نیسان 24, 2024

سۆرانی مامە حەمە

Aziz_Raufعه‌زیز ره‌وف:
هیچ عەسر و هیچ سەردەمێكدا ئینسانی بێكەسی وەك سۆرانم نەبینیوە. ڕۆژنامەنوسێك تەنها خۆیەتی، خۆی و خەونەكانی، خۆی و جیهانبینی و وشەكانی. ئەوەی دەڵێت هەموو سۆرانین، ماسكێكی ناشرینی پۆشیوە، كەس سۆران نیە، سۆران بە تەنها خۆیەتی، خۆی و بەس، زۆر بوون وتیان هەموومان سۆرانین، كەچی ئێستا لەناو ئەو سیستەمەی سۆران و سەردەشت و كاوەی تیرۆر كردووە، پێیەكی لەناو پۆست و پێیەكی لەناو ڕەخنەدایە.
كەس مزایەدە بە خوێنی سۆران و سەردەشت و كاوەوە نەكات، هەموو وەك یەك بەرپرسیارن لە ڕژانی ئەم خوێنە، ئەوەی سۆران تیرۆر دەكات و ئەوەشی خوێنی سۆران بۆ چەند پۆستێك هەڕاج دەكات دوو كوڕی یەك كەلتورن.
لە ئێستادا بێدەسەڵاتترین گوتارێك كە دەیبینم ئەوەیە كە دەڵێ: پێویستە بكوژان بدرێنە دادگا، یان كوا دادگای بكوژانی ڕۆژنامەنوسان؟ ئەم گوتارە لەوپەڕی بێدەسەڵاتی یان كاڵفانیدایە. هەر دەسەڵاتێك بكوژی ڕۆژنامەنوس بێت هەر خۆیشی خاوەنی دادگایەكە كە شورا لە پارلەمان بە گەورەتر دەزانێت.
ئەوەی سۆران تیرۆر دەكات هەر ئەوەشە ئێستا دەستی بەسەر نانی منداڵەكانماندا گرتووە. ئەوی داوای خوێنی سۆران  و زیادبوونی نیوە موچە بكات، هیچ نیە كۆمەڵگەیەك نەبێت كە ڕۆژنامەنوسكوژەكان و نانبڕەكان دەتوانن لە سیناریۆیەكەوە بۆ شانۆیەكی تر بیانگوازنەوە. ئەوەی دڵی خۆشە چەند پارلەمانتارێك لە شاشەكانەوە نانی دزراومان بۆ بژمێرن، دەبێت تا بەیانی بە برسێتی ڕۆژ بكاتەوە.
تیرۆركردن تەنها جەستەیی نیە، ئەگەر دەسەڵات تیرۆری جەستەی ڕۆژنامەنوسانی كردبێت، ئەوا ئەو هێزانەی پێیان دەوترێت ئۆپۆزسیۆنی پێشوو، بە چەندین ڕێگە تیرۆرایزەی ڕۆحی ڕۆژنامەنوسانیان كردووە. دوای سۆران دۆخی ڕۆژنامەنوسی ناشرینتر بووە، لانی كەم دەبێت لەوبەر، سەرۆكی ناشەرعی بەسەرۆك بزانی و لێرەش جنێوی باش بدەیت. دوای سۆران سەنگەرەكان بوون بە دوو سەنگەر،سەنگەری ئەو هێزی سۆران دەكوژێت و ئەمبەر دەیكاتە مزایەدەی سیاسی، سەنگەری ئەمبەریش كە كاوە گەرمیانی تیرۆر دەكات و لەبەر ڕێكەوتنەكە دەبێـت دەست بخەیتە دەستی بكوژەكەوە.
چانسی سۆران تەنها ئەوە بوو كە ئەم عەسرەی نەبینی، ڕۆژنامەنوسی وای لێهاتووە یان دەبێـ جنیو بدەی یان ستایش بكەی، یان دەبێت جەنابی سەرۆك بە پێویست بزانی یان سەرۆك لە شاشەوە بە قەزەم و فیتنەی ئاخرزەمان ناوبەری، ئەگینا چانسی كاری ڕۆژنامەنوسیت نیە و دەبێت سوپاسی فەیسبووكەكەت بكەی كە دیوارێكت هەیە و بە ئازادی قسە دەكەی. لانی كەم سۆران ئەم عەسرە ناشرینەی نەبینی.
دوو ڕووی یەك دراون، ئەوەی سۆران تیرۆر دەكات و ئەوەشی دوای سۆران جورئەتی كرد متمانە بداتەوە بە بكوژانی سۆران، دوو ڕووی یەك دراون، یەك دراوی قەڵب.

21/07/2016

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *