هیچ ڕووداوێک هێندەی تیرۆری سەردەشت عوسمان پەیوەست نییە بە ئازادیی ڕادەربڕینەوە

رێنوار نەجم:

هیچ ڕووداوێک لە مێژووی نوێی کوردستاندا هێندەی تیرۆری سەردەشت عوسمان پەیوەست نییە بە ئازادیی ڕادەربڕینەوە


چرکەساتی تیرۆری سەردەشت ئەو ساتەیە کە بەیەکجار هەموو ماسک و پەچەکانی دەسەڵاتی کوردی دەکەوێت و بۆ هەمووان ئاشکرا دەبێ لەژێرەوە چ دەعەجان و قێزەونییەک خۆی حەشار داوە و لە ماوەی دەیان ساڵدا چ درۆیەکی گەورەی لەبارەی ئازادییەوە کردووە. سەردەشت بەتەنها وەک مرۆڤێک یاخود رۆژنامەنووسێک نەکوژرا، بەڵکو کردەی تیرۆرکردنەکە بۆ ئەوەبوو دەسەڵاتی کوردی پێمان بڵێ کە بیر لە ئازادی نەکەنەوە و هەموو ساتێک ئەگەری کوشتن بەسەر هەر یەکێکتانەوە هەیە.

گەرچی لە دوای تیرۆری سەردەشت و دەیان کاری دزێوی تر، هێشتا عەرابەکانی کوشتنەکە لە لوتکەی هەڕەمەکەدان، بەڵام بەو کاردانەوە بەرفراوان و خاوەندارێتیکردنی کەیسەکە و بوونی سەردەشت وەک ڕەمز و هێمایەک بۆ ئازادی، دەسەڵاتی کوردی (لە پێناو هیچدا نا بەڵکو لەپێناو مانەوە خۆی) سڵ دەکاتەوە لەوەی وەک جاران ئازادی بخاتە ژێر پێ و نووسینی هەر کەسی بە دڵ نەبوو دەمی پڕ بکا لە فیشەک. هەر بۆیە ئازادیی وەک قەقنەس لە رۆحی سەردەشت عوسمانەوە زیندوودەبێتەوە. هیچ شتێک بە قەت ئازادی قەرزاریی سەردەشت عوسمان نییە. سەردەشت رۆحی خۆی بەخشی تا ئێمە بتوانین بە ئازادی بژین و بنووسین و قسەبکەین. دەسەڵات هەمیشە لە شەڕێکی نەبڕاوەدایە بۆ لغاوکردنی ئەو ئازادییە، بەڵام ئەوە ئێمەین بڕیار دەدەین تەسلیم بەو ئیرادەیە ببین یان نا!

Leave A Reply

Your email address will not be published.