کۆدی تیرۆرکردنی ( سەردەشت عوسمان)

کاوە محمد:

تیرۆرکردنی خوێندکار و رۆژنامەنووسی جوانەمەرگ سەردەشت عوسمان لەهەولێری پایتەخت و دواتریش تیرۆرکردنی خوێنکارێکی تەمەن ١٦ ساڵە لە بنەماڵەی چوێسە لەشاری سلێمانی،کە هەریەکەیان بە رفاندن دەستیان پێکردو ئەو دوو قوربانیە گەنجەی لێکەوتەوە،زەنگێکی مەترسیدارە بۆ بوونی درز و کەلێنی بەرچاو لە دامەزراوەیی ئەمنی هەرێمی کوردستان .

ئەم دوو رووداوە دڵتەزێنە،چەند رووداوێکی دیکەشی هێنایەوە یادمان کە ئەمە چەندەمین رووداوی یەک لەدوای یەکن و هەڕەشی جدیان خستۆتە سەر گیانی هاوڵاتیان و ئازادی رادەربرین لەکوردستان ،پێشوتریش تیرۆرکردنی هەریەک لە ( د.عبدلستار تاهیر و سۆرانی مامە حەمە )چەند رووداوێکی کوشتن و پەلاماردان لەکەمپەینی هەڵبژاردنی(٧\٣)دا،تەقینەوەکانی ئەم دواییانەی هەولێر و هەوڵی رفاندنی بازرگانانی سلێمانی،پێشینەی ئەو زنجیرە هەڕەشانە پێکدێنن و ژیان و ئازادی هەموو تاکێکی کۆمەڵگاکەمان دەخاتە سەر لەپی عفریتەوە .بۆیە پێموایە لە حاڵەتی پچڕ پچڕ دەرچوە و بۆتە دیاردە و چیتر بەرگەی خاوە خاوو و لێژنە و لیژنەکاریی و بەیاننامەی ئیدانەکاری ناگرێ،چونکە ئەمە بەڕاستی تاقیکردنەوەیەکی سەختە بۆ دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و خستویەتیە بەردەم دوو ریانێکەوە کە یان دەبێ کۆدی تیرۆرکردنی ( سەردەشت عوسمان ) بدۆزرێتەوە و وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنیە پەیوەندیدارەکان خۆیان لەسەر گەیشتنە ئەنجامیکی یەکلاکەرەوە و دۆزینەوەی تاوانباران ساغ بکەنەوە و واز لەم کەیس و کەیسەکانی پێشووتر نەهێنن تا وەڵامێکی ئەم پرسیارە رەوایانە دەدەنەوە کە لەلایەن خەڵک و میدیاوە لە دەزگا دەسەڵاتدارەکان دەکرێت ،یانیش ئەو کەیسانەی دواییش بە دەردی کەیسەکانی پێشوو ببرێ و بێ ئەنجام بمێننەوە،ئیتر ئیرادەی تیرۆرستان و دەستە شاراوەکانی پشتیان ( لەناوەخۆبن یان دەرەوە )بەسەر دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و ئیرادەی ئازادی و ئاشتیخوازانەی خەڵکدا سەرکەوی و تەواوی پرۆسەی سیاسی هەرێم ،کە ئاسایش و ئارامیەکەی خاڵی هەرە درەوشاوەی شانازیکردنمان بووە،ناشیرین و لەکەدار بکات .

کەم کەس هەیە لەگەڵ ئەم رایە ناکۆک بیت کە گەیشتن بە سەرەنجامێکی ئەم کەیسانە و دۆزینەوەی تاوانباران لە توانای دەزگا ئەمنیەکانی کوردستان عاسێ نییە و وەک چۆن پێشتر توانیویانە ووردترین پلانی دوژمنکارانە لە دوورترین شاری عێراقەوە ئاشکرا بکەن و هەر لەسەرەتاکەیدا پوچەڵی بکەنەوە،چەندین باندی تیرۆر لەناو مۆڵگەکانی خۆیان بدۆزنەوە و تیرۆرستان دەستگیر بکەن کە هەندێکیان هێزە ئەمنی و سەربازیەکانی ئەمەریکا و عێراق زەفەریان پێ نەبردوون.ئیتر چۆن ئەو پرسیار و چاوەروانیە لای خەڵک دوورست نابیت و بەردەوام ناگوترێتەوە کە بۆچی دەزگا ئەمنیەکانی هەرێم لەهەندێ کەیسی زۆر ئاڵۆز و دوورە دەستدا ،دەستەکانی تا ئەوپەڕی سنوورەکان دریژ دەبیتەوە ،بەڵام لەهەندێ کەیسدا لە ناوجەرگەی پایتەخت و شارەکانی هەریمی کوردستاندا و لەبن باڵی خدی دامەزراوە ئەمنیەکاندا روودەدەن،کەچی دەستی ئەم دەزگایانە لەم کەیسانەدا بەقەدەر دەستەکانی کەروێشک کورت دەبنەوە و کاردانەوەکان سنوری پێکهێنانی لیژنە و دەرکردنی چەند بەییانامەیەک تێناپەڕێنن ؟!

پرسیارێکە جارەنوسی ڕەوشی ئەمنی هەریمی کوردستان و پانتایەکانی ئازادی رادەربڕینی پێوە بەندە و مانەوەی بەبێ وەڵام هیچ لایەن و کەسیکی هەرێم لە هەڕەشەکانی ئایندە ناپارێزێ .

١١\٥\٢٠١٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.