نیسان 24, 2024

وتاری سەنتەری میترۆ لە یادی 10 ساڵەی تیرۆركردنی رۆژنامەنوس سۆرانی مامە حەمە

ئامادەبووانی بەڕێز
خانەوادەی سەربەرزی رۆژنامەنووس سۆرانی مامە حەمە
رێكخەرانی ئەم مەراسیمە شكۆمەندە.

هەموو ساڵێك خانەوادەكەتان و گۆڤاری لڤین، یادی گەنجێكی بێ تاوان و رۆژنامەنوسێكی ئازا دەكەنەوە، رووداوێك لە یادەوەری گشتیدا چالاك دەكەنەوە، كە بكەران و ئەوانەی تاوانەكە پەردەپۆش دەكەن، بە خایەڵی خاوی خۆیان وایاندەزانی روداوێكی راگوزەرە و لەبیردەكرێت.

سوپاس بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهید سۆران و سەرجەم شەهیدانی قەڵەم (سەردەشت و كاوەو ویدات) كە سەرباری فشارو تۆقاندن، خۆراگرانە لە هەموو بۆنەیكدا بكوژان و داڵدەدەران و نەخشەكێشانی ئەو تاوانانە ریسوا دەكەن، بەم كارە پیرۆزەیش یادی سەرجەم قوربانییانی دەستی رەشی تیرۆر دەكەنەوە… ئەوانەی كە لەسەر ئازادیی بیروڕایان، مافی ژیانیان لێ سەندراوەتەوە.

ئەمڕۆ لە كاتێكدا یادی تیرۆركردنی رۆژنامەنوسێكی سەربەخۆ دەكەینەوە، كە لە هەموو لایەكەوە، میدیای سەربەخۆ گەمارۆ درواوە، دەسەڵات زانیاری و ریكلامی ناداتێ و رێگرە لەوەی فەرمانگە رەسمییەكان هاوبەشی گۆڤارو رۆژنامەكانیان بكات، بێ ئەوەی باس لە زەبروزەنگ و هەرەشەو تۆقاندن بكەین كە رۆژانە بەرۆكیان دەگرێت.

بەڕێزان

كەیسی شەهیدانی بیروڕا و كاری رۆژنامەنوسی، تا ماون بە زیندویی دەمێننەوە، داخستنی كەیسەكانیان لە بنكەكانی پۆلیس، دەربازبونی بكوژان و داڕێژەرانی تاوانەكان لە سزا، لە رەوایی ئەو كەیسانە كەمناكاتەوە، بەڵكوو متمانەی خەڵك بە رەوایەتی دەسەڵات كەمدەكاتەوە.

ئەوەی لە رابردوادا ئێوەو سەنتەری میترۆ سەرنجی داوە، كەیسی ئەو رۆژنامەنوسانەیە كە هەندێكیان لەقۆناغی سەرەتایی لێكۆڵینەوەدا داخران. هەندێك تۆمەتبار بە پشت ئەستووربوون بەدەسەڵاتی سیاسی هەر ئامادەییان تێدا نەبووە بچنە بەردەم دادگاكان. هەندێكیشیان لێكۆڵینەوەكان تا ئەو ئەندازیایە ووزەو توانای تیا بووە كە بكەر بدۆزرێتەوە، بەڵام پلان بۆ داڕێژەر دەربازی بووە لە سزا ، وەك ئەوەی پلان بۆ داڕێژەر لە كەیسی كوشتنی رۆژنامەنووسان ئەركی پۆلیس و دادگاكانمان نەبن .

سەنتەری میترۆ كە بە هاوكاری رێكخراوی پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان دەكات، لەم بۆنە غەمناكەدا سەرلە نوێ داوای سەبوری بۆ خێزانی سۆرانی جوانەمەرگ دەكات. سەر لەنوێ پێ لەسەر ئەوە دادەگرین، كە ئەم كەیسانە لە یادەوەری گشتیدا دانەخراون، رۆژێك هەر دێت دادگاكان بە شێوەیەكی سەربەخۆ و ئاشكرا و شەفاف ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێنێتەوە و كۆتایی بێت بە دیاردەی دەربازبوون لە سزا.

سەنتەری میترۆ
21/7/2018

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *