نیسان 18, 2024

Select your Top Menu from wp menus

٣ ساڵ دوای وەدات

سەرباری تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن-دا، هێشتا بکەران و دەستەکانی پشت ئەو تاوانە ئاشکرانەکراون و کەیسەکەی بە تەمومژاویی ماوەتەوە، ئەمەش بەلای ڕۆژنامەنووسان و کەسوکاری ڕۆژنامەنووسانی تیرۆکراوەوە، ڕێخۆشکەربووە بۆ زیادبوونی پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان.

بەیانی ڕۆژێکی نوێ بوو، وەدات دەکەوێتە ڕێ و برایەکی دەگەیەنێتە شوێنی کارەکەی، بێ ئاگا لەوەی دوو ئۆتۆمبێل چاودێریی دەکەن، زۆری پێ ناچێت دوو ئۆتۆمبێلەکە لە ناوەڕاستی ناوچەی ماڵتا-ی دهۆکدا ئۆتۆمبێلەکەی وەدات ڕادەگرن و توورەکە دەکەن بەسەری وەدات-دا و بە بەرچاوی خەڵکەوە دەیڕفێنن.

دوای نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، وەدات بە بریندارییەکی سەختەوە لەسەر ڕێگای سێمێل – دهۆک دۆزرایەوە، پاش ئەوەی گەیەندرایە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهیدبوو، ئەم چەند کاتژمێرە بووە دوایین ساتەکانی ژیانی وەدات-ی ئاشقی ئازادیی و خاڵی سەرەتای تیرۆرێکی دیکەی دەنگی ئازاد لە هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆش ١٣ی ئاب، سێ ساڵی تەواو بەسەر تیرۆرکردنی وەدات حسێن، ڕۆژنامەنووس و پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز لە شاری دهۆک تێپەڕبوو، لەماوەی ئەم سێ ساڵەدا سەرباری هەوڵەکان بۆ ئاشکراکردنی دەستەکانی پشت ئەو ڕووداوە، بەڵام هێشتا هیچ کەسێکیش بە تۆمەتی تیرۆرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەستگیرنەکراوە.

وەدات حسێن عەلی، ناسراو بە وەدات دهۆکی، ساڵی ١٩٨٨ لە گوندی ئەلەکانی سەر بە شارۆچکەی گەڤەری پارێزگای جولەمێرگ-ی باکوری کوردستان لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز لە دایکبووە، خاوەنی حەوت خوشک و ١١ برایە.

بنەماڵەی وەدات خەڵکی دهۆکن، بەڵام لە دوای ئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٥ی مەلا مستەفای بارزانییەوە، باوکی وەدات ڕوو دەکاتە باکوری کوردستان و لەوێ ژیانی هاوسەریی پێکدەهێنێت، پاشان بەهۆی بارودۆخی ئەو کاتەی تورکیاوە، لە ساڵی ١٩٩٠دا دەگەڕێنەوە بۆ باشوری کورستان و لە دهۆک نیشتەجێدەبنەوە

وەدات قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندیی و ئامادەیی تا پۆلی ١٢ لە دهۆک بە سەرکەوتوویی تێدەپەڕێنێت، بەڵام بەهۆی گوشارەکانی سەریەوە لە پۆلی ١٢ی ئامادەییدا ناچاردەبێت واز لە خوێندن بهێنێت.

وەدات لە تەمەنی گەنجیدا بۆ ماوەی چەند ساڵێک وەک چالاکوانی مەدەنیی و ئەندامی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان لە دهۆک کار و چالاکیی دەبێت و هەر لەو ماوەیەشدا چەندین چالاکیی بۆ پشتیوانیی شۆڕشی پارچەکانی دیکەی کوردستان و باکور و ڕۆژئاوا ڕێکدەخات و بەشدارییش لە هەموو بۆنە و چالاکییە نیشتمانیی و نەتەوەییەکاندا دەکات، ئەمەش وادەکات جێدەستی بە خەباتی مەدەنیی ئەو پارێزگایەوە دیاربێت و ڕووبەڕووی فشاری زۆری دەزگا ئەمنییەکانیش ببێتەوە.

وەدات لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦-دا وەک پەیامنێر لە ئاژانسی ڕۆژنیوز وەک پەیامنێر لە شاری دهۆک دەستبەکاردەبێت، ئەمەش وادەکات فشارەکانی دەزگا ئەمنییەکانی ئەو پارێزەگایە لەسەری زیادببێت، بەڕادەیەک چەندین جار لەلایەن ئاسایش و دادگای دهۆکەوە بە پاساوی جیاجیا بانگکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە، بەڵام ئەو بێ گوێدانە فشار و مەترسییەکان، بەردەوامدەبێت لەسەر ڕاپەڕاندنی کارە ڕۆژنامەوانییەکانی.

تەنها دوای دوو مانگ لە دەستبەکاربوونی لە ڕۆژنیوز، بەیانی ڕۆژی ١٣ی ئابی ٢٠١٦ وەدات لەلایەن دوو ئۆتۆمبێلەوە لە گەڕەکی ماڵتای شاری دهۆک دەڕفێندرێت و دوا نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ بە برینداریی دەدۆزرێتەوە، پاش گەیاندنی بە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە وەدات شەهید دەبێت و لە گۆڕستانی شاری دهۆک بەخاکدەسپێردرێت

شێوازی ئەشکەنجە و تیرۆرکردنەکەی هێندەی تر چیرۆکی تیرۆرکردنی وەدات تراژیدیی دەکات، هەر ١٠ پەنجەکانی دەستی بە زیندوویی دەشکێندرێن و ئاسەواری چەند چەقۆیەکیش بە جەستەیەوەبوو، شکاندنی پەنجەکانی ئاماژەیەکی ڕوونبوون بۆ ترسی بکەرانی ئەو تیرۆرە لە نووسین و ڕەخنەکانی قەڵەمەکەی وەدات-ی ڕۆژنامەنووس.

تیرۆرکردنی وەدات هاوشێوەی تیرۆرەکانی دیکەی هاوپیشەکانی پێش خۆی ناڕەزایەتیی زۆری لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان لێکەوتەوە، دەیان حزب و لایەنی سیاسیی و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی ناڕەزایەتییان لەسەر ئەو تیرۆرە دەربڕی، سەرباری ئەو فشارانەش، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ یەکێک لە بکەرانی ئەو تیرۆرە دەستگیرنەکراون.

سۆران حسێن، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەریی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز، لە سێیەمین ساڵیادی تیرۆری شەهید وەدات حسێن-دا، ئەوە دەخاتەڕوو، کە دوای سێ ساڵ لەو تیرۆرە، هێشتا هیچ بەرەوپێشچوونێک لە کەیسەکەدا نییە و وتی: دەزگا ئەمنییەکان هەرکات ویستبێتیان بە ئاسانیی تۆمەتبارانی هەر ڕووداوەکانیان دۆزیوەتەوە کە ڕوویدابێت، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لە کەیسی تیرۆری ڕۆژنامەنووساندا هەتاوەکو ئێستا یەک کەیس یەکلایی نەکراوەتەوە

سۆران ئاماژەی بەو پێشێلکارییانە کرد کە ڕۆژانە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدەدرێن و وتی: لەمکاتەدا کە ئێمە یادی سێ ساڵەی تیرۆری وەدات دەکەینەوە، چەندین ڕۆژنامەنووس لە زیندانەکانی دەسەڵاتدان لەسەر پیشەکەیان، بەتایبەت لە سنووری دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق، ئەوەی جێی داخە هیچ لایەنێکیش خاوەنداریی لە ڕۆژنامەنووس ناکات، هەر ئەمەش هۆکاری ئەوەی کە دەسەڵات بەردەوامە لە پێشێلکارییەکانی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان.

تیرۆری وەدات ئەڵقەیەکی دیکەی زنجیرە تیرۆری ڕۆژنامەنووسان بوو لە باشوری کوردستان، یەکەم ڕۆژنامەنووس نییە کە لەسەر پیشەکەی تیرۆرکراوە، بەڵکو پێش ئەو هەریەکە لە ڕەئوف ئاکرەیی ساڵی ١٩٩٣ لە زاخۆ، سۆرانی مامەحەمە ساڵی ٢٠٠٨ لە کەرکوک، عەبدولستار تاهیر شەریف ساڵی ٢٠٠٨ لە کەرکوک، سەردەشت عوسمان ساڵی ٢٠١٠ لە هەولێر و کاوە گەرمیانی ساڵی ٢٠١٢ لە کەلار تیرۆرکراون، لە هەموو ئەو کەیسانەشدا جگە لەوەی کەسێک بە تۆمەتی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە (کە ئەمەش بنەماڵەکەی وەک تاوانباریی سەرەکی قبوڵی ناکەن) هیچ کەسێکی دیکە لەسەر کەیسی تیرۆری ڕۆژنامەنووسان دەستگرنەکراوە.

بەشدار عوسمان، چالاکوانی مەدەنی و برای شەهید سەردەشت عوسمان، بۆ ڕۆژنیوز ئاماژە بەوەدەکات، کە کەیسی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان لای ئەوان بە کراوەیی دەمێنێتەوە، تا ئەوکاتەی “داد و دادگایەکی سەربەخۆ دێتە کایەوە” و دەشڵێت: ئێمە چ وەک خانەوادەی ئەو رۆژنامەنووسانەی کە تیرۆرکراون، چ وەک خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لەخوێنی بەناحەق ڕژاوی رۆڵەکانمان خۆش نابین، زوو بێت یان درەنگ دەبێت نەخشە داڕێژەران و ئەنجامدەرانیان ئاشکراو دادگایی بکرێن، بەڵام لەبارودۆخی ئێستای کوردستاندا کەخێڵ و عەشیرەت لەسەرووی دەزگای ئەمنی و دەسەڵاتی قەزائیەوەیە وەستاون و نەخشە داڕێژەران و بکوژانی رۆڵەکانی ئێمەش لەسەری سەرەوەی دیوەخانەکان دانیشتوون ئەستەمە ئەو کارە بکرێت.لەبارەی ئەوەی کە بۆچی هیچ کام لە لایەنەکان خاوەنداریی لە کەیسی ڕۆژنامەنووسان ناکەن، بەشدار عوسمان دەڵێت: ئازادیخوازی و بەرگری لە ئازادی ڕادەربڕین بۆ هەر کەس و لایەنێکی سیاسی کە خۆی بانگەشەی ئازادیخوازی دەکات، دەبێت پڕەنسیپ بێت و تا دوا وێستگە دەبێت دژی بکوژی نووسەران و ڕۆژنامەنووسان لەسەنگەردابێت، نابێت هیچ هێزێک کاریگەری لەسەر گۆڕینی ئەو پڕەنسیپە دابنێت و لێی پەشیمان ببێتەوە، هەر کەس و لایەنێک ئەو کارەیان کرد و پێچەوانەی ئیدعاکانی پێشووتریان مامەڵەیان کرد، ئەوا خۆی لەخۆییدا بەرگری ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەنووسان پڕەنسیپ نەبووە، بەڵکو تەنها بانگەشەیەکی پوچ بووە بۆ هەڵخەڵەتاندنی جەماوەری خەڵکی کوردستان، بێگومان خەڵکی هۆشیاری کوردستانیش حوکمی خۆی بەسەر ئەو کەس و هێز و لایەنە سیاسیانە دەدات کە بەم شیوەیە مامەڵە دەکەن.

بەگوێرەی ئاماری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان، تەنها لە ساڵی ڕابردوودا ٣٤٩ پێشێلکاریی لە هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان تۆمارکراوە، هەروەها بەپێی ئاماری سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانیش، تەنها لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٦٥ ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی پێشێلکاریی بوونەتەوە.

ئاژانسی ڕۆژنیوز کە وەدات کاری تێدا دەکرد، وەک میدیایەکی ئازاد لە باشوری کوردستان ڕۆژانە ڕووبەڕووی پێشێلکاریی دەبێتەوە، بەپێی ئاماری سەنتەری میترۆ تەنها لە ساڵی ٢٠١٨دا، ١٨ پێشێلکاریی بەرامبەر ڕۆژنیوز ئەنجامدراوە. لە ئێستاشدا کە ڕۆژنیوز یادی تیرۆری ڕۆژنامەنووسێکی دەکاتەوە، ماوەی ٢٤ ڕۆژە زوبێر برادۆستی، پەیامنێری ئاژانسەکەمان لە شارەدێی سیدەکان-ی سەر بە شارۆچکەی سۆران لە پارێزگای دهۆک لەلایەن هێزێکی پێشمەرگەی پارتییەوە دەستگیرکراوە و سەرباری هەوڵی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیی و ناوخۆییەکانی تایبەت بە پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان، تاوەکو ئێستاش ئازادنەکراوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *