پارتی بەرپرسە لە پاراستنی سەلامەتی ڕۆژنامەوان کامەران موحەمەد

logorekxrawبەپێی هەواڵێکی ئەمرۆی میدیاکانی کوردستان و لێدوانی ڕۆژنامەنووس کامەران موحەمەد لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندن، دوێنێ نیوەڕۆ ٢٠١٤-٤-٢١ موختاری گەڕەکی نیشتیمان لە هەولێر لە ڕێگای پەیوەندی تەلەفۆنی، هەڕەشە و سوکایەتی بە کامەاران موحەمەد دەکات.

ئەم هەڕەشەیەی موختار و کارمەندی ئاسایش  لە کاتێکدایە ئەمرۆ ١١٦یەمین سالیادی رۆژنامەگەری کوردیە، بەرپرسان لە لێدوانەکانیاندا دروشمی ئازادی  دەڵینەوە و سنگ دەردەپەڕێنن و بوونی میدیای ئازاد بە دەستکەوتی ژێر سێبەری دەسەڵاتی خۆیانی دەزانن. لە کاتێکدایە دۆسیەی کاوە گەرمیانی لە دادگاکاندا کایەی پێ دەکرێ ئازاری ویژدانی و ڕوحی خانەوانەدە و ڕۆژنامەوان و خەڵکی پێ دەدەن. لە کاتێکدایە چوار ساڵ بەسەر تیرۆری رۆژنامەوان سەردەشت عوسمان تیدەپەڕێت و تاوانباران بە ئازادی دەسورێنەوە. ئەم هەڕەشەیە لەکاتێکدایە لەنێو گەرمەی هەڵبژاردنەکان بە دروشمی ئازادی و عەدالەت و مافی مرۆڤ خەڵک کاس و گێژ دەکەن.

مێژووی هێرشەکان بۆ سەر ئازادی و رۆژنامەوانان لە کوردستان، سەرەتا و هەنگاوی یەکەمی هێرش و  تیرۆری رۆژنامەوانان، هەڕەشە بووە. هەڕەشەکانی پێشووتر بۆ سەر سۆرانی مامەحەمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی هەنگاوی دواتری کوشتن و تیرۆری ئەوان بوو. بۆیە دەبێ ئەوە بەجدی وەربگرین، ئەوەی هەڕەشە لە کامەران دەکات تەنیا کەسێک نییە. ئەو هەڕەشەیە بەشێکە لە کارنامەی دەسەڵاتێک دەستی سورە بە خوێنی رۆژنامەوانان و گەنجانی کوردستان.

پشتیوانی لە کامەران محەمەد ئەرکی هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز و ڕاگەیاندکارانی کوردستان و ڕێکخراوە مەدەنیەکانی کوردستانە. هەر هێرش و هەڕەشەیەک بۆسەر هەر کەس و رۆژنامەوانێک، هەڕەشەیە بۆسەر هەموومان و کۆمەڵگە.

ئێمە لە “ڕێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی” وێرای پشتیوانی جدی خۆمان لەئازادی و ئازادی ڕۆژنامەگەری و کامەران موحەمەد. بەتوندی ئیدانەی ئەو هەڕەشانە دەکەین. لەئێستاکەش پارتی دیموکراتی کورستان بە پرس دەزانین لە پاراستنی سەلامەتی ڕۆژنامەوان کامەران موحەمەد.

ڕێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی
٢٠١٤-٤-٢٢

Leave A Reply

Your email address will not be published.