“سورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بكوژانی سەردەشت‌و ئه‌وانه‌ی له‌پشت تیرۆر كردنه‌کەوه‌ین ئاشكرا‌و دادگایی بكرێن”
شه‌ممه‌ی داهاتو 5/5، هه‌شت ساڵ به‌سه‌ر تیرۆر كردنی شه‌هید “سه‌رده‌شت عوسمان”دا تێده‌په‌ڕێت، به‌شداری برای ده‌ڵێت “وه‌زیری رۆژشنبیری پێیڕاگه‌یاندوین نابێت له‌ناو هه‌ولێردا یادی سه‌رده‌شت بكرێته‌وه، به‌ڵام ئێمه سورین له‌سه‌ر بەرزڕاگرتنی ئەو یادە”.
ئا: ئاوێنە
به‌شدار عوسمان، برای شه‌هید سه‌رده‌شت، به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند “ئێمه له‌هه‌شته‌مین ساڵڕۆژی تیرۆركردنی شه‌هید سه‌رده‌شت عوسماندا، سورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێت بكوژانی رۆڵه‌كه‌مان‌و ئه‌وانه‌ی له‌پشت تیرۆر كردنه‌کەوه‌ین ئاشكرا‌و دادگایی بكرێن”.
ناوبراو ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ئه‌وان یه‌ك تۆزقاڵ له‌مافی خۆیان خۆش نابن‌و هه‌مان خواست دوباره ده‌كه‌نه‌وه كه ده‌بێت بكوژانی راسته‌قینه‌ی سه‌رده‌شت ئاشكرا بكرێن، ئه‌و وتی “هیچ هێزێك له‌و مافه سه‌ره‌تاییه‌ی خۆمان پاشگه‌زمان ناكاته‌وه”.
وتیشی “به‌داخه‌وه له‌كه‌یسی تیرۆری سه‌رده‌شتدا هه‌ر به‌كوشتنی فیزیكی‌و گولله‌نان به‌ده‌می سه‌رده‌شتدا كۆتایی پێنه‌هات، به‌ڵكو هه‌مو ده‌زگا ئه‌منی‌و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له‌م وڵات‌و شاره‌دا خرانه خزمه‌تی دیزه به‌ده‌رخۆنه كردن‌و ونكردنی بكوژانی راسته‌قینه‌ی سه‌رده‌شت، ئه‌گینا زۆر به‌ڕونی‌و ئاشكرایی‌و زۆر به‌ئاسانی ده‌توانرا بكوژانی راسته‌قینه‌ی سه‌رده‌شت ئاشكرا‌و دادگایی بكرێن، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی ئه‌منی‌و دادوه‌ری دیزه به‌ده‌رخۆنه‌ی بكوژانی ره‌سته‌قینه‌ی سه‌رده‌شتیان كرد له‌به‌رچاوی ئێمه‌و خه‌ڵكی كوردستان”.
به‌شدار جه‌غت له‌وه ده‌كات ئه‌و لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی كه بارزانی پێكیهێنابو له‌دادگاكانی كوردستان ئیشی له‌سه‌ر كرا، كه‌س باوه‌ڕی بەئەنجامەکەی نه‌كرد‌و نه‌چوه عه‌قڵی هیچ كه‌سێكی به‌ئاگاو هۆشیاره‌وه، ئه‌و وتی “بۆیه ئێمه ئێستاش‌و ئه‌وساش ره‌تیده‌كه‌ینه‌وه‌و داوای لیژنه‌یه‌كی بێلایه‌ن‌و سه‌ربه‌خۆ ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بۆ بكوژانی راسته‌قینه‌ی شه‌هید سه‌رده‌شت ئاشكرا‌و دادگایی بكرێن”.
وتیشی “تا 5ی 5ی 2010 سه‌رده‌شت كوڕی ئێمه بو، به‌ڵام ئێستا‌و دوای ئه‌و به‌رواره كوڕی سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستان‌و رۆژنامه‌نوسان‌و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن‌و هه‌مو ئه‌و كه‌سانه‌ن به‌رگری له‌ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری ده‌كه‌ن، بۆیه ئێمه ئه‌و كه‌یسه‌مان هه‌ر به‌كراوه‌یی هێشتوه‌ته‌وه‌و داومانه‌ته كۆمه‌ڵگه‌و ئازادیخوازان‌و رۆژنامه‌نوسان”.
به‌شدار ئه‌وه رونده‌كاته‌وه ئه‌و كه‌سه‌ی تۆمه‌تبار بو به‌گواستنه‌وه‌ی سه‌رده‌شت له‌هه‌ولێره‌وه بۆ موسڵ، كه ناوی هشام مه‌حمود بوه‌و كاتی خۆی هێناویانه‌ته سه‌ر ته‌له‌فزیۆن، دوای ئه‌وه‌ی له‌داگایه‌كی داخراودا حوكمدرا له‌هه‌ولێر، بێبه‌ری بونی خۆی له‌هه‌مو شتێك راگه‌یاندوه‌و وتویه‌تی من ئاگاداری ئه‌و كه‌یسه نیم‌و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیشم بەو كه‌یسه‌وه نه‌بوه‌و سه‌رده‌شتم نه‌ناسیوه، به‌شدار وتی “ئێستا نازانین هیشام مه‌حمودیان ئازاد كردوه یان نا، هیچ هه‌واڵێكمان ده‌رباره‌ی نییه”.
وتیشی “دوای هه‌شت ساڵ كه‌یسی سه‌رده‌شت لای ئێمه كراوه‌یه‌و به‌كراوه‌یی ده‌یهێڵینه‌وه تا بكوژانی سه‌رده‌شت‌و ئه‌وانه‌ی له‌پشت تیرۆركردنیه‌وه‌ن ئاشكرا‌و دادگایی ده‌كرێن”
به‌شدار ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبونی هه‌شت ساڵ به‌سه‌ر تیرۆر كردنی شه‌هید سه‌رده‌شت عوسماندا، رۆژی شه‌ممه 5/5 له‌سوید، به‌ریتانیا، ئوستورالیا، هه‌روه‌ها له‌هه‌ولێر‌و سلێمانی‌و دهۆك‌و كه‌لار‌و كه‌ركوك یادی شه‌هید سه‌رده‌شت به‌رز راده‌گیرێت‌و له‌رێوره‌سمێكدا به‌رگی دوه‌می كتێبی شه‌هید سه‌رده‌شت عوسمان بڵاوده‌كرێته‌وه، ئه‌و وتی “به‌داخه‌وه ده‌مانویست بۆ یادكردنه‌وه‌ی هۆڵێك بگرین له‌هه‌ولێر، به‌ڵام وه‌زیری رۆشنبیری پێیڕاگه‌یاندین نابێت یادی سه‌رده‌شت عوسمان له‌ناو شاری هه‌ولێر بكرێته‌وه‌و نه‌یانهێشت هۆڵ بگیرێت، رێكخه‌رانی یادكردنه‌وه‌كه وتویانه ئه‌گه‌ر هۆڵمان نه‌ده‌نێ ده‌چینه به‌رده‌م پاركی شانه‌ده‌ر یادی سه‌رده‌شت ده‌كه‌ینه‌وه، به‌ڵام وتویانه رێگه‌تان پێناده‌ین”.
وتیشی “ئێمه سورین له‌سه‌ر یادکردنه‌وه‌ی تیرۆر كردنی شه‌هید سه‌رده‌شت عوسمان له‌ناو شاری هه‌ولێر‌و هه‌رچۆنێك بێت‌و هه‌رچییه‌ك بێت شه‌ممه‌ی داهاتو له‌هه‌ولێر یادی به‌رز راده‌گرین”.