ئازار 28, 2024

Select your Top Menu from wp menus

هۆنراوەیەکی ڕەفیق سابیر بۆ وەدات حسێن

رۆژێ دەمی بەیانی

بۆ وەدات حوسێن

رۆژێ دەمی بەیانی

لە ژوانگەی پەیڤ و جوانی

خۆشمێرێکیان لێ کوشتین

رۆژ بوو کاتی بەیانی.

بەتین لە تافی لاوی

جاربەجارێ سەرەڕۆ

ئاشق لە مردن بێ باک

بەرزەفڕ وێنەی ھەڵۆ.

لاوێ ھۆگری ژیان

خۆی ھاوواتای ھیوا بوو

لە گەرمەی بەرزەفڕیی

لە ئاسۆوە ئاوا بوو.

ئێستا لەوێ تەنیایە

جەستەی پڕی برینە

بەیان وەک ئەو خوێناوی

وەرزی ماتەم و شینە.

لاوێ شەڵاڵی خوێنە

وێنەی وڵات زامدارە

ژیان ژاکاو، پەشۆکاو

وەک ئێمە تازیەبارە.

رۆژ بوو دەمی بەیانی

جوامێرێکیان لێ کوشتین

شەیدای ئازادی و جوانی

رۆژێ کاتی بەیانی.

 

رەفیق سابیر

ئوپسالا ١٦ی ئابی ٢٠١٦

س.خ

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *