قسە وباسی جبار مستەفا لە شەشەهەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسماندا لە سیدنی …

sardasht osman-ustraliaقسە وباسی جبار مستەفا لە شەشەهەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسماندا لە سیدنی …

بەرێزان ئێوارەتان باش ….لە شەشەهەمین ساڵڕۆژی تیرۆری سەردەشتدا هاوخەمی خۆم لەگەڵ خێزان و هاوڕێ ودۆستانیدا دوبارە دەکەمەوە و ڕێگام پێیدەن بە ناوی ئێوەوە بەخێزانی سەردشتی ئازیز بڵێم، ئێمە بەشێک لە ئازادیخوازانی کوردستان بەهەموو توانامانەوە لەگەڵتانین بۆ رسواکردنی ئەم تاوانە قێزەوەنە و ئاشکراکردن ودادگاییکردنی تاوانبارانی راستەقینەی .

بەرێزان … وەک زۆرکەس، زۆرجار بەدروست ووتویانە سەردەشت نە یەکم دەنگی ئازادیە کە تیرۆر دەکرێت و نە دوا دەنگیش دەبێت لە سایەی ئەم دەسەڵاتەدا. تیرۆرکردنی سەردەشت وەک دەزانن ئەڵقەیەکە لە زنجیرەتاوانێک کە بە شیوەی سەرەکی هەردوو حزبی سەرەکی پێکهێنەری دەسەڵات بێوەستان ئەنجامیداوە و ئەگەر نەوەستینرین چەند بارەی دەکەنەوە. ئەگەر خەڵکی کوردستان لە تیرۆرکردنی؛ رەئوف ئاکرەیی ، نەزیر عومەر، سۆرانی مامە حەمە ، ستار تاهیر شەریف و…. پەنجەی تاوان بۆ پارتی و دەزگای پاراستن ڕادەکەێشرێت، ئەوا لە تیرۆرکردنی بەکر عەلی شاعیر و رابەری ئاوارەکانی حامیەی سلێمانی ، تیرۆرکردنی بە کۆمەڵی محمد حەڵاق و هاۆڕیکانی لە کۆیە، تیرۆرکردنی بە کۆمەڵی هاورێانی حزبی کۆمۆنیست کرێکاری عیراق لە سلێمانی ، تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی …. دەست تاوان دەخەنە سەر یەکیتی نیشتمانی و دەزگا سەرکوتگەرەکانی.
بەدەر لە هەر بۆچونێکی ئایدۆلۆجی و شیکردنەوەیەکی فیکری ، تەنیا بە تاقیکردنەوەی زیندوی خەڵکی کوردستان لە ماوەی ئەم ٢٥ ساڵەی دەسەڵاتی ئەمدوو حزبەدا ئەو ڕاستیە وەک رۆژی روناک دیارە کە، ئەمدوو حزبە وەک دوو باڵی بزوتنەوەی سەرمایەدارانی کوردستان ، سەرباری هەر جیاوازی و ناکۆکی و شەڕی ناوخۆیان لە سەریەک شت کۆک و تەبان ؛ ئەویش بەرگرتن بە رەوتی ئازادی و یەکسانیخوازی کۆمەڵگەی کوردستان وتیرۆرکردنی هەلسوڕاونیەتی . ئاخر ئەم دەسەڵاتە زادەی بارودۆخی سەردەمی سەرهەڵدانی نەزمی نۆی جیهان و روخانی بلۆکی رۆژهەڵاتە کە سەرمایەداری رۆژئاوا ناویان لێنا رۆخانی کۆمۆنیزم ، ئەوبارودۆخەجیهانی و ناوچەیە کە ئستبداد ،برسیەتی ، ئابڵۆقەی ئابوری ، بێکاری، ئاوارەیی ، ئیسلامی سیاسی، کۆنەپەرستی لە ئاستییکی کۆمەڵایەتی بەریندا، کوشتنی ژنان، بەرگرتن بە گەشەکردنی ڕەوتی ئازادیخوازی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی، پاشەکشەپیکردنی مەدەنیەت و عەلمانیەتی کردە دیاری بۆ خەڵکی کوردستان.
ئەم نەزمە لە کوردستاندا دەسەلاتێکی پیویست بوو کە پارێزگاری لەم بارودۆخە بکات ، ئەمە ئەو کات و ئیستاش پیداویستەکی سەرمایەیەداریە لەکوردستاندا ، پارتی و یەکیتی،ئیستاشی لەگەڵبێت ،ئەم سیاسەتە وەک ئەرکی بێئەملاولای هەر دەسەڵاتیکی بۆرجوازی لەکوردستاندا بێدودڵی ئەنجامدەدەن .
ئەم فەزای کۆنەپەرستی و نەبونیە، ئەم برسیتی وبێکاری و بێمافیە ئەم گەندەڵی و ئاوارەی و سەرکوت و تیرۆرە کە دەسەڵاتی ئەم دوو حزبە و هاوبەشە بچکۆلەکانیان لە کوردستاندا سەپاندویانە ، نە ئەنجامی نەخۆێندەواری مەسعود بەرزانی و عەشایەریبونی لێپرسراوانی داموزەگاکانی دەسەڵاتە و نە ئەنجامی حوکمی بنەماڵەیە. راستە ئەوانەوە وزۆرشتیتریش …. خەسڵەتی واقعی ئەو دوو حزبەن بە تایبەتی پارتی ، بەلام مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە، سەرکوتگەری ئەرکێکە لە روانگە ی پاراستنی دەسەڵات و قازانجی سەرمایەداریەوە لە جیهان و ناوچەکە و کوردوستاندا دەبێ ئەم دەسەڵاتە جێبەجێبکات.
دەسەڵاتی کوردستان ناتوانێت لەمە باشتربێت ، بۆیە داخوازی یان راستر بڵێم هیوای چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و…لە سایەی ئەمدەسەڵاتەدا ئەگەر حزبێک یان لایەنێک پەرەی پێبدات لە ناو جەماوەردا ئەوە چەواشەکردنی خەڵکی کوردستانە و ئەگەر جەماوەری کوردستانێش لەسەر ئەو هیوایە بژین ئەو وهم و خۆشخەیالیە .
لە ئیستادا پرسیار ئەوەیە ؛ تاکەی ئازادیخوازانی کوردستان ملبدەن بەم زوڵم وزۆرە ، تاکەی لە دڵە ڕاوکێ ئەوەدا بژین ئاخۆ کەی هەواڵی ڕفاندن ، تیرۆرکردنی رۆژنامە نوسک، رۆشنفکریک ئازادیخواز، یان قەڵەمێکی رەخنەگریتری دەسەڵات لە میدیاکانەوە بڵاو دەبێتەوە. ئایا خەڵکی کوردستان قەدریانە ، لەچارەیان نوسراوە ملکەچی ئەم ملهوڕیە بن..؟ تەنها پەرچەکرداری جەماوەری کوردستان بەرامبەر بە تیرۆری سەردەشت و کاوە گەرمیانی پێمان دەڵێت نە‌و ، جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان بە شەپۆلی نارەزایەتیەکانیان بەرامبەر بەتیرۆری ئەو دوو ئازیزە فشارێکی جدیان بۆ دەسەڵات هێنا ، بەڵام ئەوەی وای لە دەسەڵات کردوە تا ئیستا ملنەدات بە داخوازیەکانی ئازادیخوازنی کوردستان سەبارەت بەمدوو کەیسە و ئەوانیتر، لە راستیدا یەک شتە ؛ بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەر بە گۆێرەی پیویست رێکخراو و یەکگرتو نەبوە ، ئەمە ئەو دەرسە گەوەرە وئەو کەموکوڕیە سەرکیەیە کە دەبێ هەمومان ڕاچڵەکێنێت و لە هەوڵی چارەسەرکردنیدا بێن، رەوتی ئازادیخواز ویەکسانیخواز ومەدەنی کوردستان خاوەنی توانایەکی بەهێزە ، چونکە پشتئەستورە نەک هەر بە ئاوات وئامانجی چەند ساڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ، بەڵکو بە خەبات و قوربانیدانیشیان لە و پێناوەدا، بۆیە بە بڕوای من پتەوکردنی رێزەکانی تێکۆشەرانی ئازادیخوازانی کوردستان بە جۆرەها رێکخراوی جەماوەری و پیشەیی، وەڵانانی وەهم و خۆشخەیالی بە بیرو بۆچون وسیاسەتە ناسیونالیستە و ئیسلامەیە کۆنەپەرست و توندڕەوەکان ، ولانانی کۆمەڵێک جیاوازی بیروڕا کە سەرباری واقعیبونیان بەلام لە ئیستادا لاوەکین، گەشەپێدانی ئاسۆیەکی ئینسانی ، مەدەنی کە خودی ئینسان و پیرۆزراگرتنی بکاتە مەبنا و ئامانج زامنی سەرکەوتنییەتی ، زامنی دووبارە لە دەستنەدانی سەردەشتێکیتر و کاوەیەکیترە.

یادی سەردەشتی ئازیز هەمیشە زیندووە لە دڵماندا .

Leave A Reply

Your email address will not be published.