ئازار 29, 2024

Select your Top Menu from wp menus

کاردانەوەی رۆژنامەنووسان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ تیرۆریکردنی وەدات

تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس وەدات حسێن، بەشێوەیەکی دڕدانە، کاردانەوەی جیاوازی لە شەقامی کوردی و جیهانی و ناوچەکە هەبوو، لە هەر شوێنێک بە شێوەی جیاجیا باس لە کارە تیرۆریستییە و قێزەونە کراوە، رۆژنامەنووسان و نوووسەران لە هەموو توێژێک زیاتر کاردانەوە و هەڵوێستیان هەبووە.

رۆژنامەنووسان و نووسەران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکیش هەر یەکە و بە شێوزای خۆی هاوخەمی خۆی بۆ تیرۆرکردنی وەدات حسێنی رۆژنامەنووس دەردەبڕیوە.

عەزیز ڕەئوف، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردوەتەوە و نووسیوێتی:”وەدات گیان تەواو، لەبەردەم ئەزمونێکداین شکستی خواردووە، گەمژەییە ئەوەی باسی دەسەڵات و دادگا و دۆزینەوەی پیاوکوژان بکات، گەمژەییە ئەوەی بەدواداچوون دەکات و لیژنە پێک دەهێنێت”.

عەزیز ڕەئوف، زیاتری نووسیوە:”وەداتی من، تۆ یەک جار مردی، ئێمە هەزاران جار لە چاوەڕوانی و خەمدا دەمرین، تۆ لە نیوەی شانۆگەریەکەدا ڕۆیشتی، ئێمە دەبێت چەندین سیناریۆ و برین و ئازاری تر ئەزموون بکەین، لە هەمووی خەمبارانەتر ئەوەیە تۆ لەسەردەمی نائومێدی لەسەرجەم هێزەکان دەڕۆی، ئەگەر سەردەمی سۆران و سەردەشت، شتێک بەناوی ئومێد مابێت، ئەوا مەرگی تۆ هیچ ئومێدێکی بۆ جێنەهێشتین”.

نیاز حامید، نووسەر، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی:”نەمدەویست هیچ لەسەر تیرۆری وەدات بنووسم، چونکە قێزەونی ئەو کارە رەشی دڵ و رقی پیس و چەپەڵی تیرۆریستان نیشان دەدات، هیچم بە شایستەی رۆحی پاکی نەدەبینی، لێ ڤیدیۆکەی منبیج ناچاری کردم، لە ئازادکردنی هەر بستێکی خاکی کوردستان، بەرەی تیرۆر، بەرەی داعشەکان، بەرەی بەکرێگیراو و مورتەزەقەکان، ترسنۆکانە بە تیرۆر وەڵام دەدەنەوە”.

لە باشوردا نەیانتوانی رۆڵی گەریلا و شەڕڤانانی یەبەشە لە رزگارکردن و بنیاتنانەوەی شنگال بۆ تۆزقاڵێک کەم بکەنەوە، تیرۆریستان رۆژنامەوان ویدادیان، تیرۆرکرد.

دکتۆر شاهۆ سەعید، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، بۆ تیرۆرکردنی وەدات لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نووسیوێتی:”وێنەی جەستەی کوژراو و ئەشکەنجەدراوی (وەدات دهۆکی) ریسواییەکی ترە لە زنجیرەیەکی درێژی ڕیسوایی، کە بێگومان دەچێتە فایلی حوکمڕانی (خۆماڵی) هەرێمی کوردستانەوە، ئەو وێنەیە جارێکی تر گوزارشت لە هەقیقەتێکی تاڵ دەکات، دووپاتی دەکاتەوە کە قسەکردن لە ئازادی کاری میدیایی و سەروەریی دەسەڵاتی یاسا لە کوردستاندا وەک هەمیشە درۆیەکی گەورە و فریودانێکی قێزەونە”.

بەشدار عوسمان، ڕۆژنامەنووس، لە باسی تیرۆرکردنی وەدات لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێت:” گەنجانی دهۆک، گەنجانی سلێمانی، گەنجانی هەولێر و گەنجانی گەرمیان…. لەبەرچاوی ئەوان سەروەت و سامانی ئەوان لە ژێرزەوی و سەرزەوی و دەردەهێنرێت و بە بەرچاوی ئەوانەوە دەفرۆشرێت و بەتاڵان دەبرێت و دەچێتە سەر کۆنتۆ و خەزێنەی چەند کەسێک و چەند بنەماڵەیەکی دەستڕۆیشتو و دەسەڵاتداری میلیشیایی لە کوردستاندا، لە کاتێکدا ژمارەیەکی زۆری گەنجان لە بێکاریدا ڕاگیراون و بێبەشن لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیاندان”..

بەشدار نووسیویەتی:”ئا لێرەدا بوونی رۆژنامەنووسی ئازاو بوێر و گەنجی ناڕازی بۆ ئەو دەسەڵاتە مەترسیدارە، بۆیە تیرۆری رۆژنامەنووسان لە کوردستان راستەخۆ بەشێکە لە سیاسەت و سیستەمی نەوتیی دەسەڵاتدارانی کوردستان، ئەوەی زیاتر دۆسییەکانی تیرۆری رۆژنامەنووسانی مەترسیدارتر کردوەتەوە، تاوانباران و ئەنجامدەران و ئەوانەی لەپشتەوەی ئەم تیرۆرانەن بەئاشکرا دەسوڕێنەوە، لە کاتێکدا ئەنجامدەرانیان بۆ زۆرێک لە خەڵکی کوردستان رون و ئاشکران، دادگا و دەسەڵاتی قەزائی نەک ناتوانێ سەربەخۆیانە و بێلایەنانە لێکۆڵینەوەکانی بباتە پێشەوە و ماف بۆ مافخوراو بگەڕێنێتەوە، بەپێچەوانەوە دەبێتە رایەڵەیەکی بەهێز بۆ بەلاڕێدابردنی کەیسەکان و دیزەبەدەرخۆنە و ونکردنیان و پەنادانی تاوانباران کەیسەکانی تەنها شەش ساڵی رابردو لە هەرێمی کوردستان نزیکترینیانن”.

لوقمان غەفوور، ڕۆژنامەنووس، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوێتی:” ئێستا کاتێک وەدات حسێن له‌دهۆک تیرۆر ده‌کرێت، که‌س بۆی نییه‌ له‌ودیو دێگه‌له‌وه‌ ئه‌و فه‌زای که‌مپین ‌و رێپێوانه‌ دروست بکات، چونکه‌ بکه‌ره‌کانی ئه‌و تیرۆره‌ له‌ودیو دێگه‌ڵه‌وه‌ن، له‌دیدێکی تره‌وه‌ بۆ چه‌ند رۆژێک بێده‌نگیه‌کی ته‌واو به‌سه‌ر ئه‌و سنووره‌دا باڵ ده‌کێشێت، تا ئه‌و کاته‌ی دوو پاڵه‌وان په‌یدا ده‌بن‌و سیناریۆیه‌ک داده‌ڕێژن که‌ کاره‌کته‌ری سیناریۆکه‌ش باوه‌ڕیان پێیی نییه‌و ئه‌زانن درۆیه‌، که‌چی بره‌وی پێده‌ده‌ن‌و قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌که‌ن، سه‌رئه‌نجامیش مه‌له‌فی قوربانی ونده‌بێت”.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *