نیسان 27, 2024

‌لەهەشت ساڵەی تیرۆری سۆرانی مامە حەمە ڕێز لە قەلەمە ئازاكان گیرا

Xalaty_Soranوێستگە نیوز: فۆتۆکان: زمناکۆ ئسماعیل:
دوای هەشت ساڵ تێپەڕبوون بەسەر تیرۆری “شەهیدی قەڵەم” سۆرانی مامە حەمە خانەوادە و دەزگای لڤین خەڵاتی سۆرانی مامە حەمە بۆ ئازادی رۆژنامەگەرییان دابەشكرد و خەڵاتی كەسایەتی سیاسی ساڵی سۆرانی مامە حەمەش درایە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.

هەشت ساڵ بەر لە ئێستا لەشاری كەركوك و لەبەردەم ماڵەكەی خۆی رۆژنامەنوسی لاو سۆرانی مامە حەمە، شەهیدكرا و دواتر نازناوی “شەهیدی‌ قەڵەم” درایە سۆرانی‌ مامە حەمەدا, ساڵانە لە یادی ئەو تاوانەدا بۆ بەرزڕاگرتنی گیانی ئەو ڕۆژنامەنووسە، ژمارەیەك لەڕۆژنامەنووسان و چالاكان و كەسوكارەكەی، سەردانی گڵكۆی سۆرانی مامە حەمەدەكەن و یادی دەكەنەوە.

soran_20171كەسوكارەكەشی‌ شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە دەڵێن “بەردەوام دەبن لە هەوڵەكانیان بۆ دادگاییكردنی‌ بكوژانی كوڕەكەیان”.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە 21ی تەمموزی 2016ش، لە شاری سلێمانی لە قاوەخانەی قۆرییە شكاو، مەراسیمی هەشتەمین خەڵاتی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە دابەشدەكرا

لە مەراسیمەكەداخەڵاتی كەسایەتی سیاسی ساڵی سۆرانی مامە حەمە درایە د. یوسف محەمەد سادق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.

دوای وەرگرتنی خەڵاتەكە د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وتی “زۆر خۆشحاڵم بەم خەڵاتە. ئەم خەڵاتە پەنجە دەخاتە سەر قوڵترین زامەكانی كۆمەڵگای ئێمە.  شەهید سۆرانی مامەحەمە، ناوێكە، سیمبولێكە، كه كۆمەڵگای ئێمە هەمیشە پێویستە لە یادی بێت.  له مانەوەی ئەم ناوە بە زیندویی له یادەوەریماندا، له گەڵ شەهیدانی تری ئازادی ڕادەربڕین (وەك سەردەشت و كاوە و عەبدولستار تایەر شەریف) و، سەرجەم سەهیدانی تری كوردستان، ئەمە تەنها ئەوە نیە وەفامان هەبێت بۆ ئەم بەرێزانە، كە بێگۆمان شایستەی ئەوپەڕی وەفان، بەڵكو بۆ ئەوەی خۆمان و كۆمەڵگاكەمان بە زیندویی بمێنینەوە، بۆ ئەوەی وەك مرۆڤ بمێنینەوە”.
وتیشی “ئەگەر هاتو ئێمە ئەم سیمبولانەمان لە یادكرد ئەوا   له ئەنجامدا دەبینە ئامێرێكی بێدەنگ، یان تەنها ئەو دەنگانەمان لێوەدێت كە دەسەڵاتە سەركوتكەرەكان له ئێمەی دەخوازن”.

Soran_20172سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وتیشی “گەر بێدەنگ بوین مەرج نیە سەلامەت بین یان  مرۆڤانەتر بژین، بەڵكو بە پێچەوانەوە رێز و حورمەت و بایەخمان كەمتر دەبێتەوە، تەنانەت لای ئەوانەش كە  داوای بێدەنگیمان لێئەكەن”.

دواتر خەڵاتی سۆرانی مامە حەمە بۆ ئازادی رۆژنامەگەری درایە دوو رۆژنامەنووس، هەریەك لە سیروان غەریب، سەرۆكی دامەزراوەی وێستگەنیوز و رۆژنامەنووس كەمال رەئوف، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای شار بۆ میدیا.
كەمال روف، دوای وەرگرتنی خەڵاتەكەی وتی “هەموو ئەو لەمپەرانەی لەبەردەم میدیای ئازاد هەن و دەبن نامان وەستێنێت و بەردەوام دەبین”.

