ئازار 28, 2024

Select your Top Menu from wp menus

ئاماژەکانی پشت تیرۆرکردنی شەهید وەدات

ئیبراهیم عەباس:

دوو ساڵ بەر لە ئێستا لەگەڵ دەستپێکی رۆژێکی نوێدا، هەمان ئەو دەستانەی لەهەولێر و کەرکوک رۆژنامەنووسان تیرۆرو ئەشکەنجە ئەدەن، رۆژی ١٣ ئابی ٢٠١٦ لە شاری دهۆک رۆژنامەنووس وەدات حوسێن عەلی دۆسکی یان تیرۆر کرد، شەهید وەدات دوای شەهید سۆرانی مامە حەمە لە کەکوک و سەردەشت عوسمان لە هەولێرو کاوە گەرمیانی لە کەلار، بووە چوارەمین شەهید کە گیانی خۆی بەخشیە ئازادی رۆژنامەوانی و پەیڤی ئازادو رووبەروونەوەی زوڵم و غەدرو تاوان و نادادی و گەندەڵی.

تیرۆری وەدات نەک کارێکی رێکخراوی دەزگا ئەمنییەکانی پارتییە، بەڵکو نەخشەو پیلانەکە لای سەرکردە باڵاکانی ئەو حزبەیەو مەبەستەکەش هەر تەنها بۆ کپ کردنی دەنگی ئازادی لە دهۆک و بادیناندا نەبوو، بەڵکو بۆ رازیکردنی میت و تورکیا بوو کە دهۆک و بادینان بۆ قەڵمڕەوی تورک یەکلابۆتەوە، چونکە تورکەکان بادینان و دهۆک بە ناوچەو جێ نفوزی خۆیان ئەزانن و هەموو هەڵیکیان بۆ کپکردنی دەنگی ئازادو بوێرە لەو دەڤەرە، بەکردوەش لەدوو ساڵی رابردوو نەک هەر بادینان بووە ویلایەتێکی تورک بەڵکو خۆ رادەستکردنی سەرانی پارتی گەیشتە ئەو ئاستەی بەهاری ئەمساڵ میت و جەندرمە بهێننە ناوچەکانی بارزان و برادۆست و دەڤەری سۆران.

وەدات کە بۆ ئاژانسی هەواڵی رۆژ نیوز کاری ئەکردو چالاکوانێکی کاراو داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی خەڵکی کوردستان و شارەکەی خۆی بوو، بەلای پارتی و تەنانەت تورکەکانیش ئەمە نەک هەر مەترسی بوو، بەڵکو ببووە کابووسێکی ناخۆش، هەر بۆیە هەرچی هەوڵ هەیە تاقی ئەکەنەوە تا بە پارە ئیغرای بکەن و بەهەر نرخێک بێت یان بێدەنگ یان ویژدان و قەڵەمەکەی بکڕن، بەڵام کاتێک وەدات بەمە رازی نابێت راستەوخۆ دەسەڵاتی باڵای پارتی لە هەولێرو سەری رەشەوە فەرمانی تیرۆرکردنی دەرئەکەن و بەزوویش جێبەجێ ئەکەن.

وەدات هەر سومبلێکی گەورەی ئازادی رۆژنامەوانی و شەهیدێکی دەستی زوڵم نییە، بەڵکو تیرۆرکردنە ناهەقی و ئاشکراکەی پەردەی لەسەر ئەو هەموو تیرۆرانە هەڵدایەوە کە لە راپەرینەکەی بەهاری ١٩٩١ەوە سەرکردەکانی پارتی لەبادینان ئەیکەن، ئەو تیرۆرانەی مەبەستەکەیان دابڕانی بادینان بوو لە هەولێرو سلێمانی و کەرکوک.

یادو بیرهێنانەوەی ساڵوەگەری شەهید وەدات هەر تەنها بۆ دەربڕینی هاوخەمی بۆ خانەوادوەو کەس و کارو هاوڕێ و هاوبیرانی شەهید وەدات و ئازادیخوازانی کوردستان نییە، بەڵکو دەرخستنی ئەو دەستانەیە کە بێ باکانە رۆژنامەنووسان تیرۆر ئەکەن و بێ ترس رۆژنامەنووسان ئازار ئەدەن. بێگومان هەتا بە قەڵەم و وشەی ئازادیخوازان ئەم دەسەڵاتە سەرکۆنەو شەرمەزار نەکرێت و ئەم سەرکۆنە نەبێتە خەمی رای گشتی، تیرۆر و کپکردنی دەنگی ئازاد بەردەوام ئەبێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *