نیسان 25, 2024

Select your Top Menu from wp menus

برایەکی وەدات: گومان لە شێوازی تیرۆری وەدات دەکەین

رۆژنیوز – سۆران حسێن: دەربارەی دواین زانیارییەکان لەسەر کەیسی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس و پەیامنێری ئاژانسەکەمان لە دهۆک، ئاژانسی ڕۆژنیوز، برایەکی وەدات سەمەد حسێن، لە چاوپیکەتنێکی تایبەتدا دواین زانیارییەکان دەخاتەڕوو، تێیدا دەڵیت گومانمان لە شێوازی مردنەکەی و ڕاپۆرتی پزیکیش هەیە.

لە چاوپێکەتنەکەدا براکەی وەدات لەسەر ئەو لیژنەیەی بەناوی لێکۆڵینەوە لە کەیسی وەدات دروستکراوە قسە دەکات و تێڕوانینی خۆیان لەسەر پەیوەندی لیژنەکە و بنەماڵەکەیان دەخاتەوە ڕوو.

سەمەد حسێن برای وەدات لەم دیمانەدا لەسەر قسەکانی ئەو موختارەی وەداتی بینی بوو زانیاری دەدات و گومانی خۆیان بەرامبەر موختارەکە رادەگەیەنێت، ئاماژەش بەوەدەکات نە بارزانی داوای بینینی کردوون و نە ئەوانیش ئەوە بەگرنگ دەزانن.

دەقی چاوپێکەوتنەکە.

دواین زانیاری لایەنە ئەمنیەکانی حکومەتی هەرێم لەسەر کەیسەکە چیە؟

سەمەد: تا ئێستا هیچ دامودەزگایەکی ئەمنی شاری دهۆک هیچ شتێکیان ئاشکرا نەکردووە، ئێمە نازانین بە تەمای چین و چییان پێدەکرێت، چونکە نزیکەی ٢٣ ڕۆژە وەدات تیرۆرکراوە و هیچ سەرەدواێکیش ئاشکرا نەکراوە.

حکومەت ڕایگەیاند لیژنەیەکیان پێکهێناوە، وەک بنەماڵەی تا چەند ئاگادارن و بڕواتان بە کارەکانی هەیە؟

سەمەد: راستە لیژنە پێکهێندراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسی وەدات، بەڵام ئەوە دەمێنێتەوە کە تا چی ڕادەیەک پسپۆڕن و لێکۆڵینەوەیەکی پسپۆڕانە و بێلایەنانە بەڕێوە دەبەن، من نازانم تا چی ڕادەیەک دەتوانن کەیسەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، بەلام هیوامان بەو لیژنانە نیە.

تا ئێستا بارزانی سەرۆکی پارتی داوای دانیشتنی لینەکردوون بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بیبینن؟

سەمەد: لە رابردوودا لەلایەن چەند کەسێکەوە پەیوەندیمان پێوە کراوە، لەوانەش سکرتێرەکەی بارزانی، بەڵام هەر ئەو تەلەفۆنەبوو، ئێمەش داوامان نەکردووە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان ببینین، چونکە ئەوە شتێکی پێویست نەبووەو لامان گرنگ نییە، داوای بینینی بارزانیشمان نەکردووە، چونکە دەزانین هیچ ئەنجامێکی نابێت.

لە رابردوودا وترا ئەنجومەنی ئەو گوندەی وەدات ی لی دۆزراوەتەوە هەندێک زانیاری باسکردووە، تا چەند ئاگاداری ئەو زانیارییانەن؟

سەمەد: ڕاستە، بۆ ئەو مەبەستە ئێمە خۆمان چوینە لای موختارەکەو قسەمان لەگەڵ کرد، ئەو وتی، وەدات قسەی لەگەڵ من کردووەو وتویەتی کە خەڵکی دهۆکە و لەگەڕەکی درباسی دادەنیشێت، بەڵام هەر داوای ئاوی لە من کردووە.

ئەی بە موختاری نەوتووە کێ وای بەسەرهێناوە؟

سەمەد: دەکرێت شتیتر هەبێت، بەڵام موختارەکە قسە ناکات، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، ئەو موختارە بانگهێشتی دەزگا ئەمنیەکانی ئاسایش و پاراستن کراوە، رەنگە ترسێندرابیت، بۆیە ناڵێت وەدات لەسەر ئەنجامدەرانی تاوانەکە چی پێ وتووم.

وترا شاهیدێک لە کاتی ڕفاندنەکەدا ئامدەبووەو ئامادەییشی دەربڕیوە شاهیدی بۆ ڕاستی تیرۆرەکە بدات، زانیاری نوێ چیە لەو ڕووەوە؟

سەمەد: ڕوداوەکە بە ڕۆژی ڕووناک و لە ناو قەرەباڵغی دهۆکدا بووە، سێ کەس لە دوو ئۆتۆمبێلی مەدەنیدا دابەزیون و تورەکەی ڕەشیان بەسەر وەدات دا کردووە، خەڵکی شوێنەکە کۆبوونەتەوە لە بکوژەکان، لە ناویاندا ئەو شاهیدە هەبووەو شاهیدی داوەو پۆستیشی لە فەیسبوکەکەی لەسەر کردبوو کە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانیشی داوە بە پۆلیس، ئەوەبوو دواتر شاهیدەکە بانگ دەکەنە ئاسایش و لێی دەدەن و ناچاری دەکەن هەم پۆستەکە بسڕێتەوە، هەمیش بێدەنگی هەڵبژێرێت، ئێمەش هەوڵماندا بچینە ماڵی شاهیدەکە، بەڵام کە پەشیمان بووە لە قسەکانی و تەمێیان کرد، ئیتر ئێمە نەچوین و بە پیویستمان نەزانی بیبینین.

ئێمە هاتینە شوێنی روداوەکە، ئەو هەموو کامێریانەی چاودێری لێ بوون، نەتونراوە وەک شاهیدێکی بەڵگەیی سودی لێببین؟

سەمەد: وەدات لەماڵ دەرچووە تا گەیشتووەتە شوێنی ڕوداوەکە لە ژێر چاودێریدا بووە، جگە لە شوێنی ڕوداوەکەش لەو شوێنەی چاودێری کراوە تا گەیشتووەتە شوێنی ڕوداوەکە چەندین کامێرای چاودیری لەسەر شەقامەکان هەیە، بەڵام دەزگا ئەمنیەکان دەڵێن هەرچی کامێرایە یان سوتاون، یان کارناکەن و شکاون و تۆمار ناکەن، لە چەند مەترێک ئەولای ڕفاندنەکەشەوە پۆلیس هەبووە، بەڵام ئەوانیش هیچ ناڵێن، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ئەوان نایانەوێت بکەرانی ئەو تیرۆرە ئاشکرا بکەن.

ئایا تیرۆری وەدات لە سەر ئەوشەقامە بووە کە بەبرینداری دۆزرایەوە؟

سەمەد: نەخێر، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، وەدات براوەتە ژورێکی تایبەتی ئەشکەنجەی دەوڵەتی و دەزگای ئەمنی تایبەت و لەوێ ئەشکەنجە دراوە، چونکە ئەو شێوازەی ئەشکەنجە لەسەر شەقام و لە دەشتدا ناکرێت، ستافێکی پسپۆڕ لە دەزگای تایبەتی ئەمنیدا ئەوەیان ئەنجامداوە.

ڕاپۆرتی پزیشکی لەو بارەیەوە چی وت؟

سەمەد: ئێمە ئێستا داوای دووبارە پشکنینی پزیشکیمان نەکردووە، بەڵام گومانیشمان لە ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری هەیە، چونکە بەشێوەیەکی راست شیکاریی لەسەر ئەشکەنجەکانی سەر تەرمی وەداتیان نەکردووە، نەیانوتووە بەچ شێوازێک و جەند جۆر ئەشکەنجە کراوە.

وەدات لەسەر ڕێگاکە کوژرا، یان بە برینداری گەیشتە نەخۆشخانە؟

سەمەد: بە برینداری گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام دیسان جێگای گومانە، کاتێک ئێمە چووینەتە نەخۆشخانە ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە کە چەندین کەسی سەربازی و ئەمنی بە جلوبەرگی فەرمی و مەدەنیەوە چونەتە نەخۆشخانەکەوە، شاهید حاڵەکان لە نەخۆشخانەکەوە ئەوە دەگێڕنەوە دوکتورو ئەو کەسانەی لەوێ بوون، لە هۆڵی نەخۆشخانەکەدا پەرەدیەکیان داناوەو چونەتە پشت پەردەوەکەوە، چیان کردووە، نازانین!، بەڵام دەڵێن لەو دیو پەردەکەوە دەرزیان لە وەدات داوە!، بۆیە گومانەکانمان لەو ڕووەوە زۆر زۆرە!.

پەڕەی تایبەتی وەدات لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک سوتێنراوە، رای ئێوە لەم بارەیەوە؟

سەمەد: راستە فەیسبوکی وەدات سوتێندراوە، مۆبایل و کامیراو مایکی وەدات لای دەزگا ئەمنیەکانی دهۆکە، هەر ئەوانیش تونیویانە فەیسبوکەکەی دابخەن، بە بڕوای ئێمە هۆکاری سوتانی فەیسبووکی وەدات ئەو نامانەی هەڕەشەبووە کە لە فەیسبوکەوە لێی کراوە، ئەوەش وادەکات هەموو نامەو بەڵگەکانی فەیسبوک و مۆبایلەکەی نەمێنێت.

لە ئاست ئەو چالاکیانە رازین بۆ کەیسی وەدات دەکرێت؟

بەڵی، بەتایبەت لە دەڤەری سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجەو سەرجەم ئەو سنورانە بە هەولێریشەوە، جێگای دڵخۆشیە، کە خاوەنداری لە وەدات دەکرێت، ئێمە چۆن سوپاسیان بکەین کەمە، ئێمە ئاگاداری ئەو کامپەینەشین بۆ وەدات کراوەو لە دەرەوەو ناوەوەی کوردستان هەموو چینوتوێژەکان پشتیوانیان دەربڕیوە، بەڕاستی جێگای ڕێز و ستایشن و سوپاسی هەموو لایەک دەکەین، بەڵکو هەمووی بێتە پاڵ دەنگی ئێمەو ببێتە پشتیوانییەکی باش بۆ کەیسەکەی وەدات، بەڵام لە دەڤەری بادینان شتێکی ئەوتۆ نەکراوە، ئێمەش نامانەوێت کەیسەکە تەنها لە کوردستاندا بێت، ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین بیگەیەنینە ناوەندە نێو دەوڵەتییەکان، چونکە پێمان وانییە لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجامێکی وا بەدستبێنین لە کەیسەکەدا.

ڕۆڵی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕاگەیاندن لە کەیسەکەدا چۆن دەبینن؟

سەمەد: لەسەر ڕێکخراوەکان تەنها لەسەر ئەوانەی دهۆک و دەڤەری بادینان بەگشتی قسە دەکەم، چەندین ڕێکخراو هەیە، بەڵام هەموویان سنورێکیان بۆ کێشراوەو ناتوانن قاچیان بخەنە دەرەوە، لەو هەموو ڕێکخراوەی دهۆک و بادیناندا تەنها یەک کەسیشیان نەهاتووە بۆلای ئیمە هەڵوێستێکی هەبێت، ئیتر نازانین کاری ئەوان چییە لەوێ، ڕاگەیاندنەکان لاوازییان هەبووە، بەڵام هەندێکیشیان زۆرباشبوون، بەتایبەت ئاژانسی ڕۆژنیوز، هەروەها ئێن ئاڕتی و زۆرینەی کەناڵ و سایت و دەزگا میدییەکانی سنوری سلیمانی بەتایبەتتر، هیوادارین لە داهاتوودا هەموو میدیا و ڕێکخراوەکان کاری زیاتر لە کەیسەکەدا بکەن، چونکە وەدات تەنها وەک کوڕێکی ئێمە تیرۆر نەکراوە، بەڵکو وەک ڕۆژنامەنووسێکی ئازاد و قەلەمێکی بوێر تیرۆرکراوە.

لە ئێستادا کێ بە تۆمەتباری سەرەکی دەزانن؟

سەمەد: ئێمە سەرەتاش وتمان، وەدات پێش تیرۆرکردنی دەیان جار وەدات ئاسایش بانگی کردووە و ئەشکەنجەی داوەو هەڕەشەی لێکردووە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڕەشەی لیکراوە، ئێمە لامان ڕوونە کێ تیرۆری کردووەو بە فەرمانی کێ بووە، کە ئێستا قسە ناکەین و خۆمان راگرتووە چاوەڕێی دوا هەڵوێستی دەزگا ئەمنیەکانین، ئەگەر لە زوترین کاتدا ڕوون نەبێتەوە، لە ڕێگای مێدیاکانەوە تەواوی جیهان لەسەر ئەوەی لەسەر تیرۆرەکە بەدەستمان گەیشتووە ئاگادار دەکەینەوە، بەڵام هیوادارین پێش ئەوە خۆیان ڕاستیەکان ئاشکرا بکەن.

پێش ئەوەی وەدات ببێتە پەیامنیری ڕۆژنیوز، کەناڵێکی حزبی پارەیەکی خەیاڵیان پیێدا، بەڵام ڕەتیکردەوە، ئێوە ئاگاداری ئەوەبوون؟

سەمەد: بەڵێ ئەوە راستە، بەڵام وەدات باوەڕی بەوەنەبوو، ئەو بەپارە نەدەکڕدرا، ئەو بەشوێن ئازادیەوە بوو، بۆیە دوای ئەو کەناڵەی ڕەتکردەوە، ئەوەبوو دواتر خۆی ڕۆژنیوزی هەڵبژارد و بوویە پەیامنێر ئەو ئاژانسە لە دهۆک.

تیرۆری وەدات چی پەیامێکی گەیاند؟

سەمەد: وەدات تیرۆر کرا، بەڵام سەدان وەدات درووستبوون، ئێمەش دوای وەدات هەموومان بووین بە وەدات، ئێمە ئێستا هاوشێوەی وەدات هەمیشە لە چالاکیداین و دەبین، لەسەر قەڵەمەکەی وەدات ڕادەوەستین و شوێنی چۆڵناکەین، هەروەها تا ئاشکراکردنی تیرۆرکەرانیش بێگومان لە چالاکیەکان بەردەوام دەبین بەهاوکاری کەسانی دڵسۆز.

ئەگەر شتێکتان نەوتبێت ئەتوانن ئازادانە لە ڕۆژنیوزەوە رایبگەیەنن؟

سوپاس تەنها دەڵێم، دەبێت تیرۆری وەدات بۆ خەڵک بەگشتی و دەڤەری بادینان ببێتە وانەیەک، دەبێت خەڵک چیتر بێدەنگ نەبێت لە سەر مافەکانی و هاوشێوەی وەدات هەمیشە هەڵوێستی خۆی دەربڕێت، دەسەڵات دەیەوێت خەڵک مەشغوڵ بکات، بەتایبەت گەنجان، بۆیە گرنگە گەنجان هۆشیاربن لەو رووەوە، داواکاریشین کەیسی وەدات بەزوترین بەلایەکدا بخرێت، بە پێچەوانەوە لەگەڵ ئازادی خوازاندا چالاکییەکان زۆر فراوانتر دەکەین.

س.ح

سێشەممە, 6 سبت 2016 – 12:23

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *