکی کورددا بۆ ئەوەی لە ئامانجی شەهیدانی قەڵەم بگەن و بکوژانیان بە دنیا بناسێنین،بڵێین گەنجەکانمان چ ژیانێکی تراژیدیایان هەیەو دەسەڵات وای لێکردوون داوای مەرگێکی تراژیدیاش بکەن و کەسەرنجام شەهید سەردەشت ئاواتی بەو مردنە خواست و بە تراژیدیانەترین و دڕندانەترین شێوە تیرۆریان کرد، هەر تەنها بەوەندەشەوە نەوەستان دەستیانکرد بە ئازاردانی هاوڕێکانی و ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی کتێبەکەشی و ئەوەندەش بەس نەبوو هەستان بە شکانی کێلەکەی شەهید سەردەشت، تارمای سەردەشت وای لێکردوون لە گۆڕەکەشی بترسن وەک مەریوان وریا قانع دەڵێت ئەوان بە شکاندنی کێلی گۆڕەکەی نیشانیاندا لەوە تێگەیشتوون هەندێک مرۆڤ لە دوای مردنیشیان ڕۆژانە بە شێوازی تازە لە دایک دەبنەوە،
ئەم کتێبە تەنها دەنگ و وشەی سەردەشتی لە خۆ نەگرتووە بەڵکو پێکهاتووە لە هاوار و ناڵەی هەزاران لەو گەنجانەی دوای سەردەشت هاتنە گۆ، ئەم کتێبە پێمان دەڵێت کە گەنجەکانمان و نەوەی داهاتوو چۆن درکیان بە دەسەڵاتێکی کۆن و عەشایەری و خێڵەکی کردوو هەر زوو یاخی بوون لە دەسەڵاتەکەیان بەڵام سەرەنجام بە مەرگی خۆیان وەڵامیان درایەوەو سۆران و ویداد و سەردەشت و چەندانی تریان شەهید کرد، بکوژانیشیان بە ئازادی و لەوپەڕی پلەو دەسەڵاتدا دەژین و هەرجارەو بیانویەک و چیرۆکێکی ناڕاست بۆ تیرۆرکردنیان دەهۆننەوە، تیرۆری سەردەشت پێمان دەڵێت دیموکراسییەت و یاسا لەم وڵاتەدا جگە لە دۆیەکی زەبەلاح هیچی دیکە نییە،هەروەها لەم کتێبەدا گەندەڵی ناو دادگاکانی کوردستانمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە بە ڕۆژی ڕووناک درۆی گەورەی تێدا دەکرێت و ئەو دادگایەی لە دۆسیەی تیرۆری ڕۆژنامەنووساندا تفی کردە نێوچەوانی داد و سوکایەتی بە دادوەری و دادگاش کرد، ئەو دادگایەی دەبوو تۆڵەی ڕۆڵە خوێنگەرمەکەی دایکە جەرگ بڕاوەکەی سەردەشت بکاتەوە بەڵام بە تیرۆر کردنی کاوە (گەرمیانی) و دواتر (ویداد حسێن) دووبارە خوێیان کردەوە بەدڵی برینداری خانەوادەی شەهیدانی قەڵەم.

ئەم کتێبە پێمان دەڵێت سەردەشت چەند وردبینانە درکی بە تاوان و گەندەڵی وناعەدالەتییەکانی ناو حکومەتی کوردی کردووە بە؟تەواوی لایەنەکانەوە لە ڕێگەی ئەم پەرتووکەوە ئەو هەڵە تێگەیشتنە ڕاست دەکاتەوە بۆ تاکی کورد کەپێیان وایە سەردەشت تەنها وتارێکی دژی پارتی هەبوو بەناوی(ئاشقی کچەکەی بارزانیم) بەڵام نەخێر تەنها ئەوە نەبوو بەڵکو چەندین وتار و لێدوانی تری هەبوو دژی خراپەکارییەکانی یەکێتی و هەڵوێستی هەبووە لەهەمبەر تەواوی گەندەڵییەکاندا بێ جیاوازی ڕەخنەی لە هەموو پارت و لایەنەکان گرتووە،لەو پێناوەشدا بەنرخترین شتی خۆی بەخشی کەگیانی بوو.
بەشێکی تر لە گرنگی ئەم کتێبە دەگەڕێتەوە بۆ هۆنراوە وچەندین وتاری دیکەی نووسەران دەربارەی شەهید سەردەشت وەک(بەختیار عەلی،مەریوان وریا قانع،عەلی کەریمی،عتا محمد،خالید ڕەشید)و چەندانی نووسەر و گەنجی تر بە قەڵەمەکانیان پەیامی سەردەشتیان نوسیوەتەوە. بۆیە لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە بە دەسەڵات دەڵێین نەک نەیانتوانی پەیامەکەی سەردەشت و هاوەڵانی بوەستێنن بەڵکو شەهیدانیان کردەخۆشەویستی تەواوی خەڵک و چەندین گەنجیان بە پەیامەکەیان ئاشنا کرد و شەهیدانی قەڵەم وەک پێشمەرگە و شەرڤانان بوونە ڕەمزی بەرخودان و قوربانی لە پێناو ڕێگای ئازادیدا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.