دیسان یادی عەشق و تیرۆر

كارۆخ عوسمان:

ھەموو ساڵێ لەیادی سەردەشتی نەمردا عاشق دەبم، عاشقی ئەوساتانە ئەبم كە لەو دیو شیشەكانی زیندان چاوی كزو سپی ھەڵگەڕاوی تیرۆریستانی بنەماڵەی بارزانی…
عاشقی دیمەنی ڕۆینی كچێك ئەبم كاتێ بەبێ باوك لەو سەرەوەی سەری ڕەش بە عەبایەكی ڕەشەوە دێتە خوارێ و سەبەتەیەك سێوی ھەڵگرتووە بەرەو زیندان ئەڕوات تا بۆ برا مەحكومەكانی ببات.

ئەمڕۆ دیسان عاشقی ڕاوی كڵاو سورە جێماوەكانی دوای ئاشی بەتاڵ، ٣١ی ئاب و شەنگالی پاكیزەیی و مامەڵە لەعنەتیەكەی ١٦ی ئۆكتۆبەر ئەبم.

ئەم یادە ھەم عاشق و ھەمیش تاسەبارم ئەكا، لەعەشقا تێكەڵ بەزەمەنی بێ جڕوجانەوەرە كەڵبە تیژەكان ئەبم و مژ لەنەفەسی سەربەستی ئەدەم.
لەتاسەشا خوێنی ھەناوم لەچاوی توڕەوە دێتە خوارێ و قەھری تیرۆركردنی سەردەشت سورترو جەربەزەترم ئەكا.

ئەمڕۆ ڕۆژی شەھادەتی سەردەشتەو زەمەنی عەشقی ئێمەیە، عەشقی چاوی كەژاڵێ تا بۆ ئەبەد دونیا ببینێ بەبێ ڕەوە كوللەی دوای میحنەتی مێژووی موغار.
ئەمڕۆ یادی سەردەشتی مەزڵومەو ڕۆژگاری سوڵتەی جەللادەكانە.
بەڵام وا خەریكە سەرەو لێژ ئەكەون ئەو سەرانەی جگە لەسەرسەری ھیچیتریان لەباراندا نیە.

ئەمڕۆ لەیادی ئازادی و شەھادەتی سەردەشتی قەڵەم تیژدا یادی (كاوەی گەرمیان و وەداتی بادینان و سۆرانی بابەگوڕگوڕ) ئەكەمەوە.

دیسان عەشق و تیرۆر زامی جەستەی نیشتمانی كولاندەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.