لە نێوان یادو لە بیربونی سەردەشدا


دەوەن بەکر:

لەمکاتە ئەوەی یادی دەکرێتەوە سەردەشت نیە، بەڵکو ئیگۆی نوسەربون و غەریزەی ئەوی شۆڕشگێڕ و نوخبەی شەقامە. لەم چەند ساڵەی دوایدا یادکردنەوە و نوسین لە بارەی سەردەشت عوسمان، بووە بە پلەیەکی نوخبەوی معاڕەزە. هەتا ساڵ زیاتر تێدەپەڕێت، ئێمە زیاتر لە سەردەشت دوردەکەوینەوە. ئەوەشی لێی نزیک دەبینەوە ئەو سەردەشتە ساختەیە کە ئەوانی تر دروستیان کردوە! ئەوەی پێ ئاشناین سەردەشتی بەرە بچوککەکانە، بەرە گەورەکە هەر خۆیەتی هی کەس و هیچ لایەن وەسف ستایشکردنێک نیە. وە ئەوانەشی سەردەشت بچوک دەکەنەوە بۆ شەڕی تاک حیزبی سیاسی کە خۆیان دژایەتی دەکەن. شێوە و وێنە گەورەکەی سەردەشت پارچە پارچە دەکەن.

لە پاڵ یادی سەردەشتدا، کۆنە قین دەڵێینەوە. لە بڕی فکر خەریکی تەخشان پەخشانکردنی میراتی فکری سەردەشتن! ئەمە یاد نیە، چونکە ئەوەی یادی دەکەینەوە تێمان پەڕاندوە جێمان هێشتووە، لە ساتێکدا بۆێ دەگەڕێینەوە، بەڵام سەردەشت شتێکەو لە پێشماندایە، ئەو باڵایەیە ئێمە هێشتا پێی نەگەیشتوین.ئەم شێوە یادەکردنەوە بووە بە عاشوڕای ئازادی و شیوەنەکە لە دۆڵێکە، وە فکر و قەڵەمێش لە دۆڵێکیتر. لێرەوە ئەوەی لێمان تێدەپەڕێت نۆستالیژیای تیرۆرە. بەمشێوەیە ئەوەی گرینگە چۆنیەتی یادکردنەوەکەیەتی، نەوەک چۆنیەتی بیرکردنەوەی. کە خۆی یادەکە دامان دەبڕێت لە فکر و ئەوەی ئێستا و داهاتومان بۆ دەگۆڕێ چیەتی بیرکردنەوەیەتی. یانی ئەوەی پەیوەندی نێوان ئێمە و سەردەشتە لە هەڕەمی بەرزی بیرکردنەوە نیە، بەڵکو لەو خاڵە سەرەتایی و هەرە نزمەدایە کە پەیوەندی ئێمە بەوەوە یادەکەیە، بەم هۆیەوە ساڵانە قسەی زۆر دەکرێت، بێ ئەوەی هێچمان وتبێت.

بە شێوەیەکی تر یادکردنەوەکە، یادکردنەوەی خودی سەردەشتە، یان کۆمەڵیکن بە هۆی ئەوەوە خۆیانمان بیردەخەنەوە؟ لە کاتێکدا ئەگەر بەراوردیان بکەین پاشخانی مەعریفی ئاگایی خۆیان زۆر زیاتر لە سەردەشت وێنا دەکەن! کۆی یادکردنەوەکانی ئەوان بیرخستنەوەی کۆمەلێک نوخبەیە تا بیری ئەوانەمان بکەوێتەوە ئەوانیش هەن. دەتوانن قسە لەسەر مرۆڤە شکۆمەندەکان بکەن. ئەوان تەنیا دەتوانن قسە لە ڕابردوو بکەن، ناتوانن بیر لە داهاتوو بکەنەوە.

