با پێکەوە بەرەو ئازادی ڕاکەین ” بەڵام”….

نەجیبە قەرەداغی :
جار و بار ئەو “بەڵام” پاساوە بۆ نەکردنی شتێک، جار و باریش گومانخستنە سەر هەنگاوێکی چەوتە، زۆر جاریش دەکرێت ورژداندن و ‘ گێرەشوێن’یەکی ئەرێنی بێ بۆ ڕاستکردنەوەی رێچکەیەک کە ئەگەر وەک ” ماسیە ڕەشە بچوکەکە” بە تەنیاش مایتەوە دیسان باوەڕت بەوە هەبێت و گومانت لەوە نەبێت کە رۆژێک دێت ئەو ماسیە ڕەشە بچوکە دەبێتە رەوێکی گەورە بەرەو ئازادی. گرنگ نیە تاک تاک قسە بکەین ، گرنگ ئەوەیە کە هەموومان پێکەوە چی دەڵێن. زۆر قسەکردن و تەنیا لە هەڵایسانی ڕوداوکانیشدا قسەکردنیش بۆت ساغ ناکاتەوە کە تۆ رۆڵی ماسیە ڕەشەکە بچوکەکە دەبینی یانا نا. کەم کەس وەک سەردەشت عوسمان دەرزی کرد بە بالۆنێکی گەورەدا کە ڕووە راستیەکەی بۆ زۆرێک لەوانە نیشاندا کە هێشتاش باوەڕییان نەدەکرد کە حەقیقەت چەند چەواشە دەکرێت و لە ژێر ئەو چەواشەکارییانەدا چ تیرۆرێکی قوڵی جەستەیی و فکری هەیە، کەم کەسیش وەک ئەو جەسورانە دەمامکەکەی داماڵی.

قسەیەک هەیە دەڵێ ؛ ” حەقیقەت یەکە بەڵام ئەو ڕێگایانەی دەچنەوە سەری هەزارنن”. ستەمکارەکان کاریان پارچەکردنی حەقیقەت، چەواشەکردن، تەمومژکردن و بەلاڕێدابردنی حەقیقەتە. ئۆجالان دەڵێ؛ حەقیقەت عەشقە، عەشق ژیانی ئازادە” ئەڵبەتە ژیانی ئازادیش بە تێکۆشان بەدی دێت. سەمەدی بیهرەنگیش دەڵێت؛ ” گرنگ نیە مرۆڤ چەند دەژی، گرنگ ئەوەیە لە دوای مردنت چی لە دوای خۆت بەجێ دێلیت” . جا ئەوەی سەردەشت نەک تەنیا مردن نیە، خۆی لە خۆی دا ژیانە. ئەمانە هەموویان پارچەکانی حەقیقەتن، حکیمەت لەوەدایە کە تۆ چۆن ئەم پارچانە کۆبکەیتەوە و بیکەتە حەقیقەت و لە ” ماسیە ڕەشە بچوکە” وە ببیت بەڕەوێکی گەورەی ئازادی. سەردەشت عوسمان بە گیانی خۆی رۆڵی ئەو ماسیە ڕەشەی بینی. هەر ئەو کاتەش لێرە و لەوێ هەمان وزە هەبوو و هەیە. حیکمەت لەوەدا نیە کە چیرۆکی تیرۆرەکان بگێڕینەوە و لەپاڵیدا خۆمان ڕەوا بکەین. ڕەوایی و حکمەت لەوەدا کە چۆن ئەم چیرۆکانەی تیرۆری جەستەیی و هزری بکەینە شەپۆلێکی گەورە کە هەمومان ببین بەو ماسیە ڕەشە بچوکە.

ئەگەر ئێمە لە تیرۆرەکانی ساڵانی ٩٠کان بگەییشتینایە، لەوانەیە ئێستا سەردەشت ” بەجەستە” لە ژیاندا دەبوو. ئەگەر لەو دەستدرێژیانەی دوای تیرۆرکردنی ژنانی ناو نەخۆشخانە، ناوەندی کەلتوری میزپۆتامیا، رۆژنامەی وڵات و چەندین تیرۆری دیکە بگەیشتینایە و وەڵامێکی شایستەمان لە ئاستی ئەو تیرۆرانە بدابایەوە، هەر ئەو نوسەرانەی ئێستا ئەو کاتە بێدەنگ نەبووینایە و ناومان لێنەنایە ‘ شەڕی ناوخۆیی’ و راست لەو تیرۆرانە تێگەیشتیانەیە ئەوە زەمەنێکمان لە گەیشتن بە حەقیقەت بڕیبوو. ئاخر خۆ سەردەشت عوسمان لە وتارەکانیدا ” فەلسەفەیەکی بۆ ژیان و مردن هەیە” و واتا بە هەموو وشەیەکی خۆی دەدات. لە فەلسەفەدا” بەدوای هەرشتێک دا گەڕایت لە خۆت بەدوای دا بگەڕێت” ، ئەو گەڕا و خۆی دۆزیەوە ئەگەر بە باجی جەستەشی بێت، ئێمە کێشەمان ئەوەیە کە لە خۆمان دا بەدوای ناگەڕیین بۆ ئەوەش نابینە ئەو ڕەوەی کە لە هەزاران ڕێوە بەرەو حەقیقەت و بەرەو ئازادیە هەنگاو هەڵێنین.

سەردەشت بە زیادەوە سەلماندی کە مردن و ژیان دیاردەیەکی جەستەیی نیە بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیە. تۆ چەند و چی بونیاد دەنێی لەکەسایەتیتدا ئەوەندە دەژی، مردنت بەجەستە، گوزاەر نیە لەراستی مردن، بەڵام لە زۆر گووتن و هیچ نەکردن دا هەموو رۆژێک مردن چاوەڕێی کۆمەڵگەکەمان دەکا، هەموو قیڕە قیڕێک مانای ژیان نیە، هەموو کردنێکی بێدەنگانەش مانای مردن نیە.

بۆ من بەزیادەوە سەردێڕی وتارەکەی سەردەشت عوسمان ” با پێکەوە بەرەو ئازادی ڕاکەین” وەک بانگەوازییەکە تا ئێستا بەهێندەی پێویست لە کرداردا بێ وەڵامە. بە لانی کەم لە منداڵانەوە فێربین کە خەیاڵێکی پێکەوەیی و هەروەزییان هەیە لە دونیاکەی خۆیاندا و سەرگوزشتەی هاوڕێیەکی بیرهێنامەوە کە باسی لە گروپێک مندالی ئەفریقی دەکرد. کاتێ ئەوروپیەکان بەتایبەتیش ئینگلزەکان سەرەتا کەسانێکیان ڕەوانە دەکرد بۆ وڵاتانی ئەفریقی وەک میسیۆنەر و خەڵکەکەیان دەکردە مەسیحی و دواییش کۆمپانیاکانیان دەهات و هەرچی سەرزەوی و ژێرزەوی خاکەکەیان لەڕێی دەسەلاتدارەکانیانەوە هەڵیان دەلوشی بەجارێک دا خۆیان دەبینی کە نە نان ماوە و نە ئازادی ڕۆژێک کابرای ئەوروپی “سێو”ێکی لە بن دارێکدا دانا و بە گروپێک منداڵی گووت بازدەن بزانم کامتان پێی دەگەن و سێوەکە بۆ ئەو دەبێت، ئەو کابرایە بێئاگا بوو لەوەی ئەو منداڵانە نەریتێکیان هەیە کە بێ یەک هەڵناکەن و برسێتی و تێربونیان پێکەوەیە، منداڵەکان دەستی یەکیان گرت و بەرەو سێوەکە پێکەوە بازیان دا.
دەتوانین پێکەوە بەرەو ئازادی ڕاکەین….. ؟!
Leave A Reply

Your email address will not be published.