ھەفتەیەک پێش جەژنی قوربان ستافی ئامادەکاری مەراسیمەکە نووسراوێک بۆ وەرگرتنی مۆڵەت ئاراستەی پارێزگاری سلێمانی دەکەن، کە سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانە، بەڵام ئەوان مۆڵەت نادەن ودەڵێن بچن بۆ دەزگای ئاسایش و لەوێ مۆڵەت وەربگرن. دوای ھەوڵێکی زۆری ستافەکە، ئاسایشی یەکێتی پێی راگەیاندوون “نابێت بەھیچ جۆرێک ئەو یادە بکرێتەوە و لەسەرووی خۆمان ئەمرکراوە و بەدەست ئێمە نییە.” ئەم بڕیارەی ئاسایشی یەکێتی لەکاتێکدایە پارتی دیموکراتی کوردستان تاوانبارە بەکوشتنی رۆژنامەنووس
وەدات حوسێن، ھاوکات ھەنگاوەکەی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی و یەکێتی لە دەزگای ئاسایش نایاساییە، چونکە بەپێی بڕگەی ٣ لەماددەی ١ی یاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٠ی رێکخستنی خۆپیشاندان، مۆڵەت وەرگرتن بۆ کۆنفرانس و کۆبوونەوەی ھۆڵەکان دیاری نەکراوە، ھەر بەپێی بڕگەی١و٢ی ھەمان ماددەش مۆڵەتپێدان لەدەستی وەزیری ناوخۆ و یەکە کارگێڕییەکانە نەک ئاسایش.
-لەدوای تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی لە کەلار، لەبەرئەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە تیرۆرکردنی کاوە تاوانبار بوو، ساڵی ٢٠١٢ مەسعود بارزانی خێزانی کاوە گەرمیانی بانگھێشتکرد و ئامەد کاوە گەرمیانی باوک نەدیوی لەباوەش گرت، بەڵام ھەر حیزبەکەی مەسعود بارزانی کە تاوانبارە بەتیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان و وەدات حوسێن و سۆرانی مامەحەمە بکوژان ئاشکراناکات و بەردەوامە لە ھەڕەشەکردن لە رۆژنامەنووسان و سەرکوتکردنی ئازادی رادەربڕین.