نوخبەیەکن ڕوداو بە قسەیان دەهێنێ نەک ڕوداو و شۆکی فەرهەنگی سیاسی دروست بکەن. بەشێکی زۆری مردنەکان ئێمە ناخاتە سەر هەنگاوی فکری بەڵکو دەمانبات بۆ ستایشکردن. ئەوەشی ستایش ئەیکات بچوککردنەوەی مرۆڤە گەورەکانە و ئەوەشی فکرکردن و بیرکردنەوە لە مرۆڤە گەورەکان دروستی دەکات ناڕازیبونی ئێمەیە بەم دۆخە. بەشێکی زۆریشی ئەو نوسینانە لە بارەیەوە دەوترێت بە ماشەکردنی سەردەشتە وەک لە بە ئامانجگرتنی دونیابینی سەردەشت. ئەوەشی سەردەشتمان پێ دەناسێنێ وەک دژە بارزانی، دژە یەکێتی بونەکەیمان لێ ون دەکات، وتارە ناوازەکەی لە گەنجێکی هەولێرەوە بۆ نەوشێروان مستەفامان لە هزردا دەسڕیتەوە، خەمخۆرانی ئازادی نین و دەجاڵی ئازادی هۆشیاری کۆمەڵگای ئێمەن، چونکە وێنە گەورەکەیمان لێ ساختە دەکەن، بەشێکی فکر و وێنەکەمان لێ دەکەن بە هەموو.

بۆ ئەوەی سەردەشت تێیپەڕێنین دەبێ وەک پاکێجێک قبولی بکەین و بیخوێنینەوە نەوەک بەشێکی. ئەمەش بەو خاڵە دەستپێدەکات کە مەرج نیە دژە پارتی بیت سەردەشتت خۆش بوێ، بیری لێ بکەیتەوە کە ئەمە بووە بە حەتمیەت. کارە دروست دژە باوەکە ئەوەیە دژە گۆڕان و دژە یەکێتی …هیتریش بیت بیری لێ بکەیتەوە. هۆشیاریەکە ئەم بەیەکەوە بونەیە، ئەو بەش بەش کردنە ئیشی زۆرێک لە نوخبەکانی ترە، ئەو ئەم قۆناغەی تێپەڕاندوە لەوەی لە سەر خوانی بەرەیەکەوە دژی بەرەکانی تر بێت ئەو کە لە هەرەمی سەرەوە دەدات ناوە ناوە بز بە خوارەوە دەکات لە گەورەی خۆیەتی و ئەم گەورەیەش بەو نوخبە نەفەس حیزبیەی ئێمە وێناناکرێت بەشێکی کەم و بژاردەی خۆی نەبێت. لێرەوە ئیدی دەبێ بزانین یاد و لە بیر بون دوو شتی جیان ئەوەی یاد پێمانی دەدات و پێمان دەڵێ وەستان و هەڵوەستەیە و گەڕانەوەیە بۆ هەمان دوخ و ستایلی ژیان و تازیەگرتنەوەو ڕوانینمانە لێیەوە.

ئەوەشی لە بیربون دەیکات جیاوازە گۆشەنیگا و تێروانینمان دەگۆرێ فێری نامان دەکات چونکە ئیشی ئەو رەخنەکردنە دەست بردنە بۆ توحفەکان نەک بە شەیتانکردن لایەک دژی لاکانیتر جا ئێستا ئێمە کە هێندە خەریکی یادین خەریکی لە بیربون نین و ژینگە و دۆخی سیاسی ئێمە بەراورد بە دەساڵی ڕابردو هێندە دژوارترە هی ئەوەیە ئێمە بەردەوام خەریکی یادین و لەبیربونمان تەرک کردوە. ئەوەشی یادکردنەوەیە لە گوڵ و موم هەڵکردن دڵنەوایی و گریان و داخ و حەسرەت بەشێکی دانەبڕاوە لە خێزانەکەی، ئەوە بۆ ئەوان هەموو شتێکە، بەڵام بۆ ئێمە ئاسای نیە لەو بارەیەوە گرینگی پێ بدەین لە پاڵ گڵکۆکەیەوە شەری غەریزی و سیاسی حیزبی بکەین، ئەمە ئازادی نیە و گرێیەکی دەرونی و فکریە، شەرێ بە وەکالەتی حیزبیە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.