هەرێمى کوردستان، لەنێوان مەبەستى ئۆپۆزسیۆن و شەڕى بەغدا

sardasht_osman4بەدواداچون  و وەرگێڕنى/سەردەشت  عوسمان:
( فینانشیاڵ تایمز) رۆژنامەیەکى سیاسى  ناسراو و پڕ خوێنەرى ئەمریکایەو بەردەوام زۆر نزیکە لە رووداوەکان و لە نزیکەوە و بە وردى شیکارى بارودۆخە سیاسیییەکان دەکات، ئەم رۆژنامەیە لەدواى ئەوەى راپۆرتێکى سەبارەت بە چۆنییەتى بەڕێوەچوون و ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى 25ى تەمووزى رابردووى هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە و وێڕاى جەختکردنەوە لەسەر گرنگى ئەم هەڵبژاردنە و پیرۆزبایی کردن لە خەڵکى هەرێمى کوردستان بەم بۆنەیەوە، هاوکات تێبینى خۆشى لەسەر بەشێک لە گزیکارى و ساختەکارى  ئەم هەڵبژاردنە دەربڕیبوو، لەدواى ئەوەى کە بارودۆخى هەرێمى کوردستان ئارام بوویەوە ئەم هەرێمەش لە ڕووى سیاسی و ئەمنییەوە بەدواى ئەنجامى هەڵبژاردنەکاندا هێوربوونەوەى بە خۆیەوە بینى، رۆژنامەى فینانشیاڵ تایمز راپۆرتێکى دیکەى شیکارى وردى لەسەر باروو دۆخ و کێشەو ناکۆکى هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە.

دانیشتنى خولى نوێى پەرلەمان
رۆژنامەى فینانشیاڵ تایمز سەبارەت بە یەکەمین دانیشتنى خولى سێیەمى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان و قەوارەى لیست و پارتەکان لە بەشداریکردنى ئەم خولە نوێیەى پەرلەمان دەنووسێت”لە چەند رۆژى رابردوودا پەرلەمانى هەرێمى کوردستان یەکەمین دانیشتنى خولى نوێى بە بەشدارى چەند لیست و قەوارەیەکى  جیاواز بەست، یەکەم جاریشە ئەم پەرلەمانە جۆرە فرە دەنگییەک و فرە رەنگییەکى لەم چەشنە بە خۆیەوە ببینێت، کە بەبەشدارى لیستى براوەى هەڵبژاردنەکانى هەردوو پارتى دەسەڵاتدار و لیستى گۆڕان (کە دەنگى دووەمى هەڵبژاردنى پەرلەمانى وەدەست هێنا)و  چەند لیست و قەوارەیەکى تر بەپێى قەوارەى دەنگیان لە هەڵبژاردنى 25ى تەمووز.

سەرۆک سوێند دەخوات
هەر لەدرێژەى راپۆرتەکەیدا فینانشیاڵ تایمز ئاماژە بە سەرکەوتنى (مسعود بارزانى)دەدات لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتییەکەى هەرێمى کوردستان و دەنووسێت”بە هۆى ئەوەى کە رێژەى لە سەدا 70ى دەنگەکانى هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەى هەرێمى کوردستانى وەدەستهێنا جارێکى دیکە بۆ ماوەى چوار ساڵى تر بوویەوە بە سەرۆکى هەرێم کە پێشتر لە ڕێگەى تەوافوقى سیاسى نێوان پارتەکەى تاڵەبانى ((pukو پارتەکەى خودى بارزانى(kdp) ئەم پۆستەى وەرگرتبوو، لە یەکەمین دانیشتنى پەرلەمانى هەرێمى کوردستانیشەوە سوێندى یاسایی خۆى خوارد و بە فەرمى لەم پۆستە دەست بەکاربوو”

کێشەکان لەگەڵ بەغدا
لە بەشێکى دیکەى راپۆرتەکەدا رۆژنامەى فینانشیاڵ تایمز پەنجە دەخاتە سەر ناکۆکى و بارگرژییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکومەتى ناوەندى بەغدا و دەڵێت”حکومەتى هەرێم لە حوزەیرانى رابردووەوە دەستى کردووە بە دەرهێنان و هەناردەکردنى نەوت بۆ دەرەوە لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى خۆیدا، لەگەڵ ئەوەى کە پارەى ئەم نەوتە وەبەرهێنراوە دەچێتە سەر بودجەى حکومەتى ناوەندى بەڵام وەزارەتى نەوتى عێراقى  رەخنەى لەسەر چۆنییەتى ئەم رێکەوتنانەى حکومەتى هەرێم هەیە لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان بە مەبەستى وەبەرهێنانى نەوت، بۆیە حکومەتى ناوەندى ئەم گرێبەستانە بە ناشەفاف لەقەڵم دەدات  و دانى پیانانێت”
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم رۆژنامەیە دەنووسێت، لەدواى نزیکەى یەک ساڵى تەواو لە بارگرژى پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغدا، دواى هەڵبژاردنەکانى 25ى تەمووزى هەرێمى کوردستان نورى مالکى سەرۆک وەزیرانى عێڕاق سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد و لەگەڵ مەسعود بارزانى کۆبوویەوە، بۆیە ئەم رۆژنامەیە پێیوایە کە بارگرژییەکان بەرەو رەوینەوە دەچن.

ئۆپۆزسیۆن چاوى لەسەر کێشەکانى هەرێمە
لە بەشێکى دیکەى ئەم راپۆرتەدا رۆژنامەى ناوبراو ئاماژە بەسەرهەڵدانى هێزێکى نوێى سیاسى دەکات لە هەڵبژاردنەکانى ئەم دواییەى هەرێمى کوردستان  بە ناوى بزوتنوەى گۆڕان  کە رێژەى لە سەدا 25ى دەنگەکانى پەرلەمانى  بەدەست هێناوە و بڕیارى داوە کە بەشدارى حکومەت نەکات و وەکوو ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەماندا بمێنێتەوە، هەر لەدرێژەیدا دیلفین ستراوسى نووسەرى راپۆرتەکە ئەوە دەخاتە روو کە ئەم هێزەى ئۆپۆزسیۆن زیاتر جەخت لەسەر کێشە ناوخۆییەکان دەکاتەوە و هەروەک گەندەڵى و کەم و کوڕى خزمەتگوزارى و دەستبەسەرداگرتنى دارایی و هێزە ئەمنییەەکان لە لایەن هەردوو پارتى  دەسەڵاتدارى بارزانى و تاڵەبانى، هەروەک نوسەرى راپۆرتەکە لەسەر زارى کەسى دووەمى لیستى گۆڕان و ئەندامى ئەنجومەنى کۆمپانیاى وشە (محمد تۆفیق رەحیم) رایدەگەیەنێت کە بە فینانشیاڵ تایمزى راگەیاندووە” فەرمانڕەوایی و دەسەڵاتدارییەتى لەم چەشنە پێویستى بە دوژمنێکە، لە هەرکاتێکیشدا ئەم دوژمنە بوونى نەبوو، ئەوا یەکێکى خراپتر دروستدەبێت”.

دڵى کوردەکان
لە بەشێکى دیکەى راپۆرتەکەدا رۆژنامەى ناوبراو تیشک دەخاتە سەرناوچە ناکۆکى لەسەرەکان بەتایبەتى شارى کەرکووک، کە ئەم رۆژنامەیە بە یەکێک لە هۆکارەکانى کێشەکانى نێوان بەغداو هەرێمى لەقەڵەم دەدات، ستراوسى نوسەرى ئەم بابەتە پێیوایە کە کوردەکان مەحاڵە سازش لەسەر ئەم شارەیە بکەن و کەرکووک بەلاى ئەوانەوە هێڵى سوورە، دیلفین بۆ ئەم مەبەستە لێدوانى  فەلاح مستەفاى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم  بە نموونە وەردەگرێت کە تایبەت بەم رۆژنامەیە دەڵێت”کەرکووک لە دڵ و خەیاڵى هەموو کوردێکەوە نزیکە و هەر لایەنێک و حکومەتێکیش لە کوردستان بیەوێت سازش لەسەر ئەم ناوچانە بکات ئەوا پاڵپشتى کوردەکان لەدەست دەدات”.

تەمەنى تاڵەبانى
رۆژنامەى فینانشیاڵ تایمز پێیوایە کە جەلال تاڵەبانى سەرەک کۆمارى عێڕاق و سکرتێرى گشتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان کارتێکى بە هێزى کوردەکانە لە کێشە دەرەکییەکان و کلیلى پەیوەندییەکانیشە لە بارگرژى و پشێویە   ناوەخۆییەکان پەیوەندى پارتەکان، پێشیوایە کە خراپبوونى بارى تەندروستى تاڵەبانى تەمەن 75 ساڵ بارودۆخەکان خراپتر و ئاڵۆزتر دەکات، هەروەک( ئەحمەد میرە)ى سەرنوسەرى گۆڤارى لڤین لەمەڕ تەندروستى تاڵەبانییەوە بەم رۆژنامەیەى راگەیاندووە” تاڵەبانى زۆر گرنگە بۆ ساتى ئێستاى کوردەکان و ئەو لاسەنگى نێوان پارتەکان دەپارێزێت، لەدەستدانى ئەم پیاوەش دەبێتە کارەسات”.

سوود لە رۆژنامەى فینانشیاڵ تایمزى ئەمریکییەوە وەرگیراوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.