“سەردەشت عوسمان” تا لە ژیاندا بوو چی پێ ووتین ؟

Gona_Göteborgگۆنا سەعید:

تیرۆری سەردەشت عوسمان بوو کە کۆمەڵگە و بە تایبەت گەنجان و ئازادیخوازانی ڕاچڵەکاند لە بەرامبەر بە پرسی ئازادی رادەربرین و نوسین ، هەربۆیە لە دوای ئەم راچڵەکاندنە بوو کە چوونە سەری هوشیاری گشتی کۆمەڵگە و چوونە نێو شەڕی بەرگری لە ئازادی دەستی پێکرد . بە داخەوە کە جارێکی دی بەرگری لە ئازادی پیویستی بە قوربانیەکی تر هەبوو کە ئەمجارەیان سەردەشت بوو ، هەتا ئەم هوشیاریە ببێتە بزوتنەوەیەک و ناڕەزایەتیەکانی دەربڕیت .

بەڵام خودی تیرۆر و لەدەست دانی سەردەشت ئەوەندە داخێکی گەورە و کارەساتیکی دڵتەزێن بوو کە سەرنجی بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگەی لابرد لەسەر باس کردن لە ئەو هوشیاری و پەیامانە کە سەردەشت لە کاتی ژیانیدا و لە ڕێگەی نوسینەکانی دەیویست بیگەیەنێت پێمان . ئەمە بە تایبەت لە نێو نوخبەی ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسان و ئیلیتی میدیادا زۆر ڕەنگی دایەوە .
بەڵام لەولایشەوە کۆمەڵگە دوور لە نوخبەی ڕۆشنبیر و ئازادیخوازان و رۆژنامەنوسان زووتر پەیامەکانی ” سەردەشتی زیندووی” وەرگرتبوو ، زۆری نەبرد دوای تیرۆری سەردەشت کە تەوژمی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی گەنجان ، کرێکاران و بێ کاران و خویندکارانی زانکۆکان ، بۆ باشکردنی ژیانیان دەستی پیکرد و پەرەی سەند  تا گەیشت بە ١٧ شوبات و رۆژانی دوایی .

کەوایە با سەیرێکی قسەکانی سەردەشت بکەین و بڕوانینە ئەو پەیامانە کە لە کاتی ژیان و لە نوسینەکانیدا بۆی جێ هێشتووین :

