هەرگیز ئەو خوێنە وشک نەبۆتەوە و هێشتاش خوێن بە باڵای بەرزی سەردەشت-دا دادەچۆڕیت و چکەی نەکردووە

شێرزاد حەسەن:

لە حەوتەمین ساڵیادی مەرگەساتی “سەردەشت عوسمان”دا من وەک لە یادمە دوای تیرۆرکردنی یان شەهیدبوونی بە چەند رۆژێکی کەم پەخشانێکم نووسی بە نێوی “خەیاڵێکی خوێناوی”.. ئەوەی ئەو خەمنامەیەی منی خوێندبێتەوە بە دڵ و کوڵ دەزانێت کە من خۆم بە هەمان ئەو خوێنە گەرمەی لە سەردەشت رژاوە.. منیشی ئاودامان لە خوێن گرتووە و هەر خوێنی ئاڵی ئەو زاتە مەرەکەبی من بووە.. هەرگیز ئەو خوێنە وشک نەبۆتەوە و هێشتاش خوێن بە باڵای بەرزی سەردەشت-دا دادەچۆڕیت و چکەی نەکردووە، هەروەک “عیسا -ی مەسیح”یش کە بە تەنیا بەسەر خاچەوە بەجێدەمێنێت.. بەجێماوە، بەڵام گەر دەوترێت “عیسای مەسیح” خۆی لە خاچ نەدراوە، بەڵکو کەسێکی دیکە لە وێنەی ئەم بووەتە قوربانی..یان گوایە لە چیرۆکێکی دیکەدا وا زانراوە کە یەزدان فریای “مەسیح”ەکەی خۆی کەوتووە و بۆ کنە خۆی هەڵکێشاوەتەوە، بە واتا بە هەر بارێکیاندا بووبێت.. ئاسمان فریای فەرزەند و تاقانەکەی خۆی کەوتووە، کەچی سەردەشت -ەکەی ئێمە نە ئاسمان بە فریای کەوتووە و نە زەویش لە باوەشی خۆی شاردییەوە، بگرە وەک مەسیح – یش فریا نەکەوت زار بکاتەوە و بژنەوێت، “خودا هاوار.. هاوارە.. بۆچی بە تەنیا منت بەجێهێشت؟” بگرە تا هەنووکە وا بەسەر خاچەوە، چەندانی دیکەش وەک ئەم لە خاچ دران.. لەوساوە تا هەنووکە ریزێکی در‌ێژ لە قوربانیانی ستەمی سوور و جەرگبڕی کوردانە بە خاچەکانەوە دەلەنگێنەوە، قەلەڕەش و داڵەکەرخۆرەکانیش بە دەوری باڵایاندا دەخولێنەوە.. بەڵام تارمایی سەردەشت وەک تارمایی “هاملێت”ی (شکسپیر) کە بە شەو و رۆژ بەناو “ئەمارەتی دانیمارک”دا دەخولایەوە و دەیچرپاند کە “دانمارک” بۆگەنی کردووە وەک کەلاک، مەرگ جێگەی بە ژیان لەق کردووە، خیانەتکاری لەناو خوێنی خۆیدا خنکاندوویەتی، وای لە شوورەیی کە بەر لەوەی پادشا بمرێت و زوو بۆگەن بکات، کەچی هێشتا نەمردووە وا لە ژیاندایە.. کەچی بۆگەنی کردووە، وای لە مەملەکەتی تاعوون و لە دونیای زێدە خراپ و نارێک و بێدادی، ئەوە چ زەمەنێکە کە من بە تەنیا تێیکەوتووم.. کەچی ناچارم هەر بە تەنیا “دۆن کیخؤتە” ئاسا ڕیکی بخەمەوە و مەملەکەتی پڕ لە گەلەگورگی برسی وتێرنەخۆرە هەر خۆم پاکی بکەمەوە… رێک و راست سەردەشت وەک “هاملێت” بەدەم ناڵە و زەخمی برینەکانی خۆیەوە کە ببوون بە تیراوە و تەشەنە دەکەن و خوێن دەدەڵێنن، وەک کزەی جەرگی سووتاوی پیرە دایکەکەی زریکەی بێ ئامانی خەلیقەت و عەرشی فەلەک دەلەرزێنێت، وەک گڕ و کڵپە و بڵێسەی هەمیشە هەڵایساوی تەننوورەکەی ناو هەناوی باوکی هاوار و هاڵاوی ئاگرپژێنی دەگاتە هەموومان و بە دەم قرخەی خنکانەوە لەژێر کەڵبەی گورگە بۆرەکانەوە دەژنەوێت: هیچ حیكمەتێک لەوەدا نییە پادشا بیت.. وەلی حیکمەت لەوەدایە کە دادپەروەر و پەرێزپاک بیت.. قیژەی هەموومان لە خەو بێدار دەکاتەوە کە دەگرمێنێت: وەلی پادشای سەر تەختی چرووک تۆ وا نیت.. نیت..نیت!

5-5/2017

Leave A Reply

Your email address will not be published.