دوایی(١٠) ساڵ،تۆ هەر کوڕە جاویدانەکەی سەردەشت ..!

نیگا یاسین:

ئەوا١٠ ساڵی تریش تێپەڕی و وجودی تۆ تۆختر ئەبێتەوە لای هاوڕێکانت، لای خێزانەکەت، لای دەسەڵاتێک کە ویستی بیستنی ئەو حەقیقەتەیان نەبوو کە تۆ ئەتوت، لای ئێمەیەک کە هیچکات نەمانبینیویت. سەردەشت تۆ جەستەت لێرە نییە و بەڵام ڕۆحە یاخیەکەت لە جەستەی زۆرینەمان ڕەگی داکووتیوە.


سەردەشت ئێستا تۆ جەنەڕاڵی، جەنەڕاڵی لەشکرێکیت لە پیر و گەنج و مناڵ لەشکرێک بە نەفەسی تۆ ئەجەنگێت دژی هەموو ئەو زوڵمەی کە ئەم مەملەکەت تەنیوە، تۆ مامۆستایەکیت وانەی ئازادی بە هەزارەها خوێندکاری ئەم هەرێمە ئەڵێیتەوە، ڕێبازێکیت دروشمی یان ئازادی یان مەرگت بەرز کردۆتەوە کە بۆ هەر ڕێبازێک کەسێک جەسارەتی لە پێناو ئەیات، بۆ ڕوناک کردنەوەی هەر ڕێگەیەک کەسێک ئەبێتە چرا، تۆش بێ هیچ سڵ کردنەوەیەک لە نەمانت جەسارەتت یا و بویتە ئاگر و مەشخەڵەکەت داگرساند ، بویتە چراو ڕێگای هاوڕێگاکانت ڕووناک کردەوە، بویتە قوربانی بۆ ئەوانەی سەردەمەکەی خۆت و دوای خۆت بۆ ئەوانەی وەک تۆ قەڵەمەکەیان بە دەست بوو بەڵام دەسەڵات ڕێگەی نەدەدا بنوسن “نا” بۆ ئێمەیەک کە نیازمانە بە نەفەسی تۆ بنووسین.

ئێستا تۆ بویتەو ڕەمزی قەڵەم و نوسین و ئازادی و نەمری بویتە هێما و ڕەمزی هەموو شەهیدەکانی ڕێگای ئازادی دوای خۆت. ئێستا تۆ ناوی کتێبێکیت کە ناوەڕۆکی کتێبەکەت ناوی یەکە بە یەکەی شەهیدەکانی ڕێگەی ئازادی تیا تۆمار کراوە، باس لە بکوژانی ئێوە ئەکات، دەربارەی گەندەڵی و نادادیەکانی ئەم مەملەکەتە ئەدوێ، باس لە بێباکی دەسەڵات ئەکات لە بەرامبەر گیانی هاونیشتیمانیانی وەک خۆت وتت ( بەدبەختی ئەم دەسەڵاتە ئەوەیە کە باکی بە مردنی نەوەکانی خۆی نییە)، باس لە چیرۆکە تراژیدیەکانی ئەم مەملەکەتە ئەکەین، باس لە حەدەسەکانی پایتەختی خەم و خیانەت ئەکەین.

ئێمەین قەڵەمەکەمان لەتۆ وەرگرتەوە و لەژێر سایەی تۆدا بێ ترس ڕەخنە ئەگرین، مێژووە وەهیمەکەیان ڕەت ئەکەینەوە و بە پێنووسەکەی تۆ حەقیقەت ئەنوسینەوە، لای گۆڕەکەت بەڵێن دەدەین بە خوێنی خۆمان دنیاکە بگۆڕین. نوسەر هەیە لە بەرامبەر نووسینەکانی بە پارە خەڵات ئەکرێت (هەڵبەت لەبەر ئەوەیە بە شان و باڵی ئاغا و سەردارانی ئەم مەملەکەتە هەڵدەدات) تۆش بەرامبەر بە نوسینەکانت مەرگت پێشکەش کرا چونکە ڕەخنەت لە حەقیقەت گرت، واقع ڕەتکردەوە و بە دەستی خۆت بتەکان شکاند. لە کۆتاییا ئەمەوێت پێت بڵێم مزگێنی جاویدان بوونی تۆم پێیە هەرکات هاتمە لات پێشکەشتی ئەکەم! سەر شۆڕی بۆ بکوژەکانت و شکۆمەندی ژیان و مەرگت پیرۆز جارێکیتر.

*جاویدان یانی ژیانێکی پڕ شکۆ و نەبڕاوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.