لە وتاری “من عاشقى كچەكەى مەسعود بارزانیم” ، سەردەشت ناڕاستەوخۆ هوشیاریەکی بەرفراوانی چینایەتی دێنێتە ئاراوە لە رێگەی نیشاندانی قڵشتی چینایەتی لە نێوان سەرۆک و بنەماڵەکەی لە لایەک وە خێزانەکەی خۆی لە لایەکی دی ، ئەو باس لە خیزانێکی هەژار و کەم دەسەڵات لەگەڵ خێزانیکی دەوڵەمەند و سەرمایەدار و خاوەن دەسەلات دەکات . لەم فەنتازیایەدا سەردەشت باسی لە حاڵ و وە زعی بەشیکی زۆر لە توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان دەکات . کاتێک لەم وتارە کورتەدا سەردەشت باس لە خۆی و باوک و براو خوشکەکەی و دایکی دەکات ، باس لە هەژاری و بێ کاری و نەخۆشی و نەبوونی هەموویان دەکات . بەم جۆرە خێزانەکەی خۆی دەکاتە نمونەی خێزانێکی کرێکار و نەدار و هەژاری کوردستان . لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی یەک یەک باسکردنی کەسەکانەوە باس لە کێشە تایبەتەکانی توێژە کۆمەڵایەتیەکان دەکات، بۆ نمونە کاتێک باس لە باوکی دەکات و دەڵیت : ” باوكە بەدبەختەكەى پێشمەرگەى ئەیلولیشم كە تاوەكوو ئێستا پارتى خزمەتى پێشمەرگایەتى بۆ قەبوڵ ناكات بە بیانووى ئەوەى كە ئێستا پارتى نییە،  باوکم دەكەم بە وەزیرى پێشمەرگە….” .. بەم جۆرە گلەیی و کێشەی سەدان و هەزاران باوکی پیشمەرگەکان و خەباتگێرە کۆنەکانی وەک باوکی من و تۆ دەکات … باس لەو پیاوە زەحمەتکیشە بەتەمەنانە دەکات کە چەندەها ساڵی تەمەنیان لە پیشمەرگایەتی و دەربەدەری و راکە راکی دوای کوڕە پێشمەرگەکانیان کردە قوربانی ، ئەم  جۆرە لە ئینسان کە لەم سەردەمی دەسەڵاتی کوردیەدا بەشیان دڵشکان و و وەلاخستن و و ئیهمال کردن بووە ،  لە دوای ئەوەی بۆ دەیان سال بە ئومیدی بوونی دەسەڵاتی کوردی قوربانیان دا. مسۆگەر نەکردنی ژیانی ئەم کەسانە ، حساب نەکردن بۆ ماندووییی و ئومید و ئاواتەکانیان ، نەبوونی ماف و بیمە ی تێر و تەسەل بۆ زەمانەتی ژیانیان، هەمووی پێکەوە وێنای یەک توێژی بەرفراوانی کۆمەڵگەیە لە ریگەی باسی “باوک” . سەردەشت بە هەمان شیوە باس لە برا بێ کارەکەی و خوشکە شەرمنەکەی و دایکە نەخۆشەکەی دەکات و بەراوردیان دەکات بە هەمان ئەم کەسانە لە نێو خیزانێکی هەبووی باڵا دەستی سەرمایەدارلە ڕیگەی بەراوردکردنیان بە بنەماڵەی بارزانی ، هەر یەک لەم کارەکتەرانە دەتوانن نوینەری توێژێکی کۆمەڵایەتی بن کە خاوەنی خولیا و ئاوات و خواستی باشترن بۆ ژیانیان . باس کردن لە گەنج ، لە خولیای ئازادی ، راکردن و چوونە خاریچ ، کێشەی بێ کاری ، تەعیین نەبوون ، هەموو ئەمانە لەم وتارە کورتەی سەردەشتدا نوێنەرایەتی کراون .

جگە لە هوشیاری چینایەتی ، سەردەشت ڕەخنەی قوڵ لە سیستەم و دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم دەگرێت، ئەو باس لە شێوەی حوکمی بنەماڵەیی و عەشیرەتی دەکات لە رێگەی باس لە مامەکانی خۆی لەو جێگەیەی دەڵیت : ” بۆ مامەكانیشم چەند دیوەخانێك دەكەمەوە و ئامۆزا و خاڵۆزاكانم دەكەم بە نەقیب و عەمید و ئامر لیوا” . لێرەدا وێنا کردنی سیستەمی بنەماڵەیی ، عەشیرەتی ، پلە و پۆست بەخشینەوە لەسەر ئەساسی بنەماڵەیی دەرخستنی  یەک هەقیقەتی شیوەی حوکمی بنەماڵەیی لە کوردستان کە قۆرخی دەسەلاتی سیاسی و ئابووری و چەکداری کردوە.

باس لە دایکی هەموومان دەکات کاتێک دەڵیت ” دایكیشم لەبەر ئەوەى نەخۆشى شەكرە و دڵ و زەختى هەیە و پارەى نەشتەرگەرى دەرەوەى وڵاتى نییە، دوو دكتۆرى ئیتاڵى لەماڵەوە بۆ تەعین دەكەم ” .

باس لە کۆنەپەرستی و دواکوتوویی ئەم دەسەڵاتی بنەماڵەییە دەکات لە بەرامبەر بە پێگەی ژن کاتێک دەڵێت: ” ژنى هەموو سەرۆكەكانى دونیا لەڕێگەى یەك كلیكەوە دەدۆزمەوە كەچى هەتاوەكوو ئێستا نازانم خەسووەكەم چۆنە”.

