راگەیەنراوی رێکخراوی سەردەشت عوسمان لەسەر دادگایی چەواشەکارانەی کەیسی سەردەشت عوسمان

sardasht osman (30)

دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە رفاندن و تیرۆرکردنی نووسەر و رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان لە شاری هەولێر. جارێکی دیکە دادگای هەولێر هەڵدەستێ بە درێژەپێدانی سیناریۆی نەزۆکی دەزگا ئەمنییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بە لاڕێدا بردنی کەیسی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان.
ئەمە جگە لەوەی ئاگادارین فشارە جۆربەجۆرەکان لەسەر بنەماڵەی سەردەشت عوسمان بەردەوامە و بەرپرسانی پارتی دەیانەوێ بەهەر شێوەیەك بێت سەردەشت لە شەهیدی ئازادییەوە بکەن بە تیرۆریست!
ئێمە لە رێکخراوی سەردەشت عوسمان، هەروەکو پێشتریش رامانگەیاندووە، سەرلەبەری ئەو بەناو دادگایی و ناوەرۆکی گاڵتەجاڕانەی کەیسە ئامادەکراوەکەی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە رەت دەکەینەوە و پێمان وایە ئەمە هیچ ئەنجامێکی نابێت.
لەبنەرەتەوە ئەو سیناریۆ و گاڵتەجارییە هەوڵێکە بۆ شاردنەوە و ڕزگارکردنی تاوانباران لە سزا و تێپەڕاندنی دۆسیەی سەردەشت عوسمان. لیژنەی لێکۆڵینەوە و ئەم پرۆسەیە هیچ جۆرە سەربەخۆیی و شەفافیەتێکی تیا نییە و کارەکەیان شاردنەوەی تاوانەکە و خۆڵکردنە چاوی حەقیقەتە. بۆیە هیچ شەرعیەتێکی نییەوە و ڕیسواییەکی زیاتر لە میژووی خۆیان تۆمار دەکەن.
ئێمە بانگەوازی سەرجەم رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و حیزب و لایەنە سیاسییەکان و مێدیاکان و میدیاکاران دەکەین کە لەسەر ئەم فشارانەی سەر بنەماڵەی سەردەشت و سیناریۆی قێزەون و گاڵتەجاڕانەی دادگای هەولێر بێنە دەنگ و لە ئاستی سەراسەری ڕێسوای بکەن.
سەردەشت بۆ هەمیشە سیمبولی ئازادی دەربڕین و رۆژنامەوانییە لە هەرێمی کوردستان و هەر هەوڵێك بۆ بەلاڕێدا بردنی نەزۆك دەردەچێت.
رێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی، جگە لە رەتکردنەوەی ئەو دادگاییە، دووبارە داوا دەکات کە دادگایەکی سەربەخۆ و شەفاف پێك بهێنریت کە بنەماڵەی سەردەشت و مێدیاکان بە وردی ئاگاداری پرۆسەی لێکۆڵینەوە بن و تێیدا بەشدار بن.

رێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی

Leave A Reply

Your email address will not be published.