کوشتنی خەونی سەردەشت عوسمان، دوای ١٠ ساڵ

هاوژین غەریب/رۆژنامەنووس

لە نەبوونی خەون و خەیاڵ مرۆڤ بۆخۆی تەنها جەستەیەكی بێ رۆح دەمێنێتەوە، هیچ مرۆڤێك بونی نیە لەسەر زەوی خەونی نەبێت تەنانەت ئەوانەشی بە شێتیان ناودەهێنین خەونی خۆیان هەیە. هەموو مرۆڤێك خاوەن خەیاڵی خۆیەتی ئیتر هەریەكە و بە قەبارە و ئاستی خۆی، بەڵام هەركاتێك خەیاڵ كوژرا ئەو ساتە جەستە رۆڵێكی نامێنێت.

هەمیشە هێزە دەسەڵاتدارەكانی جیهان لێهاتووبوون لەوەی خەیاڵی مرۆڤەكان و كۆمەڵگەكەیان بخوێننەوە تێی بگەن، شیكردنەوەی بۆ بكەن و كار بكەن بۆ بچوككردنەوەی خەیاڵ و خەونی كۆمەڵگەكەیان بۆ ئەوەی ئەوانیش بە خەون و خەیاڵە گەورەكەیان بگەن، كاریان كردووە بۆ ئەوەی تاك بە خەیاڵ و خولیای بچوكەوە بژی خەونەكانی بچوك ببنەوە خەونی هیچ كەسێك لە خەونی ئەوان گەورە تر نەبێت.

دەسەڵات و كۆمەڵگەی كوردیش بێبەش نیە لە خەون و خەیاڵ ببینە 10ساڵ پێش ئیٍستا رۆڵەیەكی ئەم كوردستانە بەناوی (سەردەشت عوسمان) خەونێكی بینی، بەڵام هەر ئەو خەونە مەترسی بوو بۆ خەونی ئەوانەی دەسەڵاتیان هەبوو، بۆیە زۆر جەستەیان بەیەكەوە لەناوبرد.

سەردەشتی جوانەمەرگ تەنها هەڵەی ئەوەبوو خەونەكەی كردە نوسین و ئاشكرایكرد، ئاشكراكردنی ئەو خەونە بووە سەرەتای كۆتایی جەستەی ئەو، ئەوانەی خەمی گەورەیان خەونی خۆیان بوو، جەستەی سەردەشتیان كردە قوربانی خەونەكەی خۆیان بەشێوەیەكی قورس و زەحمەت بە سیناریۆ و پیلانێكی گەورە ئەو گەنجەیان جوانە مەرگ كرد.

خەونی سەردەشت ئەگەرچی لە خەیاڵ و جەستەی ئەودا نەما، بەڵام هەر ئەو وشانە ساڵانە بە هەزاران جار دووبارە دەكرێنەوە، سوپایەك لە گەنج و پیر دروست بووە هەمان خەونی ئەو لەسەر كاغەز دەنوسێتەوە و دەیدات بەگوێیاندا. كێشەی ئەو دەسەڵاتەی كورد هەر ئەوەیە كەسێك بەهۆی خەونێكەوە تیرۆر دەكات هەمان خەون لە جەستە و بیری دەیانیتر سەرهەڵدەدات.

ئەگەرچی ئەو توانیویەتی لە ئێٍستادا خەونەكانی كۆمەڵگا و (سەردەشت عوسمان) كپ بكاتەوە، بەڵام هەر خۆشی دڵنیایە لەوەی رۆژێك دێت خەونەكان دەبنە راستی، چونكە ئەو دەسەڵاتە دڵنیابوو خەونی سەردەشت هاوشێوەی خەونی یوسفی پێغەمبەر بوو، لە كۆتایدا هەر دەبێتە راستی بۆیە دوای سەردەشتیش لێشاوی تیرۆر هەر بەردەوامە ئەوەتا لەناوبردنی وەدات حسێن و كاوە گەرمیانیمان بینیەوە.

هەموو ساڵێك یادی چەندین شەهیدی قەلەم دەكەینەوە لەسەرتاسەری كوردستاندا كە بە دەستی خاوەن دەسەڵاتەكان گیانیان سپاردووە، بێ خەیاڵین لەوەی كە ئەم دەسەڵاتە بكوژانی خەون سزا بدات چونكە ئەوانەی بڕیارە سزای بكوژان بدەن هەرخۆیان بكوژانن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.