ئازادی بۆ ڕۆژنامەنوس ئارام بەختیار!

زیاتر لە ١٠ رۆژە ئارام بەختیار پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، به‌بڕیارێکی دادگای لێکۆلینه‌وه‌ی که‌لار ده‌ستگیرکراوه، هەروەها فشارەکانیان زیاتر چرکردۆتەوە بۆسەر بەڕێوەبەرانی دەزگای میدیایی نالیا بۆ دەستهەڵگرتن لە پەیامی میدیاییان.

دەسەڵاتی کوردی بەهەموو شێوەیەک کار لەسەر خنکاندنی دەنگی ئازاد دەکات. هێرش و پەلاماردان بۆسەر رۆژنامەنووسان و مێدیا سەربەخۆکان،هێرش و پەلاماردانێکی بەرنامە بۆ دارێژراوە. ئامانج لێیان بێ دەنگکردیانە لە ئاست تالانکاریی ئاشکرای سەروەت و سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی و ئاسمانی کوردستان، بەتاڵان دەبرێ و دەچێتە سەر خەزێنەی چەند کەسان و چەند بنەماڵەیەکی دەستڕۆیشتوو.

ئەمڕۆ دەبینین لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی ئەواندا،کۆمەڵگای کوردستانی دووچاری کارەساتی برسێتی و نەداریەکی کەمەرشکێن بووە. نەداری موچە، بێکاری، دەرمان و نەداری سەرەتاییترین پێداویستیەکانی ژیان و برسێتی دەستی ناوەتە گەردنی خەڵک. بە سیستەم کۆمەڵگای کوردستانیان نوقم کردووە لە گەندەڵی و تاڵانی و چەواشەکاری و کۆنەپەرستی و سەرکوت و دەمکوت و تیرۆر. لەژێر سایەی ئەم وەزعەدا خەڵکیان موحتاجی نان و قوتوە شیری مناڵ کردووە.

سیستەمی دادوەری لە کوردستاندا ڕەندگدانەوەی هەمان سیستەمی دەساڵاتدارەتیە لە کوردستاندا. دادگاکانی کوردستان شوێنێکە بۆ نمایشکردنی بەرژەوەندی سەپاو بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا. تەنانەت یەکێتی و پارتی بە ئاشکرا لە چەندین بۆنەدا ئەوەیان ڕاگەیاندووە تەنها ئەو دادگایەیان قەبولە کە لە ژێر دەسەڵاتی خۆیاندایە. داداگاکانی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی کوردی کراوەتە ئامرازی سەرکوت، نەک شوێنی گەڕاندنەوەی ماف و داد بۆ هاوڵاتیان.

ئێمە لەرێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی، داوای ئازادی بۆ رۆژنامەنووس ئارام بەختیار دەکەین. گرتن و فشارەەکانی سەر ڕۆژنامەنوسان مه‌حکوم ده‌که‌ین وبه‌ کرده‌وه‌یه‌کی سه‌رکوتگه‌ری ده‌یناسێنین. ئازادی دەربرین و رۆژنامەگەری مافێکی سەرەتایی خەڵکی کوردستانە.

رێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی

www.sardasht-osman.org/ku

2017\6\1

Leave A Reply

Your email address will not be published.