ئەوەی بیەوێت با نەیبات، دەبێت خۆی بداتە پاڵ ئێمە ..!

بەشدار عوسمان :vvbb

خۆشبەختانە ئێستا هێزی ئازادیخوازی کۆمەڵگا بەهرەمەندە لە پاڵپشتیەکی فراوانی ناوخۆ و دەرەوە،لەوڵاتانی دنیا نوسەران و رۆژنامەنوسان و هونەرمەندان و پارێزەران و دەزگای زەبەلاحی نێو دەوڵەتی ، رێکخراو و سەندیکا مەدەنیەکان پاڵپشتی بەردەوامیان هەیە بۆ بەسزا گەیاندنی بکوژانی رۆژنامەنوسان و بەردەوام لە چاودێریدان، لەناوەوەش هەڵویستەکانی خەڵک و پەرۆشی و هاوخەمیان پەیامێکی جیاوازیدا بەگوێی دۆستان و دوژمنانی ئازادیدا،پیگوتن تیرۆری رۆژنامەنوسان تیرۆری هەمومانە ، تیرۆری ئازادییە ! بۆیە سازش لەسەر بەناحەق رژاوی خوێنی رۆژنامەنوسان سازشە لەسەر ئازادی، هەنگاونانە بۆ درێژەدان بە دەسەلاتی سەرکوتکاریی و مافیایی وبنەماڵەیی، دەست ئاواڵایەیی زیاتر دەدات بە گروپە چەتەیەکانی نێو دەسەڵات بۆ چەند بارە بونەوەی سۆران و سەردەشت و کاوەکان و خنکاندنی دەنگی ئازاد و کوژاندنەوەی ئەو تروسکایە روناکیە ،قۆناغێکی سەختمان بڕێوە و قوربانی گەورەمان داوە و ناگەڕێینە دواوە !

نزیکی و دوریش لەم کەیسانە بۆ هەر هێز و لایەنێکی سیاسی پەیوەندی بە نزیکی و دووری هەیە بە ئازادیخوازی و عەدالەتخوازی ئەو کەس و هێزە سیاسیانە و پەیامیان بۆکۆمەڵگا،بۆیە قورسە هێزێک ئیدعای عەدالەت و ئازادی و شەفافیەتی بۆ کۆمەڵگا هەبێت و نەمانی جەور و ستەمی لەکۆڵ هەڵگرتبێت ، کەیسی تیرۆری رۆژنامەنوسان بە کەیسی خۆی نەزانێت و بەرگری لێ نەکات،پێچەوانەکەشی دورستە، ئەوانەشی دەیانەوێت کۆمەڵگا لە ئێستا تاریکتر بکەن، زوڵم و زورداری زیاتر بکەن و نایەکسانیەکان تۆختر بکەنەوە، نزیک بونەوەیان لە کەیسی رۆژنامەنوسانی تیرۆرکراو عەیبەیەکی گەورەیە و خەڵک بە پۆلێکی قەڵپ نایکڕێت ! بەرگری لە ئازادی و بنەماکانی ئازادی رادەربڕین ئەگەر لە بنەمایەکی قوڵی بەرنامە ئەساسیەکانی هەر کەس و هێزێکی سیاسی سەرچاوەی نەگرتبێت،ئەوە بەرگەی کزە بایەک ناگرێت و دەچیت بە ئاسمانەوە !
بۆیە ئەوەی بیەوێت با نەیبات دەبێت بنەما سەرەکیەکانی ئازادی رادەربڕین لەنێو کۆی جومگەکانی کار و ئۆرگانەکانی قوڵ بکاتەوە و هێڵی سووری تەنها بەزاندنی ئازادییەکان بێت .

2014-5-24

Leave A Reply

Your email address will not be published.