نیسان 26, 2024

ئەحمەد میرە: ئەو هێزەی سۆرانی تیرۆرکرد بەهەمان شێوە پەرلەمانی تیرۆركرد

Ahmad_Miraسەرنوسەری گۆڤاری لڤین لە وتاری هەشتەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمەدا ئاماژە بۆئەوە دەکات بازووی هێزە تاریكەكانی تیرۆر لە هەرێمدا بەهێزترو ئەستورتر بوون‌و قاچەكانیشیان بە كورسی حكومرانی هەتا هەتاییەوە بەستراوە.

دەقی وتاری گۆڤاری لڤین لە ساڵیادی تیرۆرکردنی سۆرانی مامە حەمە:.
ئامادەبووانی بەرێز

بەشداربوانی ئازیزی هەشتەمین ساڵیادی تیرۆركردنی شەهیدی قەڵەم سۆرانی مامە حەمە جارێكیتر بەخێرهاتنتان دەكەم
ئومێدی هەمیشەیی ئێمە ئەوە بووە كە بتوانین لە ساڵیادی تیرۆركردنی سۆرانی مامە حەمەو هاوڕێ شەهیدەكانیتری رێگای ئازادی وتندا پێتان بڵێین بكوژانی ئەو شەهیدانە دەستگیركراون‌و لەدادگایەكی نیشتیمانی بێلایەندا بەسزای خۆیان گەیەنراوون، بەڵام ساڵەكان تێدەپەڕن‌و ئاواتەكەی ئێمەو ئێوەی خۆشەویستیش تا ئێستا نەهاتۆتە دی، بگرە بە پێچەوانەوە، بازووی هێزە تاریكەكانی تیرۆر لە هەرێمدا بەهێزترو ئەستورتر بوون‌و قاچەكانیشیان بە كورسی حكومرانی هەتا هەتاییەوە بەستراوەو بەردەوام وەك هەوری چڵكنی نەهامەتی بە ئاسمانی ئازادییەوە دێن‌و دەچن.

بەڕێزان:

ئێمە لە دووساڵی رابردوودا شاهێدی زوڵم‌و تاوانە تیرۆریستییەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بووین، لەم رووەشەوە گەلەكەمان قوربانی زۆری داوەو گەلێك تێكۆشەر گیانی خۆیان لەو پێناوەدا بەختكردووە كە مێژوو بەشانازییەوە قارەمانێتی ئەوان تۆمار دەكات لەبەرانبەریشدا هێندێك چەتەی نابەرپرس لە هەرێمدا وەك پیشەی هەمیشەیی خۆیان لەبەرگی نیشتیمان پەروەریدا تاوانی گەورە ئەنجامدەدەن‌و دەیشارنەوە، هەر بۆیەش مێژوو ئەمانە وەك تاوانباری گەورە دەناسێنێت‌و دەبنە جێگای شەرمەزاری لای گەلەكەمان‌و هۆكاری درووستكردنی شەرمەزاری گەورەشن بۆ ئەزموونی حكومرانی لەباشووری كوردستان.

رۆژانە میدیا جیهانییەكان وێنەی حكومی پر توندو تیژی هەرێم پیشان دەدەن‌و راپۆرتەكانیان پریەتی لە نیشاندانی دۆخی پێشێلكاری بەرانبەر بە مافەكانی مرۆڤ‌و گەندەڵی‌و تیرۆری رێكخراو لەهەرێمدا.

یەكێك لەو لەكە گەورانەی بەرۆكی حكومداری هەرێمی گرتووە بریتییە لەشاردنەوەی دۆسییەی رۆژنامەنووسانی شەهید لە هەرێمی كوردستاندا، بەجۆرێك دام‌و دەزگاكانی ئەمنی خۆیان لەم دۆسیانە بێدەنگ كردووە وەك ئەوەی هیچ رووی نەدابێت، تەنانەت باسلەوە دەكەن جوڵاندنی ئەم دۆسیانە تەنها ئامانجی لەكەداركردن‌و شكاندنی شكۆی بەناو دیموكراتی هەرێمە، بەڵام ئەگەر دۆسیەیەك خۆیان بیانەوێت یاخود خۆیان سیناریۆیان بۆ دارشتبێت بەئاسانی یەكلایی دەكەنەوەو بەپێی پێوەرە تایبەتییەكانی خۆیان بكەرەكانیان بۆ رایگشتی ئاشكرا دەكەن.

بەڕێزان:

ئێمە لەساڵیادی رابردووی تیرۆركردنی سۆرانی مامە حەمەدا داوامان لەپەرلەمانی كوردستان كرد كە دۆسییەی شەهیدانی قەڵەم لەپەرلەماندا بجوڵێَت‌و گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت، بەڵام بەداخەوە پاش كەمتر لە سێمانگ لەو داوایەی ئێمە، هەر ئەو هێزە سیاسییەی تۆمەتباری سەرەكییە لە تیرۆركردنی سۆرانی مامە حەمەدا، پەرلەمانی تیرۆركردو ئەوەندەیتر ئەزموونی حكومرانی هەرێمی لەكەدارو ناشیرینتر كرد، هەر لەمروانگەیەشەوەیە ئێمە لەم ساڵیادەدا رووی دەممان ناكەینە هیچ دامەزراوەیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەگەر ساڵانی رابردوو بێهیوا بووبین لەوەی دەزگاكان نایانەوێت ئەم دۆسیانە یەكلایی بكەنەوە، ئەوا ئەمساڵ كاتێك ئەم یادە دەكەینەوە كە هیچ دامەزراوەیەكی هەرێم شەرعییەتی نەماوەو لەرێی خۆسەپاندن‌و كودەتاوە قۆرخكراون.

ئامادەبووانی خۆشەویست:

تیرۆركردنی سۆرانی مامە حەمە وەرچەرخانێكی زۆر خراپی دەسەڵاتدارێتی كوردیبوو بەرانبەر بە ئازادی رۆژنامەگەری لە كوردستاندا وە سەرەتایەكی ترسناكیشبوو بۆ تیرۆركردنی رۆژنامە نووسانیتر لە هەرێمدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شەهیدبوونی سۆران بوویە بنەمایەكی گەورە بۆ چەسپاندنی هەوڵەكانی رۆژنامەنووسان لەپێناو هێنانەدی دونیایەكی جوانتر بۆ كاری رۆژنامەگەری لە كوردستاندا.
وەك لەسەرتاوە ئاماژەم پێكرد ئێمەو كەس‌و كارەكەی‌و هەموو ئازادیخوازان لەهەرێمدا خەون بەو رۆژەوە دەبینین كۆشكی رەشی تیرۆر لەهەرێمدا داڕمێت‌و بەیداخی ئازادی مرۆڤ‌و رۆژنامەگەری لەهەموو كونجێكی ئەم وڵاتە هەڵبدرێت.
نەفرەتی هەمیشەیی لەو دەستانە بێت كە سۆرانیان شەهیدكردو ئەوانەشی لەژێر چەتری دیموكراسییەتدا پیلانی تیرۆركردنەكەیان داڕشت.

گۆڤاری لڤین
21/7/2016

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *