سەردەشت عوسمان قوربانی ناموسپەرستی و ملهۆڕی سیستەمی خێڵەکی!

لاوژە جواد:

دیارە گومانی تێدا نییە کە کە کوردستان عیراق وە ناوچەکە ڕەوشی ئازادی ڕادەربڕین و  خراپەو، ئامارو ڕاپۆرتەکان لە ئاستی ناوخۆوو نێونەتەوەیی ئیشارەت بەمە دەدەن، بەجیا لە دێوزمەی تیرۆر، ڕۆژنامەنوسان ڕوبەڕوی هەڕەشە، لێدان و زیندانیکردن و ….. دەبنەوە.
لە کۆمەڵگا دوواکەوتووەکان و لەناویاندا وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هە‌ڵسوکەوت، هەڵسوڕان، بیرکردنەوە، چالاکی و دەربڕینی ئینسانەکان سنوردارە و چوارچێوەیەکیان بۆ داتاشراوەو کۆمەڵێک شتیان بۆ کردۆتە هێڵی سوورو پیرۆزی ناوبردنیان بڤەیە، بۆ نمونە ئاین، نەتەوە، خێڵ و سەرۆک خێل، لەناو ئەمانەشدا ژنان کراونەتە ئەم کاڵایەی کە پیاو خاوەنیەتی و وەکو حەیاو شەرەفی پیاو دەناسێندرێت.
هەر لە منداڵیەوە ئەوەمان پێ تەلقین و تحمیل کراوە کە ئێمە نابێت لەم چوارچێوە دەرچین، ئەگەر لەدەرەوەی ئەو چوار چێوەیە بیر لە فەلسەفەی بوونو ژیان بکەینەوە، ئەوە موشرێکین و خوا چاومان کوێردەکات، ئەگەر دژە باوبین و بەرامبەر کەلتورو فەرهەنگ بوەستینەوە هێڵی سورمان بەزاندووە، وە ئەگەر ناوی سەرۆکو سەرۆک خێڵەکانمان هێنا ئەوە هێڵی سورمان بەزاندوەو دەبێت سزابدرێن. هەر بۆیە لەم چوارچێوەدا مێشکو زهنی ئینسانیان جامید دەکەن و ئازادی تاکەکان بەرتەسک دەکەنەوە، تاکەکان ناتوانن مێشکو توانایەکانیان بەکاربهێنن و گەشەی پیبدەن.

پارتی وەک دەسەڵاتداری سەرەکی هەرێمی کوردستان، هەڵگری کەلتوری خێڵەکیە  ، لەم کەلتورە خێڵەکیانەدا داب ونەریتی بوت پەرەستی زاڵ دەکرێت بە سەر کۆمەڵگادا،  سەرۆک بوتی گەورەیە و خێزان و دەست و پەیوەندیەکانی سەرۆک، بە شێوەیەکی سیستوماتیک پلەوپایەی کۆمەڵایەتیان بەرزترە لە خەڵکی ئاسایی.
شێوە و میتۆدی دەسەڵات داریەتی لە کوردستان، دیکتاتۆری خێلەکی میلیتانتە و بێجگە لە عەسکەرتاریەت و دامەزراوە سیخوڕیەکان، کۆمەڵێ چەکی کوشەندەی تری تەیار کردووە بۆ سەرکوت کردنی هەر دەنگێکی ناڕازی، لەوانە پیرۆزیە مەزهەبی و نەتەوەیەکان. لە کوردستان هەمو دامەزراوە بەنا حکومیەکان لەجیاتی دابینکردن ئەمنیەت و پارێزگاری لە مافی هاوڵاتی، بە پێچەوانەوە تەنها پارێزەری دەسەڵاتن. وجودی یاسا و ڕێسا و دامودەستگای کارتۆنی دادپەروەری لەم هەرێمە، ئیهانەیە بە سەرتاپای فەلسەفەی دادپەروەری، زیاتر لە دوو دەیەیە دەسەڵاتدارانی کوردستان بێجگە کردەوەی تیرۆری نهێنی، چەندین جار بە ئاشکرا دەستیان بردووە بۆ کۆمەڵ کوژی، دەیان پۆل خەڵکی بێتاوانیان ئەنفال کردووە بە بێ ئەوەی سیستەمی دادپەروەری کوردستان نقەی لێوەبێت. بۆ نمونە هێرش بۆسەر کۆمۆنیستەکان لە جەرگەی شاری سلێمانی، کوشتنی کۆمەڵێک پێشمەرگەی حزبی دیموکرات لە بازگە کۆیە، قەتڵ عامی حەمەی حەلاق و هاوڕێکانی لە بازگەی هەرمۆتەی کۆیە، کە جۆرێک لە قەتل و عامی پارتی کاری سەربەخۆ بوو ..
واتا چاوەڕوانی دادپەروەری لە سایەی دەسەڵاتی ناسیۆنالیستی کوردی، تۆزێک ساویلکانەیە، هەرگیز بواری پێ نادرێت، ئەگەر یاسای ئینسانی و دادپەروەری ڕولە کۆمەڵگا بکات، ئەوا ئەمانە ڕۆژێک بەرگە ناگرن، بەڵام ناڕەزایەتی و ڕێکخراوبوونی خەڵک دەتوانێت لانی کەم وابکات کە دەسەڵات دەستی بلەرزێت لە ئەنجامدانی ئەم تاوانانە.

گومانی تێدا نییە یەکێک لەو شتانەی کە ڕۆژانە هێرشی دەکرێتە سەر ئازادی دەربڕینە، تاک بۆی نییە لە نوسین، شیعر، پەخشان، شانۆ یان هەر داهێنانێکی تردا بۆچونی خۆی بخاتەڕو، ئەگەر ئەم کارە بکات ئەوە دەبێت وەکو سەردەشت بە گیانی خۆی باجەکەی بدات.
بەرای من سەردەشت بۆیە تیرۆرکرا، لەبەر ئەوەی دوو هێڵی سوری بەزاندبوو، 1/ ناوی سەرۆکی هێنابوو کە لەو کەلتورە خێڵەکیەی پارتی دەستی پێوە گرتوەو پەرەی پێدەدات، ئەو سەرۆکەو هەموو خەڵک دەبێت بەندەی ئەو بن و ئەو خاوەنی هەمویەتی و کەس بۆی نییە ڕەخنەی لێبگرێت. 2/ ئەو ناوی کچی سەرۆکی هێناوە، کچی سەرۆک واتا ناموسی سەرۆک.

سەردەشت هات لەڕێگای نوسینێکی تەنز ئامێزەوە، جیاوازی ژیانی خۆی وەکو کوڕە هەژارو کرێکارێک لەگەڵ ژیانی خێزانی بارزانی خستە ڕو، ئەم جیاوازیە چینایەتیەی نیشاندا کە لەنێوانیان هەیە، بەراوردی شێوەی ژیانی خۆیی و خێزانەکەی لەگەڵ خێزانی بارزانی کرد، مەبەستی ئەو بە ئاشکرا لە نوسینەکانی دیارە دەیەوێت لەم ڕێگایەوە ژیانی چینە داراو بەرپرسەکان بەراورد بکات لەگەڵ خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش.
سەردەشت بۆیە تیرۆرکرا چونکە هێڵە سورە گەورەکەی بەزاندبوو ئەویش ناموسی سەرۆک و ناو هێنانی کچەکەی بوو. بۆیە من پێموایە سەردەشت یەکێک لە قوربانیانی تیرۆری ناموسپەرستی و کڕینەوەی شەرەفی خێزان بوو بۆ سەرۆک.

Leave A Reply

Your email address will not be published.