نیسان 25, 2024

Select your Top Menu from wp menus

بۆ وەدات حسێن

عەزیز ڕەئووف:

وه‌داتی ئازیز، هەر پێمان دەكرێت مەرگەكان زیاد بكەین، هەر پێمان دەكرێت پرسە بنێرین و لۆگۆی پەیج و ئەكاونتەكانمان بكەین بە وێنەی ڕۆژنامەنوسانی شەهید. هەڤاڵ دەزانی خەریكە مەرگیش ڕامان ناچڵەكێنێت. خەریكە یەك یەك هەموومان دەكوژن، كەچی كۆمەڵگەیەك سەرگەرمی نیوە موچە و نیوەكارەبایە. هەڤاڵ، لەبەردەم شارێكدا دەتڕفێنن و تیرۆرت دەكەن، كەس ورتەی لێوە نایات. ئەوان سەركەوتوو بوون لەجیاتی دروستكردنی شار، دەواجنیان دروست كردووە، لە دەواجندا كەس نافڕێت، لە دەواجندا كەس یاخی نابێت. وەداتی ئازیز، بیست و پێنچ ساڵە دەواجن دروست دەكەن و سەرقاڵمان دەكەن بەوەی كە بخۆین و بخەوین. وەداتی ئازیز ئێستاش هێزگەلێك ماون بڕوایان بە پاكێج و دادگا و گفتوگۆ و تورەهاتەكان ماوە. ئێستاش ڕێكخراوی ڕۆژنامەنوسی هەیە باس لە دادگاو دۆزینەوەی بكوژان دەكەن، وەداتی من ئەوان بوون بە پینەچی ئەزمونێك كە تەواو بووە، بوون بە پاسەوانی دەسەڵاتێك كە لەمێژە قاچی لەدەستداوە. وەداتی من، ئەوەندە دەزانم شتێك نەكرێت، سەرەی یەك یەك ئەوانە دێت كە قسە دەكەن، نیشتیمان دەگەن بە گۆڕستانی ئەوانەی كە زمانیان هەیە. وەدات گیان تەواو، لەبەردەم ئەزمونێكداین شكستی خواردووە، گەمژەیە ئەوەی باسی دەسەڵات و دادگا و دۆزینەوەی پیاوكوژان دەكات، گەمژەیە ئەوەی بەدواداچوون دەكات و لیژنە پێك دەهێنێت. وەداتی من تۆ یەك جار مردی، ئێمە هەزاران جار لە چاوەڕوانی و خەمدا دەمرین، تۆ لە نیوەی شانۆگەریەكەدا ڕۆیشتی، ئێمە دەبێت چەندین سیناریۆ و برین و ئازاری تر ئەزموون بكەین. لە هەمووی خەمبارانە تر ئەوەیە تۆ لەسەردەمی نائومێدی لەسەرجەم هێزەكان دەڕۆی، ئەگەر سەردەمی سۆران و سەردەشت، شتێك بەناوی ئومێد مابێت، ئەوا مەرگی تۆ هیچ ئومێدێكی بۆ جێنەهێشتین. وای وه‌داتی من چەند سەختە مەرگت، وەداتی من چەند سەختە برینەكانی ڕوخسارت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *