نیسان 19, 2024

“یادێک بۆ شەهید سۆران”

بــــاڵــــا دەروێــــش:
سۆرانی مامە حەمە یەکەمین قوربانی ڕێگای ئازادی و یەکەمین شەهیدی قەڵەم و ڕابەری شۆڕشی ڕۆژنامەگەری دژی ستەم و کۆیلایەتی،سۆران ئەو گەنجە بوو کە خۆی کردە چرا بۆ ڕوناک کردنەوەی هزری تاکی کورد لەهەمبەر ئەو هەموو ستەمو نادادییەی بەرامبەر خەڵکی کوردستان دەکرێت،سۆران پیشانیدا هێزی وشە ئەتوانێت چی بخوڵقێنێت وتنی ڕاستیەکان چۆن ئەبێتە هۆی ترساندنی دەسەڵاتی بنەماڵەی و خێڵەکی، سۆران ئەوەشی خستەڕوو ورەو هێزی گەنج چۆن کاردەکاتە سەر دەسەڵاتێکی نابەرپرس و دەیان هێنێتە لەرزە، هەروەک چۆن پێش سەردەمی سۆرانیش هەمیشه توێژی گەنج و نوسەرو ڕۆژنامەنوسەکان بونەتە هەڵگری دروشمی ئازادی بۆ نەوەکانی دوای خۆیان هەر بۆیە ئێستاش دەنگی بڵندی گەنجی بوێری ئەم وڵاتەیە هاواردەکات بۆ مافەکانی و دەبنە درێژەپێدەری ڕێگای شەهیدانی قەڵەم و تۆڵەسێنری هاوڕێکانیان کە چوونە سەنگرەوە دژی گەندەڵی و لەپێناو ئازادیدا بەنرخترین شتی خۆیان بەخشی کە ژیانیانبوو،

سۆران بووە دەروازەیەک بۆ ئاشنا کردنی نەوەی داهاتوو بە دەسەڵاتی کوردی و وای کرد چیتر گەنج ڕازی نەبن بەرامبەر ئەو ستەمەی ۲۷ ساڵە ڕووبەڕویان دەبێتەوە،هەر بۆیە دوای تیرۆر کردنی سۆران هاوڕێیانی لەسەرجەم شارەکانی دیکەوە هاتنە دەنگ و سەردەشت و کاوەو ویدادی بەدوای خۆیدا هێنا ئێستاشی پێوە بێت چەندین گەنج لەو ڕێگایەدا لەخەباتدان و ئامادەن ژیانیان لەپێناویدا ببەخشن نموونەی زیندوش ئەو ڕۆژنامەنوسانەن دوای شەهیدانی قەڵەمیش توشی گرتنو ئەشکەنجەو ئازار بونەتەوە لەو ڕێگایەدا هەر وەک”ئەحمەد میرە و ئاسۆس هەردی و ئومێد ئەحمەد و بەهزاد موحسین هتد….”چەندانی دیکەش بەڵام تائێستاش خۆنەویستانە بەردەوامن لە خەبات ، هەرلەبەر ئەوەشە دەسەڵاتی شکستخواردووی کوردی تا هەنوکەش لە کتێب و ناو و گۆڕی شەهیدانی قەڵەم دەترسێن و هیچ دەرفەت و بیانوییەک لەدەست خۆیان نادەن بۆ سڕینەوەی ناوی نەمریی شەهیدانی قەڵەم و کپ کردنی دەنگی ئازاد، بەڵام مانەوەی ڕۆحی سۆران و هاوڕێیانی بەزیندوویی مژدەی ئەوەدەدەن کە هەتا ئەم دەسەڵاتە عەبەس و نادادپەروەرە نەگۆڕدرێت گەنجان و ڕۆژنامەنوسانی دوای ئەوان هەمیشە لە سەنگەردان بۆ لەناوبردنی حوکمی عەشایەری و خێڵەکی لە کوردستاندا.

ئێستاش ساڵی ۲۰۱۸یەو ۱۰ساڵ تێپەڕبووە بەسەر یەکەمین شەهیدی قەڵەمدا بەڵام تا ئێستاش گەلی کورد ڕزگاری نەبووە لەژێر زوڵم و سەتەمدا یەک لەدوایەک ڕۆڵەی ئەم خاکە لەسەر داوا ڕەواکای خۆیان ئازار دەدرێن، پەندێکی چینی هەیە دەڵێت”سەفەری هەزار میل بە هەنگاوێک دەست پێ دەکات” گەر بە واتایەکی دیکە لێکیبدەینەوە وەک بەختیار عەلی دەڵێت”کوشتنی هەموو شتەکان لە کوشتنی ڕۆژنامە نوسێکەوە دەست پێ دەکات”، هەر وەک ئەم دەسەڵاتە بێڕەحم و بێ باکە کە دەستی چووە خوێنی ڕۆڵەی ڕۆژنامەنوسی خۆی زەنگی ئەوەی لێدا ئامادەن هەموو شت و هەموو کەسێک لەناوبەرن ئەگەر ببنە هەڕەشە و کۆسپ بۆ کورسی و دەسەڵاتەکەیان.

ئابی 2018

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *