ده‌رگاکان دامه‌خه‌ن ، دنیا له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ ده‌مانبینێ

ده‌رگاکان دامه‌خه‌ن ، دنیا له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ ده‌مانبینێ

سەردەشت عوسمان:

له‌ دوای گه‌شتێکی مه‌یدانی له‌ به‌شێک له‌ وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا. ڕۆژنامه‌نوسێکی ئه‌مریکی سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌تمه‌داره‌کانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ وتی له‌ ” شێوه‌ی شوفێرێکن به‌ چاوی دخراوه‌وه ئۆتۆمبێل ‌ لێده‌خوڕن . که‌ لێشیان پرسی بۆچی؟ وتی ئاخر کاتێک تۆی ڕۆژنامه‌نووس به‌ کۆڵێک پرس و خه‌به‌ری شەقامه‌کانه‌وه‌ ئه‌ڕۆی بۆ لای به‌رپرسێک و ئه‌ویش ده‌رگاکه‌ی به‌ ڕووی تۆدا دابخات و وه‌لامی پرسیاره‌کانت نه‌داته‌وه‌. ئه‌م به‌رپرسه‌ کامه‌ ئاراسته‌ ئه‌بینێت تا پلانی کاره‌کانی تیا په‌یڕه‌و بکات ؟!

دڵنام ئەم رۆژنامەنوسە بەتەواوەتی لەمەترسی دوورە پەرێزی بەرپرسەکانی رۆژهەڵات تێگەیشتوە،بۆیە یەکراست نزیکترین خاڵی مەبەستەکەی پێکاوە ،بەڵام ئەوەی جێگای خۆشحاڵی نیە ئەوەیە کەئەمە دیاردەیەک بێت یان بەشێک بێت لە کەلتوری سوڵتەی رۆژهەڵات ،ئەوا لەماوەی ١٨ ساڵدا ئەم کەلتورە بوەتە بەشێک لەپێکهاتەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە و لە شارەگی دەماری سوڵتەی ئەم هەرێمەوە گەرای داناوە .خوێندنەوەی ئەم مەترسیەش پێموانیە کارێکی زەحمەت بێت چونکە لەپێشەکی هەر دیدارێکتدا ئەگەر بۆت رەخسا لەگەڵ بەرپرسێکی ئەم وڵاتە ،دەبێت بەتەواوەتی دڵنیا بیت کە ناتوانیت وەڵامی پرسیارگەلێکت دەست بکەوێت کە تابوون بەلای دەسەڵاتی ئەم جفاتەوە ،وەک ئەوەی ،سامانەکەت چەندە ؟ موچەکەت ؟ چۆن وەدەستتهێنا ؟ رەگەزنامەی کام وڵاتی خۆر ئاوات هەیە ؟کارت لەم وڵاتانە چی بوو ؟کوڕ و کچ و نەوەکانت چۆن توانیان کورسی خوێندنی وڵاتانی خۆرئاوا بەدەست بێنن بەم هەموو سەختیەوە …؟ ئەمە چ جای پرسیارکردن لە ئاشکراکردنی رێککەوتنامە نەوتیەکان و چۆنیەتی سەرفکردنی بودجە و چۆنیەتی خەرجی مالی وەزارەتەکان، لەکاتێکدا تۆ دەتوانیت تەنیا لەرێگای ماڵپەڕی هەر دەزگا و وەزارەتەکانی وڵاتانی دیموکراسی زۆربەی ئەم زانیاریانە وەدەست بێنیت .

ئەوەی جێگای بەدبەختیە ئەوەیە کە ئێمە بەم هەموو خەمەی بەکۆڵمانەوە هەڵمانگرتوە و سەرەرای داخستنی هەرچی دەرگا هەیە بەرووماندا ، ئەگەر بمانەوێت خوێندنەوەیەکی واقعی ئەم هەرێمە بکەین چەندەها تۆمەتمان بۆ دورست دەکەن،کەئەگەر لەبەر ئازارەکانی ئەم نیشتیمانە نەبێت ئارەزووی ژیانی ئەم وێرانەیەمان نەماوە ،لەو کاتەی کە ئێمە قسە لەسەر ناعەدالەتیەکانی ئەو ولاتە دەکەین ئاگاداری ئازارەکانی ئەو نیشتیمانەین، لەوکاتەی کە باس لە نائومێدی گەنجەکانی ئەو مەملەکەتە دەکەین، گوێمان لە ترپەی هەنگاوی سەفەریانە. ئێمە نەوەی سەردەمێکین حەز دەکەین قسە لەسەر داهاتوو بکەین،بەڵام نامەکانی پیاوانی دەسەلات پڕە لەمێژوو،بەجۆرێک حەز دەکەن هەمومان ببینە مێژوونوس .من پێموایە کاری ئێمە لەکاری پێغەمبەر و پۆستەچیەکان دەچێت،دەبێت ئایەتەکانی خەیاڵی ئەم نیشتیمانە بگەیەنین بەم شوێنە کەدەبێت پێی بگات ،ئەم فرمێسکە بگەیەنین کە ئازاری برینەکانی خەڵکی ئەم وڵاتە دەینوسێت ،رەنگە کەسانێک هەبن کە حەز نەکەن ئایەتەکانی ئەم خاکە و ئازارەکانی ئەم خەڵکە نەخویننەوە،بەڵام ئەمە کاری ئێمەیە .

ئێمە دەمانەوێت واقعی سەردەمێک بگەیەنین،ئاوێنەیەک بدەین بەدەستتانەوە تا قوڵی خەمی شەقامەکان ببینن،کاری ئێمە نیە میکیاجی ناشیرنی دەسەڵات بکەین،چونکە دەسەڵات بە هەموو ناشیرنیەکانی هی خۆمانە و ئەرکی خۆشمانە جوانی بکەین،بەڵام کاتێک کە دەرگاکانمان بەسەردا دادەخەن دەستەیەک لەنۆکەر لەشێوەی بەرنامەیەکی فۆتۆشۆپ وێنەیەکمان نیشان دەدەن ،ئەوا دونیا بەم وێنەیە نایانبینێت کەخۆیان دەکێشن . پێموانیە ئەمەیان بیر چوبێت کاتێک هەر خۆیان پرۆفسیۆرێکی ئەمەریکیان بەناوی ( جیری وێیبنبێرگەر ) داوەتکردە کوردستان و چوار مانگ لەو هەرێمە میواندارییان کرد،کەچی کە رۆیشتەوە ئەمەریکا لەیەکێک لەبەناوبانگترین رۆژنامەکانی ئەو ولاتە نوسی (ئەگەر بەرپرسانی هەرێم وەک حکومەتەکەی مالکی لەسەر گەندەڵی بدرێنە دادگا،ئەوا یەک کەس لەو هەرێمە نامێنێت ئەو حکومەت بەرێوە ببات ) .لەکاتێکیشدا وتمان هەڵبژاردن بەم شێوەیە نابێت،هەرچی سوکایەتی هەیە پیمانتان کرد،بەڵام گۆڤاری پڕ خوێنەری ئیکۆنۆمستی ئەمەریکی پێیگوتین ( هاوڕێیان هەڵبژاردنەکەتان قەیرێک لە دیموکراسیەوە دوور بوو )

لەراپۆرتێکیشدا فینانشیاڵ تایمزی ئەمەریکی بە گاڵتە ئامێزیەوە دەنوسێت ( لەکوردستان ١٦ سعات کارەبا و ١٠ سعات ئازادی رادەربڕین هەیە تا خۆر ئاوا دەبێت ،بەڵام تەنها گەندەڵی ٢٤ سعات بەردەوامە ! )

ئێمە ئازارەکانمان دەنوسینەوە ، بەڵام دنیا بەئازارەکانمان پێدەکەنێت ،ئێمە باس لە چاککردنی داهاتوو دەکەین،بەڵام ئەوان باس لە خراپی رابردوو دەکەن ،ئەکرێ راستیەکان درەنگ بگەن، بەڵام گومانمان نیە کە دەگەن . ئێمەش نەفەسی ئەمەمان هەیە کەبەدیار ئەم وێستگەیە دابنیشین کە لاپەڕەکانی مێژووی ئێمەی هەڵگرتووە .

 

ئەم ووتارە لە هەفتەنامەی ( ئاشتینامە ) ژمارە ( ٤٧ ) لە بەرواری ١٤ – ٩ – ٢٠٠٩ ، بڵاوبۆتەوە

2020-05-30
Sardasht Osman