کارەســـــاتێک بەڕێوەیــە…

sardasht_osman3وەرگێڕان و بەدواداچونى:سەردەشت عوسمان:
لە شەقامى موتەننەبى شارى بەغدا کە شوێنى کتێبفرۆشەکانە یەکێک لە خاوەن دوکانە کتێبفرۆشەکانى  ئەم شەقامە بە چاویلکەیەکەوە و بە تووڕەییەوە بۆ خەڵکەکە قسەیدەکرد و دەیووت” ئەمە ئازادى رادەربڕین نییە، ئێمەش دەبێت وەکوو رۆژنامەنووسەکان خۆپیشاندان ساز بکەین”، ئەمە هوتافى کتێبفرۆشەکانى بەغدابوو لەم هەفتەیەدا لە بەرامبەر  یاسا نوێیەکەى حکومەتى مالکى سەبارەت بە سانسۆر خستنە سەر بڵاو کراوە و نوسین و کتێب بۆ ئەوەى رێگریبکرێت لە بەرامبەر بڵاو بوونەوەى ئەو بابەت و نامیلکانەى کە هانى تووند و تیژیدەدەن، بەڵام ئایە کتێبفرۆشەکان وەکوو رۆژنامەنوسەکان جورئەتى ئەوە دەکەن کە لە مانگى رابردوودا لە دژى سنوردارکردنى کارى رۆژنامەوانى لەلایەن حکومەتى مالکییەوە خۆپیشاندانێکى بەرفراوانیان لە شارى بەغدا سازکرد؟
یەکێک لە کتێبفرۆشەکان دەڵێت” لەوانەیە بتوانین، بەڵام ئێمە نیگەرانى ئەوەین کە پۆلیسەکان بە جلى فەرمییەوە دەربکەون و یەکە یەکە ناوەکانمان تۆماربکەن و لە دواییشدا لەوانەیە لە بەرامبەر ئەوەى کە خۆپیشاندانمان سازکردووە رەوانەى بەردەم دادگاکان بکرێین و لەوێشەوە دادوەرەکانى سەر بە حکومەت سزامان بدەن، ئەمەیە عێڕاقى نوێ کە دەسەڵات لەژێردەستى کەسانێکەوەیە کە هاوکات چەکیان بەدەستەوەیە”.
وڵاتى عێڕاق کە ئێستا بەشێکى زۆرى دام و دەزگا و پۆستە ئیدارییەکان بەدەستى شیعەکانەوەیە، هەتا دێت دەزگاکانى ئاسایش لە فراوانبووندان و پێشێلکارییەکانى مافى مرۆڤیش تادێت زیاتر دەبێت، رۆشنبیرەکانیش گومان و ترسى ئەوەیان هەیە کە وڵاتەکەیان بەرەو وڵاتێکى سەربازى هەنگاوبنێتەوە و کەلتورە کۆنەکەى سەردەمى سەددام حسێن جارێکى دیکە بگەڕێتەوە.
ئەشکەنجەدان شتێکى رۆتینییە لە زیندانەکانى عێراق، سامر موسقەتى کە کارمەندێکى رێکخراوى چاودێرى مافەکانى مرۆڤ(human rights watch)ە کە بارەگاکەى لە نیویۆرکە دەڵێت”تەنانەت ئەگەر بەپێى ستاندەردەکانى هەرێمیش عێراق بەراورد بکەین، بارودۆخەکە زۆر خراپە و بەرەو خراپتریش دەچێت”
لە زیندانیەکاندا پۆلیسى عێراقى بەندییەکان ئەشکەنجە دەدەن و نینۆکەکانیان هەڵدەکێشن، تەنانەت زۆرجار ئەم ئەشکەنجە دانانە ئەوانەش دەگرێتەوە کە کە دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە،  یەکێک لە زیندانییە ئازادکراوەکان کە تاوەکوو ئێستا بەهۆى ئەشکەنجەى زیندانەوە دەشەلێت دەڵێت” لەوانەیە من زۆر بەختەوەر بم، چونکە لەوکاتەوى کە دواى پێنج رۆژ لە ئەشکەنجەدان تێکەڵ بە زیندانییەکانى دیکە کرامەوە زۆرێک لە زیندانییەکان باڵێک یان قاچێک یان ئەندامێکى ترى جەستەى لەدەست دابوو”.
لە مانگى تەموزى رابردوو پۆلیسى عێراقى لە کاتى شەوانەدا بارى نائاسایی راگەیاند و ئەمەش کارەکانى پۆلیسى ئاسانکرد بۆ دەستگیرکردنى ئەوانەى کە نەیارى حکومەتە شیعە دەسەڵاتەکەى بەغدان،  بەتایبەتى سەرکردەکانى ئەنجومەنى سەحوە و گڕوپە سونییەکان و گڕوپە چەکدارییەکانى پێشوو و هەوادارەکانیان کە پێشتر هاوکارى حکومەتى عێراقیان کرد لە زاڵبوون بەسەر گڕوپە یاخیبووە سونییەکانەوە کە ڕەتى ئەوەیان کردەوە بێنە سەرهێڵ لەگەڵ حکومتى عێڕاقیدا.
لە برى بە دامەزراوە کردنى ئەم هێزە چەکدارانە کە هاوکارێکى گرنگى هێزەکانى عێڕاقى بوون بۆ کۆنتڕۆڵکردنى یاخیبووان، رەوانەى زیندانەکان کران، کارى دەستگیرکردنى ئەم کەسانەش بە یەکەیەکى سەربازى سپێردراوە  بە ناوى فیرقەى بەغدا و لەناوخەڵکیشەوە بە گڕوپى پیس ناسراون(the dirty squad) و راستەوخۆ لە ئۆفیسى نورى مالکى سەرۆک وەزیرانى عێراقەوە فەرمان وەردەگرن.
لە کاتێکدا کە ئەمریکییەکان زۆربەى زیندانییەکانى خۆیان ئازاد کرد، ئەوا لەدواى ئەم بەروارەوە  هێزەکانى عێراقى هیچ مانگێک نییە کە کەمتر لە 1500 کەس نەخاتە زیندانەکانییەوە، لە کاتێکدا ژمارەى زیندانییەکان لە زیندانەکانى ژێردەسەڵاتى ئەمریکییەکان  لەساڵى رابردووەوە لە 21 هەزارەوە کەمبوویەوە بۆ 9 هەزار  زیندانى، لەهەمانکاتدا ژمارەى زیندانییەکانى ژێر دەسەڵاتى پۆلیسى عێراقى لە مانگى شوباتى ئەمساڵەوە تا ئێستا لە 35 هەزار زیندانییەوە بەرزبوویەوە بۆ 40 هەزار.
لەمەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە ئێستا حوکمى لەسێدارەدان لە عێڕاق کاریپێدەکرێت و رێژەى ئەم حوکمەش زۆر بەرزە لە دادگاکان، لە یەک رۆژى مانگى حوزەیرانى ئەمساڵدا 19کەس ئەم حەکمەیان بەسەردا جێبەجێکراوە لە شارى بەغدا، لە نوێترین راپۆرتى خۆیدا رێکخراوى لێبووردنى گشتى نێودەوڵەتى(       کە بارەگاکەى لە بریتانیایە دەنووسێت” لە ساتى ئێستادا زیاتر لە هەزار عێراقى حوکمى لەسێدارەدانیان بەسەردا دراوەو لە چاوەڕوانى جێبەجێکردنى حوکمەکەیاندان، زۆرێک لە زیندانییەکانیش لە ژێر ئەشکەنجەدانەوە دانیان بەو تاوانەوە ناوە کە بەهۆیەوە حوکمى لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.
رۆژنامەنووسەکان قوربانییەکى بەردەوامى  ئەم سیستەمە دادوەریەن لە عێراقدا، لە مانگى تەمووزى ئەمساڵدا یەکێک لە رۆژنامەنووسەکان بە هۆى ئەوەى کە وێنەى یەکێک لە ترافیکەکانى  هاتوچۆى شارى بەغداى گرتبوو، لەلایەن پۆلیسى عێاقییەوە دەستگیرکرا لەبەرئەوەى بەم شێوەیە لێکدرایەوە کە ئەم رۆژنامەنووسە دەیەوێت بە شێوەیەکى نەرێنى و بە وێنەوە دەیەوێت وەَمى لێدوانەکانى نورى مالکى بداتەوە کە وتبووى وڵاتى عێراق بەرەو چاکسازى و باشتر هەنگاو دەنێت، رێکخراوى رۆژنامەنووسانى بێسنووریش لە مانگى تەمووزیش راپۆرتیچکى بڵاوکردەوە کە وڵاتى عێراق لە کۆى 173وڵاتى جیهان لە پلەى 158ەمین وڵاتى دونیا دێت لەرووى گرنگى و بەرەوپێشچوونى لە ئاستى نێودەوڵەتیدا.
حکومەتى عێراق لەم ماوەیەدا یاسایەکى دەرکردووە بە پێى یاسا سانسۆردەخاتە سەر ماڵپەڕەکانى ئینتەرنێت و کافێکان بە بیانووى قەدەغەکردنى ماڵپەڕە سێکسى و حەرامکراوەکان، بەڵام خەڵکى عێڕاق سەرەڕى بە گرنگزانینى ئەم کارەى حکومەت لەبەرامبەردا نیگەرانى ئەوەشیان هەیە کە ئەم هەنگاوەى نوورى مالکى بە مەبەستى چاودێریکردنى نەیارەکانی بێت، چونکە سەرەڕاى ئەوەى کە لە ماوەى ئەم چەند ساڵەى دوایی هێرشەکانى ئەمریکا  عێراق سەرەڕاى دەرکردنى دوو دەستوور لە پەرلەماندا نەیتوانى بە یاسا حکومەتێکى ناوەندى لە عێراق بچەسپێنرێت لەلایەن شیعەکانەوە، بۆیە هەر هەنگاوێکى لەم چەشنەى حکومەتەکەى ناوەندى مەترسى تەسفییەکردنى نەیارەکانى دەسەڵاتى ناوەندى لێدەکرێت، بەتایبەت  کوردەکانى خاوەن ناوچە فیدڕاڵییەکەى باکوور کە داواى فراوانکردنى ناوچەکانى ژێردەسەڵاتیان دەکەن و شیعەکانى بەسڕا کە داواى ناوچەیەکى فیدڕڵى لە شێوەى کوردەکانى باکوور دەکەن.
سوود لە گۆڤارى ئیکۆنۆمیستى ئەمریکییەوە وەرگیراوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.