لە ووتاری “یەکەمین زەنگی کوشتنم لێی دا”  کاتێک باس لە بێ باکی خۆی دەکات لە مردن ، ڕێک باسی  بێزاری و توڕەیی گەنجان دەکات ، دەڵێت : بۆیه ‌ئه‌م قسانه ‌ده‌كه‌م تابزانن گه‌نجه‌كانی ئه‌م وڵاته مردن ساده‌ترین هه‌ڵبژاردنیانه” ‌، باس لە نائومیدی گەنجان دەکات لەم ژیانەدا کاتێک دەڵێت ” بۆئه‌وه‌ی تێبگه‌ن كه ‌ئه‌وه‌ی ئێمه ‌ده‌ترسێنێت به‌رده‌وامی ئه‌م رۆژگاره‌ی ئێستایه ‌بۆ نه‌وه‌یه‌كی داهاتوو، نه‌ك مردنی خۆمان ” . هەروەها باس لە ترس و خەمی ئێمە بۆ نەوەکانی داهاتوومان دەکات کاتێ دەڵی ” كاری منیش خۆشبه‌ختی برا بچوكه‌كانمه، ‌نه‌ك خۆم…” .

هەروەها ئەو گەنجێکی پڕ وزەیە ، لەیەک کاتدا هەم بێ ئومێدە لە دەسەڵات و هەم بە ئومێدە بە گۆرانکاری ، خەمی بەردەوام بوونی خەباتیەتی لە دوای خۆی ، ئەو لە هەمان وتاردا دەڵێت :  ” تاكه ‌هۆكاری نیگه‌رانی من له‌م هه‌ڕه‌شانه ‌ئه‌وه‌یه، ‌كه ‌هێشتا زۆرشت ماون قسه‌یان له‌سه‌ربكه‌ین و هه‌ر ئاوا به‌جێیان بهێڵین….” ، ئەمە پەیامیکی زۆر قووڵ و پر مانایە بۆ گەنجان لە دوای خۆی .

کێ هەیە لەم کۆمەڵگەیە تووشی بێ دەربەستی دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم نەبووبێت کاتێ ئیشی تێیان کەوتبێت ، سەردەشت ڕەخنەی قووڵ لە دام و دەزگای ئەم سیستەم و دەسەڵاتە دەگرێت کاتێک دەڵێت : ” دوێنی راگری كۆڵێژه‌كه‌م ئاگادار كرده‌وه، ‌كه ‌شه‌وی رابردوو ئیهانه ‌و ته‌هدیدی كوشتنیان كردووم، به‌ڵام ئه‌و وتی ئه‌مه‌ كێشه‌ی پۆلیسه‌ ” …. تۆ بزانن لەم کۆمەڵگەیی ئێمە چەند سەدان کەس هەیە کە هەمان مامەلەیان لەگەڵ دەکریت لەسەر هەڕەشە ، لەسەر جدی وەرنەگرتنی هەڕەشە ، لەسەر کەمتەرخەمی دام و دەزگای پۆلیس ، کاوە گەرمیانی قوربانیەکی تری ئەم جۆرە لە مامەڵە و بێ دەربەستی دام و دەزگای ئەم دەسەڵاتە بوو . لێرە سەردەشت بەردەوام دەبێت و دەڵیت :”  دوای ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیم به‌عمید عه‌بدولخاڵقی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێره‌وه‌ كرد پێمی گووت” له‌وانه‌یه ‌ئه‌م ژماره‌ی مۆباییله‌ هی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بێت، یان كێشه‌یه‌كی شه‌خسی بێت” “، ئەو بیانوەی کە وەک وەرەقیەکی سوتاو هەمیشە بەکاردەهێنڕێت بۆ پاساوی کارنەکردن وبێ دەربەستی لە ژیانی خەڵک ، لەم چەند ساڵەی رابردوودا چەند جار هەمان قسە بە کەسانی وەک بەهار مونزیر و چالاکەکانی تری کۆمەڵی مەدەنی وتراوە کە کاتی دووچاری هەڕەشە و هەراسان کردن بوون .

دەست شتن لەم دەسەڵاتە و گەشتن بە نائومیدی لێی ، بێ چارەیی و تەنها مانەوە ی کەسێک کە خەریکە دەبێتە قوربانی لەم سیستەمەدا کاتێک دەڵیت :  “به‌ڵام ئیدی ئه‌مجاره ‌نه‌سكاڵا تۆمار ده‌كه‌م و نه‌لایه‌نه ‌به‌رپرسه‌كان ئاگادار ده‌كه‌مه‌وه‌، هه‌نگاوێكه ‌ناومه ‌و ئازاره‌كه‌شی خۆم ئه‌یگرمه ‌ئه‌ستۆ.” . لێرەدا دووبارە نمونەی تری کێشە قووڵەکانی ئەم کۆمەڵگەیە و سیستەمەکەی باس دەکات ، لە نمونەی ئەمە بە سەدان ژن هەن کە پەنا نابەنە بەر دادگا لەبەر نائومیدی بە سیستەم ، ئەم سیستەمەپاڵ بە خەڵکەوە دەنێت کە بچن کێشەکانیان بە عەشایەری و وەک کێشەی شەخسی چارەسەر کەن چونکە لە دادگا و یاسا بی ئومید دەبن .

دواتر و لە کۆتاییدا رێگای حەتمیمان دیاری دەکات و نیشانمان دەدات کاتێ دەڵێت : ” تا ئه‌و شوێنه‌ی كه ‌ماوین ئه‌بێت قسه‌بكه‌ین، له‌و شوێنه‌ش، كه ‌ته‌مه‌نمان كۆتاییهات با هاوڕێكه‌م خاڵێكم بۆ دابنێت و بێته‌ سه‌ر دێڕێكی نوێ و سه‌ر له‌نوێ ده‌ستپێبكاته‌وه‌ ” … کاتێک سەردەشت ئەم قسەیەی کرد مەبەستی لەوە نەبوو کە ئێمە لە دوای تیرۆری ئەو تەنها باس لە پاراستنی ئازادی رادەربڕین بکەین ( کە زۆر گرنگە و هەر دەبیت باسی بکەین ) ، بەڵکو ئەو مەبەستی گەیاندنی ئەم پەیامانە بوو ، ئەم خواستانەی خەڵک بوو ، مەبەستی هەوڵدان بوو بۆ بەدەست هێنانی مافەکان و خواستەکانی باوکەکان و دایکەکان و گەنجان و ژنان و ئەوانەی تاوانیان بەرامبەر دەکرێت ، مەبەستی وەستانەوە بوو بە رووی گەندەڵی و حوکمی بنەماڵەیی و عەشیرەتی کە نەک هیچی باشی تیا نیە بۆ خەڵک ، بەڵکو ئەوەتا لە دوای شەش ساڵ دەبینین کە ئەم سیستەمە رۆژ بە رۆژ ژیان و گوزەرانی خەڵک دەکاتە قوربانی کیشە سیاسی و ئابوریەکانی خۆی . مەبەستی سەردەشت ڕۆشتن بوو بە دوای بەدیهێنانی یەکسانی کۆمەڵایەتی وئابووری . سەردەشت لە پێناو بڵاوکردنەوەی هوشیاری و خەبات بۆ دنیایەکی باشتر خۆی کردە قوربانی ، ئازادی ڕادەربڕین بۆ ئەو پردێک بوو بۆ گەیاندنی پەیامەکانی ، ئەو باکی نەبوو بەوەی کە لێێ دەکەوێتە خوارەوە !

ئەم هوشییاریە بە نایەکسانی ، ئەم ڕەخنە قوولانە لە قڵشتی چینایەتی ، لەسیستەمی دەسەڵاتی بنەماڵلەیی و خێڵەکی و لە نایەکسانی هەمەلایەنە پەیامەکانی کاتی ژیان و زیندوویی سەردەشت بوون  ، بۆیە ئەگەر دەمانەوێت پەیامی سەردەشت بەرینە پێشەوە ، نوقتە دانێێن و لە سەری دێر دەست پێ بکەینەوە ، بە بڕوای من دەبێت لەو جێگەیەی دەتوانین دەبێت بڕۆین ئەم خواستانەی باشتر کردنی ژیانی خەڵک بەر ز کەینەوە خەباتی بۆ بکەین . ئەمەش لە ڕێگەی چوونە نێو سەنگەری ناڕەزایەتیەکانی خەڵکەوەیە بۆ بەدهێنانی خواست و داواکانیان ، نەک لە لایەنگری لە ململانێێ سیاسی نێو حیزبەکان بۆ بەشی زیاتری دەسەلات لە چوارچیوەی هەمان سیستەمی سیاسی میلیشیایی بنەماڵەییەدا .*

Leave A Reply

Your email address will not be published.