سەردەشت و دوعا و وەگەڕکەوتنی جەماوەر

چۆمان هەردی:

لەم دە- دوانزدە رۆژەی رابردوودا،دەنگی نارەزایەتی جەماوەر سەبارەت بە کوشتنی رۆژنامەنووسی گەنج سەردەشت عوسمان لە سەکۆ جیاکانەوە گەیشتە گوێمان ،هەم لەریگای خۆپیشاندانەوە هەم لەرێگای نووسین لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا و موداخەلە لە بەرنامە تەلەفزیۆنەکاندا،خەڵکی کوردستان رایانگەیاند کە کوشتنی ئەم گەنجە تووشی دڵەراوکێ و توڕەیەکی زۆری کردوون و لەم تاوانە بێدەنگ نابن .

ڕەنگە هەندێ کەس بپرسن ئاخۆ بۆچی کوشتنی سەردەشت بوە مایەی کاردانەوەیەکی ئاوا بەربڵاو ؟ ئەمە لەکاتێکدا کە دەستدرێژی تر بۆسەر حورمەت و جەستەی رۆژنامەنووسان و تەنانەت کوشتنیشیان نەبۆتە مایەی ئەو جۆرە بزواندنەی خەڵک.

بەبروای من هەندێک لێکچوون هەیە لەنێوان ئەو کارەساتە و کارەساتی کوشتنی دوعادا. هەردووی ئەو تاوانانە لەلایەن کۆمەڵگای کوردی دەرەوە و ناوەوەی وڵاتەوە بەتوندی ئیدانەکران. پێشتر زۆر کچ و ژنیتربەبیانوی جواز و نارەواوە کوژرابوون ،بەڵام ئەوەی کوشتنی دڕندانەی دوعای حەڤدە ساڵ بوو کە بوە مایەی تورەیی و وەگەڕکەوتنی چینە جیا جیاکانی کۆمەڵ تا ئیدانەی ئەم جۆرە کوشتنە بکەن .بەهەمان شێوە ئەوە مەرگی سەردەشت بوو،نەک ئەو گەنجانەی تر کەبەهەمان کۆکار ئازاردران و کوژران .سەرەنجام خەڵکی لەماڵەکانیان هێنایە دەرێ و خستنیە سەر شەقام ە هێناینە قسە.

لەلایەکیترەوە هەردووی ئەو تاوانانە بەشێوەیەک لە شێوەکان فەشەلی دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیسی ئەم ولاتەمان نیشاندەدەن لە پاراستنی ژیانی تاکە کەسدا ،لەساتەوەختی کوشتنی دوعادا هەندێ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوچەکە ئامادە بوون،بەهەمان شێوەشدا لە ساتی گرتنی سەردەشتدا پاسەوانەکانی زانکۆ بینەرێکی بێلایەن بوون و دواتر ١١ بازگەی نێوان هەولێر و موسڵ نەیانتوانی پرۆسەی رفاندن و کوشتنی ئەو گەنجە رابگرن .

گویزانەی سەردەشت بۆ موسڵ بە دیلیی بوبێت یان بەمردوویی،ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەو بازگانە بەپێی پێویست نەیانتوانیوە پرس و پشکنینی خۆیان ئەنجام بدەن و بەرلەم تاوانە بگرن،یان ئەوەتا کەلێنێک یان ڕێڕەوێکی تاریک و نهێنی هەیە کە تاوانباران بەکاریانهێناوە و لێوەی دەرباز بوون .

هەروەها هەردووی ئەو تاوانە سۆزی خەڵکیان بزواند لەبەر ئەوەی دوعا فیلمی کوشتنەکەی بلاوبویەوە و سەردەشتیش نووسینەکانی،بەتاینەتی ( یەکەمین زەنگی کوشتنم لێیدا ) .واتە ئەو هەواڵانە هەواڵی کوشتنی کەسیکیتری بێ دەموچاو وبێ چیڕۆک و بێ ناو نەبوون،بەڵکو چیرۆکی غەمگینی دوو گەنجی نائومێد بوون کە هەردووکیان نارازی بوون لە واقعی کۆمەڵگاکەی خۆیان و هەریەکەیان بەشێوازی خۆی ویستبوی ئەم واقعە نالەبارە بگۆڕێت و هەردووکیشیان بەبەرچاوی خۆمانەوە گەلەکۆمەکیان لێکرا و کوژران .

لەئیستا بەدواوە ئەم دوو گەنجە ،بەبۆنەی تەمەنی کورت و چیرۆکی ژیان و شیوازی کوشتنیانەوە شوێنگەیەکی رەمزی گرینگ لەخەیاڵی ئێمەدا داگیر دەکەن .رەنگە مەرگی ئەو دوو مرۆڤە جوانە مەرگی پاکی و جوانی و ووزەو هەوڵی گۆرانکاری بێت،ئەم کارەساتانە جارێکیتر بیرمان دێننەوە کە ئێمە لەکۆمەڵگایەکدا دەژین کە ناعەدالەتی تێدا روودەدات .ئەوەی مایەی خۆشبەختیە ئەوەیە کە مرۆڤی کورد لە گەورەیی و ترسناکی ئەم رووداوانە تێدەگات و لییان بێدەنگ نابیت .

ئەوە جێی ئومیدە کە مرۆڤەکان بەتەواوی سڕ نەبوون و سەریان شۆر نەکردەوە و ئامادەنین ناعەدالەتی لەم جۆرە قبوڵ بکەن .ئێمە نابیت بەلەدەستدانی جوانی و پاکیەکانی دەوروبەرمان بێدەنگ بین،بانیت مل بۆ واقیع بدەین و دەست لەگۆرانکاری بشۆین،تا ئەو کاتەی مانگرتنەکان و نارەزایەتی دەربڕینەکان و هاتنە سەر شەقامەکان بەشێوەیەکی شارستانی بێ توندوتیژی بەڕێوەبچین جێگەی هیوان .ئێمە سەردەشت و دوعامان لەدەستچوو،بەڵام نابیت رێگە بدەین مرۆڤی جوانی ترمان لەدەست بچیت .

ئەم ووتارە لە ژمارە ( ٢٢٤) ی رۆژنامەی ئاوێنە لە ١٨\٥\٢٠١٠ ، بڵاوکراوەتەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.