سەردەشت عوسمان

رۆمان میرە:

لە دیدی گاستۆن باشلار فەیلەسووفی فەرەنسیەوە مرۆڤ لە سادەترین مانایدا ئەو بوونەوەرەیە کە ڕووبەڕووی لەمپەڕەکان دەوەستێتەوە، لە ڕێگەی ئافراندن و داهێنانیشەوە دژ بە غەفڵەتی جیهان و بێ ئاگایی و خەوی قوڵی مرۆڤایەتی بکۆشێ. سەردەشت عوسمانیش هەر لەو پێناوەدا ژیا و کۆشا.

سەردەشت لە ڕێگەی وتارە تەنزئامێزەکەیەوە (من عاشقی کچەکەی بارزانیم)، جیاوازی ژیانی مرۆڤێکی ئاسایی و نەوەکانی بارزانی بەراورد کرد، پێی گوتین کە ئەو شێوە ژیانەی نەوەکانی بارزانی بوونەتە خودانی، خەلكانی ئاسایی وڵات لە خەون و ئەندێشەشدا بە خودانی نابن!

ئەو جوامێرانە لە مەرگ نەترسا بەڵکو لە ژیان ترسا، لەو ژیانەی کە بنەماڵەکان دەستیان بەسەر کونج و کەلەبەریدا گرتووە و پڕیان کردووە لە گەردی ترس و تۆقاندن. دامودەزگاکان و یاریگا و مزگەوت و بازاڕ و کتێبخانەکانیان کردووەتە پاشکۆی سیاسەتە چەوتەکانی خۆیان، بکوژ و ببڕ حوکم دەکەن و چەواشە دەکەن و ناهومێدی دەخەنەوە.

سا ئەم بنەماڵە بە فیز و فڕناخ و خێڵەکییە، هەم گوتنی ڕاستییەکەیان پێ قبووڵ نەکرا، هەم ناوهێنانی (کچەکەی بارزانی)یان پێ قووت نەچوو. چونکی ئەوان خێڵن و بۆ خێڵیش باسکردن لە کچەکانیان لە لایەن خەڵکانی دەرەوەی خێڵ نەنگی و شوورەییە. هەربۆیە بە ئاشکرا پەلاماریان دا و ڕفاندیان و نەگریسانە تیرۆریان کرد.

تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان لەو زەمەندا بوو کە هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم لە شەڕی ناوخۆی نێوان خۆیان ببوونەوە و هەریەکەیان لەسەر جوگرافیایەکی دیاریکراودا ئاکنجی ببوون. ئیدی لە دوای قۆناغی ئەو شەڕی ماڵوێرانکەری ناوخۆ، شتێکی چاوەڕوانکراو بوو کە بکەونە بەر غەزەبی گەل و ئەمجارە لەگەڵ ئەواندا دەستەویەخە ببن. لەوێوە کەوتنە بژارکردنی دوایین نەیارەکانی خۆیان. بەتایبەتی پارتی کە بە درێژایی ژیانی سیاسی خۆی سەرقاڵی تیرۆری هەموو دەنگە ناڕازییەکانی حیزبەکەی و حیزب و خێڵەکانی تریش بووە.

جۆن ستیوارت میلی بیرمەند دەڵێ :ئەگەر هەموو مرۆڤایەتی یەک ڕایان هەبێت، لەبەرامبەردا تەنها کەسێک هەیە ڕایەکی جیاوازی هەیە، بێدەنگکردنی ئەو تەنها کەسە، هیچی کەمتر نییە لەوەی ئەم کەسە ئەگەر هێزو توانای هەبوو، هەموو خەڵکی بێدەنگ بکات. پارتی هێزێکە لە دەنگی جودا دەترسێ ئەگەر ئەو دەنگە دەنگی تەنها کەسێکیش بێت. ئەوەی داگیرکەران بە سەدان ساڵ نەیانتوانی بەسەر مرۆڤی کورددا بیهێنن پارتی و یەکێتی بە ماوەیەکی کەم کردیان. ڕەزیل کردنی مرۆڤی کورد و ناهومێد کردنیان و گەمژە کردنیان لە ڕێی چەواشە کردن لەژێر چەتری نەتەوایەتیدا و دواجار سەرکەوتکردنیان بەهێز.

پارتی فیزیکییەن تاقە مرۆڤێکی لەنێوبرد کە بە توانجەوە گوتی من عاشقی کچەکەی بارزانیم بەڵام ئەمڕۆ هەزارانی دی بە لاقرتێ و قەهریشەوە عاشقی ژن و کچ و دایک و ئەژدادیشی بوون..

Leave A Reply

Your email address will not be published.