گۆڕینی پێتێک لە ناوی سەردەشتدا !

ئەحمەد شوانی:

 دەگمەنی سەردەشت لەودابوو زەردەشت ئاسا پەیامبەری پەیامی ئازادی لەئەستۆگرت و بۆخەون خەیاڵی جوانی ئازادی لەدەشتایی وشک و برینگی دڕکاوی ئەم هەرێمۆچکەیە دا ناوی خۆی لەتکردو و بەهای قورسی پێشەکی خەباتەکەی بەسەری خۆی دا و خۆی کردە قوربانی بۆ بەردەوامی مۆمی ئازادی…… بەتایبەتیش لەدەشتایی پایتەختدا کە چارەگەسەدەیەکە تینوێتی ژێی ئازادی بە تورشاو خۆشە دەکرێت ونەوەی پێگەیشتووی دوای ڕاپەڕین پۆڕئاسا ڕاودەکرێت…. ئەگەرچی هەشتاوحەوت دوو ژمارەی تەواو پێچەوانەی یەکن لەدانیشتندا بەڵام لەمێژووی کورددا من بەخاڵی وەرچەرخان و لەدایکبوونی خوێندەواری ئەبینم چونکە لەم ساڵەدا گەورەترین کۆچکردنی زۆرەملێ ملی ڕێ دەگرێت ، کۆچێشی هەوێنی گۆڕانکاری و هاتنەکایەی قەڵەم بەدەستی زەوەندە….. لەم هەشتاوحەوتەی هەولێر سەردەشتێک بەبێ پێ و لەسکێکی لادێییەوە دێ بەرەو هەواری زەحمەتکێشی و لەدایک دەبێ وگڕوگاڵەکات و پێ دەگرێت… لەنێو شوورای بەرزی شەکەری نیگادا چاوشارکێ و نیگای ڕەنگاوڕەنگ ئەپرژێنێ و سەرەتاتکێی ئەودیو دیوارەکان دەبێتە خەمی و رۆژگاری مناڵی مەکتەبەکەی بەپلیکانەی خێرا بەرێدەکا….. ئەم سەردەشتە هەمووساڵێ تەختەکان ئەبڕێ و ئەگۆرێ و هەرگیز نادۆڕێ ، ئاخە ئەم هەشتاو حەوتە نەبووایا ئێستا هەزاران سەردەشت لەقوڕاوی لادێدا بەدوای دوو بزنەوە وێڵی هەردەو تەلان بوون و نابوونە خوێنەواری قسەلەڕوو ، نابوون بە لێزمەی بەهار بۆگەشەی بیری گەنج لەشار….. قەدەری ئەم کوڕە لەهەرکوێوە بێ کاتێ لێی دەڕوانی ئەزانی هەموو خاڵێکی حیکمەتێکە خودا دایڕشتووە بەجوانی ، لەناوەکەی ڕا یەک پیت بگۆڕە ئەبێ بە زەردەشتێک ڕووناکایی ئەکا بەدەست ودیاری بۆشار ، لەناوەنجی و خۆناسیندا لەڕەشماڵەکەی سەیدا ساڵحی یوسفی ئەخوێنی و لەئامادەکاریشدا لە ناو دوو ئازادیدا ئازادی دەناسێت و پێدەگا و تێدەگا…. هەرلێرەوە ڕێی ژیان دەگرێ و دەست بۆ تاکەتاکەی هیواکان دەبا و سڵناکاتەوە ، حونەری زەردەشت خۆڕسک بوونی بوو لەزەمەنێکدا هات خەڵک تۆقیوبوو ئەو تۆقێنەر ، گەنج تەحۆو ئەو بلیمەت و داهێنەر ، گەڕەک وێرانە بونیادەم داماو ، سەردەشت قەڵا و دەماوەند وەستاو ، بەجووتێک زمان وەک شێری مەیدان ، کەوتەنێونووسین بۆبەئاگاهێنانەوەی ویژدان بۆ گەیشتن بە پشتی شانۆ و درزێک دروستکات لەپەڕۆی سەرمێزی قوماربازەکان و لەوێوە ببینێ چۆن دەروێشەکانی کوردایەتی سامانی میللەتیان کردووە بەمەزەو پێکی دەستیان چۆڕەی خوێنی سووری لاوی خێرلەخۆنەدیوە ، هەرلەوێ هەڕاجخانەی نیشتمان ئاشکراو بێ سووراو لە ژێروسەری مێزا جمەی دێ لەکڵاوقیت ، لەپیاوی بێ پشدێنی مێزەرلار……. مخابن …لەم عانەدا چــــاوێکی زەق زەرد هەڵگەڕا، ئەم تیلەچاوەی سەردەشتی پێ قبووڵنەکراا، بیری ڕەش و دەستی چڵکن تێکەڵکرا ، بۆسزایەک عیسا ئاسا بۆهەتایە وێنەی خاچێک لەسینەدا هەڵکۆڵن ، کەسێک نەبێ لەدرزەوە بڕوانێ و بزانێ ئەمانەچ کوردێکی زڕوزۆڵن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.