ئازار 28, 2024

Select your Top Menu from wp menus

گفتوگۆیەکی کراوە لەسەر ئازادی بیروڕا لە سلێمانی بەڕێوەچوو

رۆژنیوز – ڕێزان محەمەد: لە شاری سلێمانی گفتوگۆیەکی کراوە لەلایەن ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی لە کوردستان لەسەر ئازادی بیروڕا و کۆبونەوە و خۆپیشاندان و مافی بەدەستهێنانی زانیاری بۆ چەند ڕۆژنامەنووس و ڕێکخراوێک بەڕێوەچوو، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسان کە بەشداربوی گفتوگۆکراوەکە بوو رایدەگەیەنێت ئازادی رادەربڕین هەیە، بەڵام نازانم تا چی ڕادەیەک ئازادم.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی هۆتێل مەموزین لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی، گفتوگۆیەکی کراوە لەسەر ئازادی میدیا بە ئامادەبونی ژمارەیەک لە چالاکوانان و رۆژنامەنوسان بە ڕێوەچوو، لە گفتوگۆکەدا سۆران حسێن نوێنەری ئاژانسی ڕۆژنیوز باسی لەو گرفتانە کرد بۆ ڕووماڵکردنی ئاژانسەکە درووستدەکرێت.

سەنگەر یوسف، بەڕێوەبەری پرۆژەی ئازادی بیروڕا لە ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی، لەسەر گفتوگۆکەو ئامانجیان بۆ ڕۆژنیوز دواو وتی:”ئێمە وەک ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی بە هاوکاری ڕێکخراوی فریاگوزاری میللەتی نەرویجی لە ساڵی پارەوە دەستمان بە پرۆژەیەک کردووە لە هەرێمی کوردستان، وە چەندین چالاکی جۆراو جۆر ئەنجامدەدەین، کە یەکێک لە چالاکیەکانمان بەستنی ئەم گفتوگۆکراوەیە، کە بۆ ڕەوشی ئازادی بیروڕا لە هەرێمی کوردستان، وە ئەو پێشێلکاریانەی کە دەکرێن چین لە هەرێمی کوردستاندا کە بەرامبەر بە ئازادی ڕادەربڕین دەکرێن، گرنگیمان زیاتر داوە بەوەی کە هەنگاوێک بنرێت بۆ جێبەجێکردنی یاساکان و زانینی کەیسی پێشێلکاریەکان بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو کە لە چی ئاستێکدایە و بەرەو چی ئاڕاستەیەک دەچێت”.

سەنگەر یوسف، وتیشی:”لە گفتوگۆ کراوەکەی ئەمڕۆدا هەموو بۆچونەکانی بەشداربوان وەردەگیرێت و کۆدەکرێنەوە و دەکرێت بە راپۆرت و بەناوی ئازادی بیروڕا بڵاو دەکرێنەوە، هەمان راپۆرت سودی لێدەبینرێت بۆ نوسینی راپۆرتی UPR کە بڕیارە ساڵی 2018 دەربچێت کە پەیوەستە بە کۆمەڵێک ڕاسپاردە کە حکومەت ناچار دەکات بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە پەیوەستن بە ئازادی رادەربڕینەوە”.

لە گفتوگۆدا سۆران حسێن نوێنەری ڕۆژنیوز سەرنجی ڕاکێشایە سەر یاساکانی ڕۆژنامەگەری و مافی بەدەستخستنی زانیاری و وتی:” یاساکان تەنها نوسراوێکن و هیچیتر، لە هەرێمی کوردستاندا کار بەیاسا ناکرێت و ڕۆژنامەنووس هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی تیرۆردایە، ئێمە وەدات حسێن پەیامنێری دهۆکمان تیرۆرکرا، ئەمڕۆ ٢٠ ڕۆژی بەسەردا تێپەڕی پۆلیس و حکومەت یەک وشەیان لەسەر نەوت، ڕێکخراوەکان و خودی میدیاکانیش مافی وەدات کە لەسەر ئازادی بیروڕا تیرۆرکراوە وەک خۆی نادەن و کەمتەرخەمن”.

سۆران باسی لەوەشکرد:”ئێمە لە ڕۆژنیوز ئازاد نین سەردانی بادینان بکەین بۆ ڕاپۆرتێک، لە هەر جێگایەکی ژێر دەسەڵاتی پارتی مایکی ئێمە قەدەغەیە، من بۆخۆم جارێک گرنگبوو بچەمە دهۆک، بەڵام مایک و کامێراکەم بە قاچاخ بردوو شاردمەوە، وەک ئەوەی شتێک بەدەر لەیاسام کردبێت، ئەوەش لە کاتێکدایە مافم هەیەبەپێی یاساکان بەو مایکەوە لە هەر وڵاتێکدا بمەوێت کاربکەم، ئیتر دەبێت مافی ڕۆژنامەنووس میدیای ئازاد لە کوێدا هەبێت؟”.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا لەسەر یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری سۆران، وتی:”ئەو یاسایە لە ٢٠١٣وە لە پەرلەمان دەرچووە، بەڵام ١٣ جار کاری پێنەکراوە، هەرچەندە بەپێی یاساکە چەند بڕگەیەکی باشی تێدایە، بەڵام هاوشێوەی یاسای خۆپیشاندان لە بڕگەیەکدا هەموو ئەوانیتر دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە دەڵێت (ئەگەر دەزگای پەیوەندیدار زانی ئەو زانیارییەی بەتۆی دەدات دەبێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی، ئەوە دەتوانیت زانیاریت پیێنەدات)، ئەوەش ئاشکرایە دەسەڵاتی ئەم هەرێمە هەرچی بەدڵی نەبوو، یان دژی بەرژەوەندییەکانی حزب و بنەماڵەبوو، ئەوا ئەوە بە دژی نیشتیمان لەقەڵەمی دەدات، هەرچەندە نەک یاساکان لە ئێستادا دانەری یاساکانیش کە پەرلەمانە بە بڕیاری حیزب پەکخراوەو کاری پێناکرێت”.

هەرەها کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنوسان و بەشداربویەکی گفتوگۆ کراوەکە، بە رۆژنیوزی وت:”ئازادی رادەربڕین لە هەرێی کوردستان پەیوەندی بە ژینگەی یاساییەوە هەیە، ئازادی تاڕادەیەک بوونی هەیە، بەڵام نازانم تا چەند ڕادەیەک ئازادم، ئەوەی گرنگە دەرکردنی یاسا نیە، کە سەرۆکی پەرلەمان واژۆی لەسەر کردووە، ئایا جێبەجێ دەکرێت، یاخود لە چەکمەجەیەکدا دانراوە و تۆزی لەسەر نیشتووە، بۆیە ئەوەی گرنگە لێرەدا دەرکردنی یاسا نیە بەڵکو جێبەجێکردنی یاسایە”.

کاروان وتیشی:”دەبێت ئازادی ژن و رەخنەگرتن و مافی خۆپیشاندان و مافی دەستکەوتنی زانیاری، ئازادی رۆژنامەنووس هەبێت، کە رۆژنامەنووسێک بە ئازدی لە ماڵەکەی ئیسراحەت بکات و ترسی ئەوەی نەبێت کە تیرۆر دەکرێت”.

س.ح

یەكشەممە, 4 سبت 2016 – 15:58

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *