سەردەشت عوسمان وەک خۆی ..

٥bashdar osman – ٥ ،سێ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان،لەم بەروارەدا لەبەرامبەر نوسینی چەند ووتارێک و قسە و هەڵویستەکانی، لەنێو جەرگەی شاری هەولێر و لەبەردەم کۆلێژەکەی لەبەرنامەیەکی پشوەخت دارێژراودا لەلایەن چەند چەکدارێک دەرفێندرێت و بەگوللەیەک لەنێو دەمی تیرۆردەکرێت و تەرمەکەشی دەبرێتە شاری موصڵ و لەوێ فڕێدەدرێت .

رێکەوتی لەدایک بونی رۆژنامەنوسی تیرۆرکراو سەردەشت عوسمان،هاوکاتە لەگەڵ ساڵەکانی کۆتایی دەسەڵاتی فاشی بەعس و راپەڕینی خەڵکی کوردستان و بەدەسەلات گەیشتنی ئەحزابی کوردی لە(٢٥-١٢-١٩٨٧) لەدایک بوە .

واتە سەردەشت تەمەنی چوار ساڵان دەبێت کاتێک ئەحزابی کوردی دەسەڵات دەگرێتە دەست،ئەو تەنانەت رۆژرکانی کۆتایی دەسەڵاتی بەعسیشی بیرنەدەهات،بەڵام ئاسان و بە ووردی روودا و کار و کردەوەکانی دەسەڵاتی کوردی لەنێو مێشک و بیرکردنەوەی مابویەوە،درێژەدان بە هەمان سیستەم و یاسا و دەستوری بەعس و دورستکردنی هێزی تۆقینەر و هەڵکوتانە سەر ماڵان لەگەل زیادبونی شەری ناوخۆ و هێنانی سوپا و هێزی وڵاتانی ناوچەکە بۆ ناو خاکی کوردستان،لەرۆژەکانی مناڵی و هەرزەکاری ئاشنا بو بە چاو و گوێچکەکانی،بۆیە سەردەشت هەر زوو هێڵێکی تۆخی لەنێوان خۆی و دەسەڵاتی کوردی کێشا و گوتی ئەو دەسەڵاتە جێگای جاوتێبڕینی خەون و خولیاکانی ئێمە نیە،دەسەڵاتێک کە بە هەمان کەلتور و یاسای بەعس کۆمەڵگا بەڕێوە ببات،ئامادە بێت گەورەترین بەڵا و کارەسات بەسەر خەڵک بهێنێت لەپێناوی بەرژەوەندیەکی تەسکی حزبی،لاوان و گەنجان بکاتە سوتەمەنی جەنگەکان ،ئەوە دەسەڵاتی ئێمە نیە،ئەوە ئەو دەسەڵاتە نیە کە باوک و براکانی ئێمە قوربانیان لەپێناودا ! لەنوسین و قسە و هەڵوێستە رۆژانەییەکانی ئەمە بە رۆشنی و بەئاشکرا دەبینرێت و هەستی پێدەکرێت،بۆیە خەتی نوسینی ئەو خەتێکی رەخنەگرانە بوو .

 هەمیشە دەیگوت و دەینوسی(ئێمە و ئەوان )،هەر زوو خۆیی جیاکردەوە و شانی خۆی خاڵی کردەوە لەهەمو  شتێک کەروودەدا بەناوی دەسەلاتی خۆماڵی ! بۆ نمونە لە بڵاوکراوەی هۆشیاری لە(١٥- ٢- ٢٠٠٧) دەنوسێت:

(کاری ئەوان لەم ووڵاتە خوڵقاندنی مرۆڤی بێدەنگە و دامەزراندنی ئەم مەخلوقەیە لەرێکخراوە بێ دەنگ و بێ کەڵکەکان …، ئەوان ئەوە دەڵێن کە خۆیان حەزی پێدەکەن،ئەوانەی ئێمەش دەمانەوێت سەرکوت دەکرێ لە خۆپیشاندانەکان،…

ئێمە داوای دوو کتێبخانەمان کرد هاتن خانەقایەکیان بۆ کردینەوە،لەکاتێکدا کە عەرەقی یانەکان بەسەر وەسڵەکانی حکومەتدا ساغ دەبێتەوە. داوای لەتێ ئازادیمان کرد، ئازادی و یەکپارچەیی عێراقیان بەدیاری بۆ هێناین ( ئەمەیە خەباتکاری کورد !)پارچە نانێکمان وویست، دەڵین پرسەی برا عەرەبەکانی بەغدا هێشتا تەواو نەبوە،چۆن لە خەمی ئەو برا عەرەبانە نان لە قورگتان دەچێتە خوارەوە ؟! کەچی خۆی بە سامانی ئەو میللەتە زەلیلە تێر نەبوو رایکردە بەغداش .

من دڵنیام ئەگەر لە خۆپیشاندانێ داوای چوار سەعات کارەبا بکەین،چوار رۆژ و شەو بێ روناکی لەزیندانمان دەبەستنەوە، بۆئەوەی نرخی دوو سعات کارەبا بزانین ! داوای بتڵێ غاز بکەین دەبێت دوو بتڵ خوێن ببەخشینە دۆستەکانمان کە بەگوللە و قۆنداغەی چەکەکان بریندار دەبن،زۆرجار ئەو ( هەوا )یەشمان لێدەگرنەوە کەخودا بەبێ ئەوان پێمانی بەخشیوە.

ئەوان یاریکەرێکی نەزانن و زۆر بەگەوجانە سوڵتەی ئەم وڵاتە لێدەخوڕن، ئەمان یاریکەرێکن تەنها یاریکەرن کە بەتەنها لە وڵاتە دیموکراتەکانەوە ئەوەندە تەمەن درێژ بن …،ئەوان کە هەستیان کردوە سوڵتە هێندە لەزەت بەخشە و چ رێگایەکی شاهانەیە بۆ زەنگینی، دەیانەوێت کورسیەکەیان بکەنە میرات و تائەوان مابن خاوەن سوڵتە بن و دوای ئەوانیش پاشاگەردانیمان بۆ نوێ بکەنەوە .

ئەوەی ئێمە هەستی پێدەکەین تەنهاییە ،بێ دیموکراسییە، بێ بەرپرسیاریەتییە،نادادپەروەرییە، دزییە،گەندەڵییە، ئەوەی ئەوانیش خەوی پێوە دەبینن بەردەوامیە . ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بیکەین رزگاربونە،بۆیە رێگاکانی نایاسایی هەندەران نەما پێی گوزەر نەکەین،شێوازی مردن،لێدان،سوکایەتی نەما لەم رێگایە نەمان بینیبێ،کەچی ئێوە هەمان کەسی جارانن .

ئەوەی لەداهاتوش لەهەگبەی ئێمەیە هەر رزگاربونە،بۆیە رێگایەک بدۆزنەوە بۆ رزگاربونی ئەم خەڵکە بەئەمەکە،ئەگەرنا نزیکترین رێگامان بۆلای باڵەخانەکانی ئێوەیە کە بیگرینە بەر،بۆئەوەی بیانکەینەوە بەو زەوییەی پانزدە ساڵ بەرلەئیستا و بەرلەئێوە،ئێوەی تەنها خاوەنی کراس و شەرواڵێک بون ..!

سەردەشت عوسمان هەر زوو لە تەمەنی بیست ساڵیدا خۆیی یەکلاکردەوە،کە ئەو ووتارەی سەرەوەی نوسیوە سەنگەری خۆی دیاریکرد کە سەنگەری خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت بوو،گەیاندنی ئێش و ئازارەکانیان بو لەرێگای نوسینەکانی بەدنیای دەرەوە ،گەنجێک و قەڵەم بەدەست و رۆژنامەنوسێک نەبو هەر رۆژێک لەسەر پەتێک یاری بکات ،تا دواجاریش هەر لەم سەنگەرە مایەوە و لەم رێگایەش گرینگترین شت کە گیانی خۆیەتی بەخشی !

 بەشدار عوسمان:

Leave A Reply

Your email address will not be published.