دواتر سیروان غەریب، پاش وەرگرتنی خەڵاتەكەی وتی “بەداخەوە هەمیشە لەهەرێمی‌ كوردستان زۆرترین جار كارەساتە جەرگبڕەكان كۆماندەكاتەوە وەكو ئەوەی‌ ئێمە  لەناوچەوانمان نوسرابێت بێ‌ خوێن، بێ‌ تراژیدیا بێ‌ كارەساتی‌ جەرگبڕ نابێت ژیان بەسەر ببەین، كارەساتی‌ كوشتنی‌ سۆرانی‌ مامە حەمە و پاشان هاورێكانی‌ سەردەشت و كاوە گەرمیانی‌ زنجیرەیەك كارەساتن ناكرێت لەبیر بكرێن، چونكە لەهەرچ شوێنێكی‌ ئەم هەرێمی‌ كوردستانە هەناسەیەكی‌ ئازادی‌ هەبێت ئاوا سۆران و سەردەشت و كاوە لەوێن و لەوێ‌ جێگەی‌ تایبەتیان لەدڵی‌ ئازادیدا بۆ دانراوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد “لە چەند رۆژی یەكەمی دوای تاوانی‌ كوشتنی‌ سۆرانی‌ مامە حەمە زۆرێك لەبەرپرسە سیاسییەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان  بەڵێنی‌ ئەوەیاندا كە بكوژەكانی‌ سۆرانی‌ مامە حەمە دەدۆزنەوەو ڕەوانەی‌ دادگای‌ دەكەن ئەگەر لەهەرچ پلەو پایەیەك بێت، بەلام لەدوای‌ چەند رۆژێكی‌ كەم ئەو گەرم و گوڕییەی‌ لەسەرەتادا لەئارادابوو خامۆش بۆوەو تاوەكو ئێستاش بكوژەكانی‌ دەستگیرنەكراون، كە ئەمەش نیگەرانی‌ زۆری‌ لێكەوتەوەو كار گەیشتە ئەوەی‌ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بكەونە گومانەوەو پرسیاری‌ ئەوەیان لا دروستبێت كە دەزگا بەهێزە ئەمنییەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان تۆڕی‌ تیرۆرستی‌ جاڵجاڵۆكەیی‌ دەدۆزنەوە خێرە بكوژی‌ رۆژنامەنوسێك نادۆزنەوە؟”

Soran_20173ئەحمەد میرە، سەرنوسەری گۆڤاری لڤین لە وتاری هەشتەمین ساڵیادی تیرۆركردنی سۆرانی مامە حەمەدا ئاماژە بۆئەوەكرد “بازووی هێزە تاریكەكانی تیرۆر لە هەرێمدا بەهێزترو ئەستورتر بوون‌و قاچەكانیشیان بە كورسی حكومرانی هەتا هەتاییەوە بەستراوە”.

سەنتەری میترۆ و ڕێكخراوی IMS یش پێكەوە وتارێكی هاوبەشیان هەبوو ڕایانگەیاند “مەراسیمی ئەمڕۆی یادی رۆژنامەنوسی شەهید (سۆرانی مامەحەمە)  رۆژێكە بۆ یاد كردنەوەی سەرجەم قوربانییانی دەستی رەشی تیرۆر… ئەوانەی كە لەسەر ئازادیی بیروڕایان مافی ژیانیان لێ سەندراوەتەوە. سەردەشت عوسمان و عەبدولسەتار تاهیر شەریف و كاوە گەرمیانی، سڵاو لە گیانی پاكیان”.

ئاماژەشیان بۆ ئەوەكرد “ئەوەی لە كەیسی رۆژنامەنوسانی شەهید هاوبەشە، داخستنی كەیسەكانیانە، دەربازبونی بكوژو داڕێژەرانی تاوانەكانە لە سزا. لەناو كەیسەكاندا هەندێكی لەقۆناغی سەرەتایی لێكۆڵینەوەدا داخراوە. هەندێك تۆمەتبار بە پشت ئەستوور بەدەسەڵاتی سیاسی هەر ئامادەیی تیا نەبووە بچێتە بەردەم دادگا. هەندێكیشیان لێكۆڵینەوەكان تا ئەو ئەندازیایە ووزەو توانای تیا بووە كە بكەر بدۆزرێتەوە، پلان بۆ داڕێژەر دەربازی بووە لە سزا ، وەك ئەوەی  پلان بۆ داڕێژەر لە كەیسی كوشتنی رۆژنامەنووسان ئەركی دادگاكان نەبن”.

سۆران محەمەد، ناسراو بە سۆرانی مامە حەمە لە 2ی شوباتی 1986 لە كەركوك لەدایك بووە، لەساڵی 2003 وە كاری رۆژنامەگەری دەكرد و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری لڤین بوو كە ماوەی سێ ساڵ لەو گۆڤارە كاری دەكرد و بەردەوام راپۆرت و بەدواداچوونەكانی لەو گۆڤارە دادەبەزاند.

لە شەوی 21ی تەمموزی 2008، لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا لە لایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوە تیرۆركرا، تا ئێستاش بكوژانی دەستگیرنەكراون.

چەند مانگێك بەر لە شەهیدكردنی، سۆران هەڕەشەی كوشتنی لێكرابوو، كوشتنەكەشی بەدوای چەند وتارێكدا دێن، كە لە رۆژنامە و گۆڤارەكاندا بڵاوی كردبوونەوە.

21/07/2016

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *