سەردەشت هوشیاریەکی بەرفراوانی چینایەتی دێنێتە ئاراوە

Gona_Göteborgوتاری گۆنا سەعید لە یادی چوارەمین ساڵرۆژی تیرۆری سەردەشت عوسمان لە یۆتۆبۆری

سلاو لە ئامادەبوان!

لە ڕێگەی خۆ ئامادەکردنم بۆ بەشداری لەم یادەدا ، پرسیارم لە خۆم کرد کە لە دوای چوار ساڵ لەتیرۆری سەردەشت چیماوە بیلێین ، یان چی نەوتراوە تا بیلێین ؟ چی نەنوسراوە ؟ چی هاواری بۆ نەکراوە ؟ .. باس کردن لە نائینسانیەت و دڕندەیی ئەم کارە تیرۆرستیە و خوێن رشتنی سەردەشت زۆری لی وتراوە ، پەیامی پشتی دەسەڵاتی هەرێم لە چاوترساندنی گەنجان و خەڵکی ئازادیخواز لە رێگەی سزادانی گەنجێک بە کوشتن لەسەر نوسین زۆری لەسەر وتراوە  ، دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرفراوان بە خۆپیشاندان ، بە نوسین ، بە تەحەدا کردنی سەرکوت و بەرگری کردنی بەردەوام لە ئازادی بە ڕیگەی جۆراو جۆر زۆری بۆ کراوە ، تەنانەت خەڵکی ئازادی خواز لەم رێگەیەدا ، لەم جوار سالەدا قوربانی تریشی داوە .. گەشتێکم کرد بەسەر زۆرێک لە وتارەکان ، زۆرێک لە روداوەکان ، زۆرێک لە تاوانەکانی دوای تیرۆری سەردەشت … لەم ڕێیەدا گەشتم بەوەی کەتا ئیستا هەرچیمان ووتوە هێشتاپیویست دەکات و  دەبێت ئەمڕۆ و لە دوای جوار ساڵ دوبارە و دەبارەیان کەینەوە ، دەبێت سەرلەنوێ وتارەکانمان بلاو کەینەوە ، سەرلەنوی کارە هونەری و فلیم و شانۆگەریەکانمان نمایش کەینەوە ، دەبێت هێشتا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانمان زیاتر لە جاران ڕێک خەینەوە و یەخەی دەسەڵات بگرینەوە .. تەنها لەبەر ئەوەی پەیامی هەموو ئەمانە وەک خۆیان و لە دوای چوارساڵ ماونەتەوە و ئەم شەڕەی نێوان دەسەلات و خەڵک بەردەوامە..  نەک دەسەڵات داواکانی بە سزا گەیاندنی تیرۆریستانی کەیسی سەردەشتی جێ بە جێ نەکردوون ، بەڵکو لە دوای سەردەشت گەنجانی تری کوشتوە ، خەڵکی ئازادیخواز قوربانی زیاتری داوە ، کاوە گەرمیانی لەدەست دا و گەنجانی نێو خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوباتی کردە قوربانی ئەم شەڕی ئازادی و ژیانە .. خەڵک هێشتا پیویستی بە هەموو ئەم پەیام وناڕەزایەتی و هاوارانە هەیە تا بیدات بە گوێی دەسەلاتێکدا کە هیشتا هەر کەڕە ، هەر کوێرە و هەر تفەنگی لەسەر پێیە لە دژی ئازادی ،، هەر بەهەمان عەقڵیەتەوە مامەڵە لەگەڵ هەزاران سەردەشتی ئیستا دەکات ، مامەڵە لەگەل مافێکی سەرەتایی ئینسان لە ئازادی نوسین و رادەربڕیندا دەکات …
لەگەڵ ئەوەشدا کە دەبێت هەموو ئەمانە بلێینەوە و بەردەوام بیین ، بەڵام پێویستیشە کە خەڵک دوای جوار سال لە هەوڵ و کار و خەبات لە شوێنیکدا بوەستیت و ئاورێک بداتەوە لەوەی کە چی نەکردوە و ئەم هەولانە چی نوقسانە ، بۆچی هێشتا کێشەکان قووڵتر دەبنەوە ، بۆ لەم شەڕەدا خەڵک قوربانی زیاتر دەدات و دەسەڵاتیش دڕندە تر دەبێت و جێگای خۆی قایمتر دەکات !؟  .. هۆیەکانی ئەو راستیە دڵ تەزێنە چین کە دەسەلاتێک ، یان با بلیم حیزبیک کە زۆر بە ئاشکرا تاوانی تیرۆری سەردەشتی ئەنجام دا ، فەزای تیرۆر و تۆقاندنی لە نیو گەنجاندا برەو پیدا ، کەچی دوای ئەوە دوبارە تاوانی تری ئەنجام دا و ئێستاش خەریکە دەبێتە سیناریۆ داڕێژەری بەلاڕیدا بردنی تاوانی کوشتنی کاوە گەرمیانی !؟ کە تاوانێک بوو لە تیرۆری سەردەشت کەمتر قێزەون و نائیسانی تر نەبوو کە بە دەستی حیزبی هاوپەیمانی ئەنجام درا … کەچی هەر بەهێز دەبێت و هەر جیگەی خۆی قایمتر دەکات و خۆی دەسەپێنێت !!!
بە بروای من وەڵامی ئەم پرسیارە دەمانباتە جێگەیەکی تر لەم شەڕەدا لەسەر ئازادی ، دەمانباتە ئاستێکی بەرزتر لە هوشیاری لەوەی کە چی تر بکەین لە بەرامبەر بە پاریزەرانی فەزای توند و تیژی و تۆقاندنە لە دژی ئازادی رادەربرین ..

لە لای هەموومان زۆر ئاشکرایە کە تیرۆری سەردەشت بوو کە کۆمەڵگە و بە تایبەت گەنجان و ئازادیخوازانی ڕاجلەکاند لە بەرامبەر بە پرسی ئازادی و ئازادی رادەربرین ، هەربۆیە لە دوای ئەم راچلەکاندنە ناڕەزایەتیە بەرفراوانەکانی خەڵک تەرکیزی کردە سەر پاراستنی ئازادی تا قوربانی زیاتر نەدات و هاوڵاتیان پاریزراو بن لە کوشتن و تیرۆر لەسەر  رادەربڕین ، ئەویش بە سووربوون لەسەر بە سزاگەیاندنی تاوانبارانی تیرۆری سەردەشت ..
هوشیاری کۆمەڵگە و چوونە نیو شەڕی بەرگری لە ئازادی بە داخەوە پییوستی بە قوربانی بوونی سەردەشت بوو تا دروست بیت ، بەلام خودی بە قوربانی بوونی سەردەشت ئەوەندە داخێکی گەورە و کارەساتیکی دڵتەزێن بوو کە سەرنجی ئێمەی لابرد لەسەر باس کردن لە ئەو هوشیاری و پەیامانە کە سەردەشت لە کاتی ژیانیدا و لە ریگەی نوسینەکانی دەیوسیت بیگەیەنێت پێمان .. من کە دەڵیم ئێمە مەبەستم لە بەرەی ئازایخوازی کۆمەڵگەیە ..مەبەستم لە هەموو کۆمەڵگە نیە .. چونکە بە بی ئەوەی ئیمە زۆر باسی کەین کۆمەڵگە خۆی ئەم کاریگەریەی بینی و ئەم پەیامەی سەردەشتی وەرگرتبوو … ئەوەتا زۆری نەبرد کە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی گەنجان ، کرێکاران و بێ کاران ، زانکۆکان ، بۆ باشکردنی ژیانیان دەستی پیکرد.. و پەرەی سەند و تا گەیشت بە ١٧ شوبات و رۆژانی دوایی ..

لە نیو ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنوسان و ئەو بەرەیەی کە ئازادیخوازە زۆر زوو لە دوای تیرۆری سەردەشت سەدان سەردەشتی تری بەرهەم هێنا .. دەیان رۆژنامەنوسی ئازا و خاوەن قەلەمی ڕەخنەگر بەرهەم هاتن .. بەڵام لە نیو کۆمەڵگەدا بە دەر لە هەوڵی رۆژنامەنوسان و ڕٶشنبیران دەیان خۆپیشاندان و نارەزایەتی بە رفراوانی لە زۆر جێگای کۆمەڵگەدا دروست بوون بۆ باشترکردنی ژیانی گەنجان و دەرچووی زانکۆکان و کرێکاران و بە دژی گەندەڵی و بە دژی هەژاری و ..هتد .. تا گەیشت بە  ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانەکانی ١٧ ی شوبات کە بە بروای من کاریگەری ئەم دەورە مێژوویەی دوای تیرۆری سەردەشتی بەسەریەوە دیار بوو .. بۆیە لێرەدا من کەمێک باس لە هوشیاری و پەیامەکانی سەردەشت دەکام لە کاتی ژیانیدا ، لەنوسینەکانیدا ، ئەو هوشیاریەی کە بەبروای من زۆری نەبرد لە نێو چین و تویژەکانی کۆمەڵگە ڕەنگی دایەوە ، بوو بە هوشیاریەکی گشتی لە لایان .. با سەیرێکی قسەکانی سەردەشت بکەین و بڕوانینە ئەو پەیامانە کە لە کاتی ژیان و نوسینیدا بۆی جێ هێشتووین :

لە وتاری من عاشقى كچەكەى مەسعود بارزانیم، سەردەشت ناڕاستەوخۆ هوشیاریەکی بەرفراوانی چینایەتی دێنێتە ئاراوە لە رێگەی نیشاندانی قڵشتی چینایەتی لە نیوان سەرۆک و بنەمالەکەی لە لایەک و وە خێزانەکەی سەردەشت خۆی لە لایەکی ترەوە ، باس لە خیزانیکی هەژار و کەم دەسەڵات لەگەڵ خێزانیکی دەولەمەند و سەرمایەدار و خاوەن دەسەلات دەکات .. لەم فەنتازیایەدا سەردەشت باسی لە حاڵ و وە زعی بەشیکی زۆر لە توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان کردوە .. کاتێک لەم وتارە کورتەدا سەردەشت باس لە خۆی و باوک و براو خوشکەکەی و دایکی دەکات ، باس لە هەژاری و بێ کاری و نەخۆشی و نەبوونی هەموویان دەکات .. بەم جۆرە خێزانەکەی خۆی دەکاتە نمونەی خێزانیکی کریکار و نەدار و هەژاری کوردستان .. لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی یەک یەک باسکردنی کەسەکانەوە باس لە کیشە تایبەتەکانی توێژەکانی کۆمەڵگە دەکات،  بۆ نمونە کاتێک باس لە باوکی دەکات و دەڵیت :  باوكە بەدبەختەكەى پێشمەرگەى ئەیلولیشم كە تاوەكوو ئێستا پارتى خزمەتى پێشمەرگایەتى بۆ قەبوڵ ناكات بە بیانووى ئەوەى كە ئێستا پارتى نییە،  باوکم دەكەم بە وەزیرى پێشمەرگە…. بەم جۆرە گلەیی و کیشەی سەدان و هەزاران باوکی پیشمەرگەکان و خەباتگیرە کۆنەکانی وەک باوکی من و تۆ دەکات … باس لەو پیاو بەتەمەنانە دەکات کە چەندەها ساڵی ژیانیان لە پیشمەرگایەتی و دەربەدەری و راکە راکی دوای کوڕە پێشمەرگەکانیان کردە قوربانی ، ئەم  جۆرە لە ئینسان کە دڵشکاو و وەلاخراو و ئیهمال کراو لە دوای ئەوەی بۆ دەیان سال بە ئومیدی بوونی دەسەڵاتی کوردی قوربانیان دا و بێ ئومید کران .. ئەمڕۆ لە ژێر سایەی ئەم دەسەڵاتە مسۆگەر نەکردنی ژیانی ئەم کەسانە ، حساب نەکردن بۆ ماندووییی و ئومید و ئاواتەکانیان .. نەبوونی ماف و بیمە ی تێر و تەسەل بۆ زەمانەتی ژیانیان  .. وێنای یەک توێژی بەرفراوانی کۆمەڵگەیە لە ریگەی باسی باوک … هەروەها باس لە برا بی کارەکەی و خوشکە شەرمنەکەی و دایکە نەخۆشەکەی دەکات و بەراوردیان دەکات بە هەمان ئەم کەسانە لە نیو خیزانێکی هەبووی بالا دەستی سەرمایەدار ، هەر یەک لەم کارەکتەرانە دەتوانن نوینەری توێژێکی کۆمەڵایەتی بن کە خاوەنی خولیا و ئاوات و خواستی باشترن بۆ ژیانیان .. باس کردن لە گەنج ، لە خولیای راکردن و چوونە خاریچ ، کێشەی تەعیین نەبوون .. ئەمەش توێژێکی تری کۆمەڵگەیە کە هەزاران گەنجی ئەم ووڵاتە دەگریتەوە …
بە هەمان نمونەی باوکی کاتێک باس لە دایکی دەکات ، باس لە دایکی زۆربەمان دەکات کاتێک دەڵیت .. دایكیشم لەبەر ئەوەى نەخۆشى شەكرە و دڵ و زەختى هەیە و پارەى نەشتەرگەرى دەرەوەى وڵاتى نییە، دوو دكتۆرى ئیتاڵى لەماڵەوە بۆ تەعین دەكەم.

بەلام لە هەمان کاتدا لە پاڵ هوشیاری چینایەتیدا سەردەشت هوشیاری لەسەر سیستەمی دەسەڵاتی هەرێم نیشان دەدات ، باس لە شیوەی حوکمی بنەمالەیی و عەشیرەتی دەکات لە ریگەی باس لە مامەکانی خۆی لەو جێگەیەی دەڵیت : بۆ مامەكانیشم چەند دیوەخانێك دەكەمەوە و ئامۆزا و خاڵۆزاكانم دەكەم بە نەقیب و عەمید و ئامر لیوا … وێنا کردنی سیستەمی بنەماڵەیی ، عەشیرەتی ، پلە و پۆست بەخشینەوە لەسەر ئەساسی بنەماڵەیی … کە یەک هەقیقەتی شیوەی حوکمی بنەمالەییە لە کوردستان ..

باس لە کۆنەپەرستی و دواکوتوویی ئەم دەسەلاتە دەکات لە بەرامبەر بە ژن کاتیک دەڵیت ژنى هەموو سەرۆكەكانى دونیا لەڕێگەى یەك كلیكەوە دەدۆزمەوە كەچى هەتاوەكوو ئێستا نازانم خەسووەكەم چۆنە.

لە ووتاری یەکەمین زەنگی کوشتنم لێی دا ..
سەردەشتی لە ڕیگەی وتارێکی زۆر کورتەوە بە قووڵی باس لە بارو دۆخی گەنجان دەکات ، کاتێک باس لە بێ باکی خۆی دەکات لە مردن ، باس لە بێزاری و توڕەیی گەنجان دەکات .. دەڵێت : بۆیه ‌ئه‌م قسانه ‌ده‌كه‌م تابزانن گه‌نجه‌كانی ئه‌م وڵاته مردن ساده‌ترین هه‌ڵبژاردنیانه‌، باس لە نەهامەتی گەنج دەکات لە نائومیدی کاتیک دەلیت ” بۆئه‌وه‌ی تێبگه‌ن كه ‌ئه‌وه‌ی ئێمه ‌ده‌ترسێنێت به‌رده‌وامی ئه‌م رۆژگاره‌ی ئێستایه ‌بۆ نه‌وه‌یه‌كی داهاتوو، نه‌ك مردنی خۆمان ” …

بەلام سەردەشت باس لە ئومید و  لە قوربانی دان و باشتر کردنی ژیانی برا بچوکەکانیشی دەکات کە دەلیت ” ، كاری منیش خۆشبه‌ختی برا بچوكه‌كانمه، ‌نه‌ك خۆم…

ئەو دەلیت :  تاكه ‌هۆكاری نیگه‌رانی من له‌م هه‌ڕه‌شانه ‌ئه‌وه‌یه، ‌كه ‌هێشتا زۆرشت ماون قسه‌یان له‌سه‌ربكه‌ین و هه‌ر ئاوا به‌جێیان بهێڵین…. ئەم قسەیەی سەردەشت تەعبیرە لە بەکارخستنی ووزە و توانای گەنجان کە دەبێت هەوڵ بدەن ،، پەیامیکی زۆر قووڵ و پر مانایە بۆ گەنجان ..

سەردەشت ڕەخنەی قوول لە دام و دەزگای ئەم سیستەم و دەسەلاتە دەگریت کاتێک دەڵیت : ” دوێنی راگری كۆڵێژه‌كه‌م ئاگادار كرده‌وه، ‌كه ‌شه‌وی رابردوو ئیهانه ‌و ته‌هدیدی كوشتنیان كردووم، به‌ڵام ئه‌و وتی ئه‌مه‌ كێشه‌ی پۆلیسه‌ ” …. تۆ بزانن لەم کۆمەڵگەیی ئێمە چەند سەدان کەس هەیە کە هەمان مامەلەیان لەگەڵ دەکریت لەسەر هەڕەشە ، لەسەر جدی وەرنەگرتنی هەڕەشە ، لەسەر کەمتەرخەمی دام و دەزگای پۆلیس ، کاوە گەرمیانی قوربانیەکی تری ئەم جۆرە لە مامەلە و بی دەربەستی دام و دەزگای ئەم دەسەڵاتە بوو کاتێک هەڕەشەی لی کرا و پۆلیس و دادگا بێ باکیان نیسان دا بەرامبەری  …… لێرە سەردەشت بەردەوام دەبێت و دەڵیت : دوای ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیم به‌عمید عه‌بدولخاڵقی به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێره‌وه‌ كرد پێمی گووت” له‌وانه‌یه ‌ئه‌م ژماره‌ی مۆباییله‌ هی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بێت، یان كێشه‌یه‌كی شه‌خسی بێت” … هەردوێنی بەهار مونزیر کە هەموو ڕۆژێک لەسەر جالاکیەکانی لەمەسەلەی ژناندا هەڕەشەی لی دەکریت وەک ئەمە وەلامیان داوەتەوە !!!!!!!

سەردەشت  نائومیدی دەرئەبڕێت بەم دەسەلاتە ، بوار بۆ خۆشخەیاڵی ناهیڵێتەوە باس لە تەنها مانەوە ی کەسێک دەکات کە خەریکە دەبێتە قوربانی لەم سیستەمەدا کاتێک دەڵیت :  به‌ڵام ئیدی ئه‌مجاره ‌نه‌سكاڵا تۆمار ده‌كه‌م و نه‌لایه‌نه ‌به‌رپرسه‌كان ئاگادار ده‌كه‌مه‌وه‌، هه‌نگاوێكه ‌ناومه ‌و ئازاره‌كه‌شی خۆم ئه‌یگرمه ‌ئه‌ستۆ. … دووبارە نمونەی تری کێشە قوولەکانی ئەم کۆمەڵگەیە و سیستەمەکەی باس دەکات ، نمونەی ئەو سەدان ژنەمان نیشان دەدات  کە پەنا نابەنە بەر دادگا لەبەر نائومیدی و خۆیان ڕووبەڕووی کیسەکانیان دەبنەوە و زۆرجار دەبنە قورنابی تیایدا ،، ئەم سیستەمەپاڵ بە خەڵکەوە دەنیت کە بجن کیشەکانیان بە عەشایەری و وەک کیشەی شەخسی جارەسەر کەن چونکە لە دادگا و یاسا بی ئومید دەبن …

دواتر و لە کۆتاییدا رێگای هەموومان دیاری دەکات و نیشانمان دەدات کە دەڵیت : ” تا ئه‌و شوێنه‌ی كه ‌ماوین ئه‌بێت قسه‌بكه‌ین، له‌و شوێنه‌ش، كه ‌ته‌مه‌نمان كۆتاییهات با هاوڕێكه‌م خاڵێكم بۆ دابنێت و بێته‌ سه‌ر دێڕێكی نوی و سه‌ر له‌نوی ده‌ستپێبكاته‌وه‌ ” … کاتێک سەردەشت ئەم قسەیەی کرد مەبەستی تەنها لەوە نەبوو کە ئێمە لە دوای تیرۆری ئەو بە تەنها باس  لە پاراستنی ئازادی رادەربڕین بکەین کە ئەمە زۆر موهیمە و دەبیت باسی کەین ،، بەڵکو مەبەستی ئەم پەیامانە بوو ، ئەم خواستانەی خەڵک بوو ، مەبەستی هەوڵدان بوو بۆ بەدەست هینانی مافەکان و خواستەکانی باوکەکان و دایکەکان و گەنجان و ژنان و ئەوانەی تاوانیان لی دەکریت ،، مەبەستی وەستانەوە بوو بە رووی گەندەڵی و حوکمی بنەماڵەیی و عەشیرەتی کە هیچی تیا نیە بۆ خەڵک ،، مەبەستی ڕۆشتن بوو بە دوای بەدیهینانی یەکسانی کۆمەڵایەتی وئابووری … پرسیارەکەم ئەوەیە کە ئیمە کەمتر لەسەر ئەم پەیامانەی سەردەشت باس دەکەین لە یادەکانیدا و زیاتر باس لە تیرۆرۆ و سەرکوتی ئازادیەکەی دەکەین .. لە کاتێکدا ئەو لە پیناو باشتر کردنی ژیانی خەڵک یان لایەنی کەم بلاو کردنەوەی هوشیاری بە پێویستی باشتر کردنی ژیانی خەڵک گیانی کردە قوربانی !!!

پەیامی ئەمرۆی من ئەوەیە کە ئەم هوشییاریە بە نایەکسانی ، ئەم ڕەخنە قوولانە لە قڵشتی چینایەتی ، لە دەسەلاتی بنەمالەیی و خیڵەکی ، لە نایەکسانی هەمەلایەنە پەیامەکانی کاتی ژیان و زیندووێتی سەردەشتن  ، بۆیە دەبێت ئەمانە بەشێک بن لە خەبات و کاری رژانەی ئێمە و بەوەش یادی سەردەشتیس زیندوو رادەگرین و ئەو پەیوەندیە توند وتۆلە دەچەسپێنین کە لە نیوان قوربانیدانی سەردەشت بە گیانی خۆی و هەولەکانی چین وتوێژەکانی کۆمەڵگەدا هەیە بۆ باشتر کردنی ژیانیان … دەبێت ئەوەش بزانین کە  خەبات بۆ نەهێشتنی  نایەکسانیەکان لە نیو کیشمە کیشی هێزەسیاسیەکاندا بۆ دەسەلات نیە ، بەڵکو وا لە نیو خەڵکدا و لە نیو ریزی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکدا بۆ ژیانێکی باشتر ،، ئەگەر دەمانەوێت پەیامی سەردەشت بەرینە پیشەوە ، نوقتە دانێێن و لە سەری دیر دەست پی بکەینەوە ، بە بڕوای من دەبێت لەو جێگەیەی دەتوانین بڕۆین ئەم خواستانەی باشتر کردنی ژیانی خەلک بەر ز کەینەوە و بە دوایدا برٶین .. ئەمەش لە ریگەی لە سەنگەری خەڵکدا بوونە ، نەک ململانێێ سیاسی نیو حیزبەکان بۆ بەشی دەسەلات لە چوارچیوەی هەمان سیستەم … بەرتەسک کردنەوەی خەباتی هەمەلایەنەی خەڵک بۆ خەباتی پەرلەمانی و سیاسی تەنها دەتوانیت ئەم سیتەم و دەسەلاتە جێگیر تر کات نەک ڕیشە کیشی کات  …
سوپاستان دەکەم
گۆنا سەعید
یادی جوارەمین ساڵەی تیرۆری سەردەشت
٤/٥/٢٠١٤

Leave A Reply

Your email address will not be published.