ئەوەى تاڵەبانى دەكاتەوە بە سەرۆك كۆمار ..!


سه‌رده‌شت عوسمان:sardasht osman (4)

تاڵەبانى سەرەڕاى زۆرى تەمەنى و خراپى تەندروستى خۆى و حیزبەكەى، كەچى جارێكیدیكە لە كەڵكەڵەى خەونى بوون بە سەرۆك كۆمارەوەیە، لەوانەیە ئەمە دوا ئارەزووى تاڵەبانى بێت كە بیەوێت لە كۆشكى سەرۆك كۆمارییەوە سەر بنێتەوە، یان خەیاڵە لە مێژیەنەكەى خۆى بهێنێتە دى كە لەڕێگەى بە ناو ئاشتەواییى عێراق كە بە ماڵوێرانكردنى گەلى كوردەوە كۆتایی دێت بیەوێت خەڵاتى نۆبڵى ئاشتى وەربگرێت.
بەر لە هەموو شتێك ئێمە دەبێت ئەو پرسیارە زیندوبكەینەوە كە ئایە چى تاڵەبانى جارێكیدیكە دەكاتەوە بە سەرۆك كۆمار؟ ئایە دەنگى هەڵبژاردنەكان؟ ئایە پارتەكەى تاڵەبانى توانى دەنگى ملیۆنێك خەڵكى عێراق بەدەست بێنێت لە هەڵبژاردنەكان تا بتوانێت ببێت بە سەرۆكى وڵاتێكى نزیكەى 30 ملیۆن كەس؟ ئایە كارێزماكەى تاڵەبانى لە عێراق لە كوێوەیە كە خەریكە خۆرى لە خودى كوردستانیش بەرەو ماڵاوایی دەڕوات؟
ئەگەر بۆ خودى تاڵەبانى و یەكێتى پاڵپشتى لیستەكەى مالیكى بۆ تاڵەبانى جێگەى شانازى بێت ئەوە بۆ منى تاكى كورد جێگەى نیگەرانییە، چونكە ئەوە هەیمەنەى تاڵەبانى نییە كە وا لە مالیكى دەكات پاڵپشتى بكات بۆ جارێكیدیكە وەرگرتنەوەى پۆستى سەرۆك كۆمار، بەڵكوو ئەوە بێدەنگى جەنابى تاڵبانییە لە شوێنە حەساسسەكاندا كە دەستى مالیكى لە بڕیارى تاكلایەنانە ئاوەڵا كردووە، ئەوە بێموبالاتى تاڵەبانییە كە هیچ باكى بە مافى نەتەوەیەك نییە كە وەك نوێنەرى ئەوان رۆیشتە بەغداد، نزیكترین نمونەش پەسەندكردنى یاساى هەڵبژاردنەكان بوو لەلایەن تاڵەبانییەوە كە لە دوا خولەكدا تاریق هاشمى فریامان كەوت. 
ئەوەى وا لە مالیكى دەكات تاڵەبانى هەڵبژێرێت بۆ ئەم پۆستە نە دۆستایەتى كورد ە و نە ژیرى خودى تاڵبانییە كە وا لە مالیكى بكات پێى سەرسام بێت، بەڵكوو هۆكار گەلێكن كە لەم رێگەیەوە دەیەوێت ئیختیارى باشترین(the best) بكات:
یەكەمیان/لەڕێگەى ئەم هەنگاوەوە دەیەوێت هاوپەیمانى كوردەكان بەدەستبێنێتەوە بۆ دووبارە بوونەوەى بە سەرۆك وەزیرانى عێراق، لەم هەنگاوەشدا مالیكى رێگە لە كوردەكان دەگرێت بۆ ئەوەى لەبەرامبەر پاڵپشتیكردنى مالیكى بۆ ئەم پۆستە داواى مەرجى وەك جێبەجێكردنى مادەى 140 یان یاساى نەوت و غاز نەكەن، چونكە لە پێشتردا ئەو پاڵپشتى لە تاڵەبانی كردووە.
دووەمیان/مالیكى دڵنیایە كە پێدانى پۆستى سەرۆك كۆمار بە سوننەیەك (كە تاریق هاشمییە)، دروستكردنى كۆسپێكە بە دەستى خۆى بۆ خودى خۆى، بۆیە لەم رێگەیەوە مالیكى چەند مەبەستێك دەپێكێت، رێگە نادات وڵاتە عەرەبییەكان لە رێگەى سوننەكانەوە هەیمەنەى خۆیان بەهێز بكەن، لێرەشەوە جارێكیدیكە بەردەوامى بە هەنگاوەكانى دەدات لە دوورخستنەوەى بەعسییەكان لە پرۆسەى سیاسى عێراق كە سوننەكان زۆر بە تووندى رەتیدەكەنەوە، هەروەك نارەزایی سوننەكانیشمان لە دوورخستنەوەى ساڵح موتڵەگ بینى بەر لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكە، بۆیە لێرەشەوە ئەتمۆسفێرى داهاتووى عێراق وا لە مالیكى دەكات كە رێگرى بكات لە گرتنەدەستى سەرۆك كۆمار لەلایەن سوننەكانە، ئەو ستایشەى كوردیش بۆ خودى مالیكى لەبەرامبەر پاڵپشتى تاڵەبانى زۆر ساویلكانەیە كە لە بنەڕەتدا ئەوە نە هەڵوێستى مالیكییە بەرامبەر بە كورد نە خەمخۆرى دۆستایەتى ئەویشە بەرامبەر بە نەتەوەیەك كە لە ماوەى زیاتر لە چوار ساڵى پۆستەكەى سەرسەختى گەورەترین خەونى كورد بوو ئەویش كێشەى كەركووك یان ناوچە جێناكۆكى لەسەرەكان بوو، ئەوەى لە فەزاى سیاسى عێراقیش كە ئێستا بەلاى جەنابى تاڵەبانى دەشكێتەوە هیچ شتێك نییە تەنیا خوڵقانى بارودۆخەكەیە یان دروستبوونى حاڵەتى(دوژمنى دوژمنم دۆستمە) بۆ كورد.
ئەوەى لەم نێوەندە جارێكیدیكە كورد دەكاتەوە بە قوربانى خەونى تاڵەبانییە بۆ دەسەڵات، لەگەڵ فیكەى دەستپێكردنى یاریەكە ئێمە دەبێت گریمانەى ئەوە بكەین كە جارێكیدیكە ئێمە رازین بە بەرامبەر بوون، چونكە بە هێرشبەرێكى زۆر لاوازە و هیچ ئارەزوویەكیشى نییە بۆ گۆڵ كردن جگە لە خۆ نمایشكردنەوە دەڕۆین بۆ بەغدا، بەبڕواى من لەم حاڵەتەدا تەنانەت بە یاریكەرێكى كەمترەوە یارى بكەین باشترە.
2010-03-10

Leave A Reply

Your email address will not be published.