نیسان 19, 2024

تیرۆرکردنی سۆرانی‌ مامه‌ حه‌مه‌ دۆسیه‌یه‌كی‌ ته‌واونه‌كراو

12لڤین:
نۆ ساڵه‌ كه‌یسی‌ تیرۆركردنی‌ شه‌هیدی‌ قه‌ڵه‌م (سۆرانی‌ مامه‌ حه‌مه‌) به‌كراوه‌یی ماوه‌ته‌وه‌و ئه‌نجامی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌باره‌یه‌وه‌ ئاشكرانه‌كراون و هێشتا ده‌ستی‌ پشت تیرۆركردنی‌ نادیاره‌.

سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ ساڵی (1987) له‌گه‌ڕه‌كی ره‌شید ئاوای شاری كه‌ركوك له‌دایكبووه‌.  هه‌ر له‌و شاره‌، قۆناغی سه‌ره‌تایی‌و ناوه‌ندی ته‌واو كردووه‌و چووه‌ته‌ به‌شی مۆسیقای په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی كه‌ركوك.

سۆران كه‌ جگه‌ له‌كاری‌ رۆژنامه‌نوسی‌ میوزیك ژه‌نیش بووه‌، پێش ئەوەی تیرۆر بکرێت، خوێندكاری قۆناغی چواره‌می به‌شی مۆسیقا بووه‌، شعریشی نوسیوه‌، هه‌روه‌ها کاری رۆژنامەنووسی کردووەو به‌رپرسی نوسینگه‌ی كه‌ركوكی گۆڤاری لڤین بووه‌.

سۆران مامە حەمە لە 21 تەمموزی 2008 لەبەردەم ماڵی خۆیدا له‌كه‌ركوك تیرۆركرا. ئه‌و رووداوه‌ كاردانه‌وه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ به‌دوای‌ خۆیدا هێناو رێكخراوه‌ جیهانییه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ مافی‌ رۆژنامه‌نوسان و مافی‌ مرۆڤی‌ هێنایه‌ ده‌نگ.

دوایین بابه‌تی رۆژنامه‌وانی سۆران مامە حەمە له‌(گۆڤاری لڤین)دا بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ راپۆرتێك بوو به‌ناونیشانی (سۆزانییه‌كان كه‌ركوك داگیرده‌كه‌ن)، له‌ راپۆرته‌كه‌دا باس چه‌ند به‌رپرسێكی حیزبی لە كه‌ركوك كرابوو.

چەند ڕۆژێکی‌ كه‌م پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ راپۆرته‌كه‌و كاتژمێر (9)ی شه‌وی 21ی‌ ته‌مموزی‌ 2008، سۆران له‌به‌رده‌م ماڵی خۆیاندا له‌گه‌ڕه‌كی ره‌شید ئاوا‌ له‌كه‌ركوك له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراوه‌وه‌ تیرۆركرا.

بەر لە دوو مانگ لە تیرۆركردنی‌، سۆران مامە حەمە هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو.

کەیسی تیرۆركردنی‌ سۆرانی مامە حەمە تائێستا ئێستا بەکراوەیی ماوەتەوە، سەرەڕای پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە، بكوژانی‌ نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌.

21-07-2017

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *