سەردەشت عوسمان ناوێک بۆ ( نا ) ووتن !

ناسیار عەول:

زۆربەمان دەرك بە نادادی و گەندەڵی و دڕەندەیی دەسەڵاتی کوردی دەکەین لە کوردستان، بەڵام ئایا چەند لە ئێمە ئامادەیی و بوێری ئەوەی تێدایە کە بە رووی دەسەڵاتێك کە سەرلەبەری لەسەر بناغەی ترس و تۆقاندن و تیرۆری هەموو دەنگی ئازاد دامەزراوە بە تاقی تەنیا بوەستینەوە؟ سەردەشت عوسمان ناوێکی نوێیە بۆ بوێری و”نا” یەکی گەورەیە بە رووی ملهوڕی و دڕەندەیی دەسەڵاتی خێڵەکی لە کوردستان. ئەوەی سەردەشت کردی بەو تەمەنە کەمەوە، نمونەیەکی زیندوە بۆ هەموومان کە هیچ کاتێك درەنگ و زوو نییە بۆ راوەستانەوە دژ بە ناعەدالەتی و ستەم، وە بۆ سەلماندنی ئەو راستیەش بۆ ئێمە، ئەو گیانی خۆی لە پێناودا بەختکرد. ئەو وتارەی کە گوایە بووە هۆی تیرۆرکردنی سەردەشت “من عاشقی کچەکەی بارزانیم”، کە ئەو جۆرە داڕشتنە لە بواری نوسیندا پێی دەوترێ “ساتیرەی سیاسی” کە ژانرێکە زیاتر بە شێوەی تەنزو توانجەو، مەرج نییە هیچ ئەژێندایەکی سیاسی لە پشتەوە بێت، زیاتر رێگایەکە بۆ بردنەپێشەوەی ئارگومەنتی سیاسی لەو شوێنانەی کە ئازادی دەربڕینی ئەو جۆرا ئارگومەنتانە قەدەغەیە.

لەبەر ئەوەی گوێچکەی هاوڵاتی کورد بەم ژانرە رانەهاتوەو، میدیا و کۆیلە قەڵەمەکانی دەسەڵات توانیان بیکەن بە پاساوێك بۆ تیرۆرکردنی سەردەشت و، سەرنجی زۆرێك لە کۆمەڵگا بەو ئاقارەدا بەرن کە گوایە ئەمە سوکایەتی بووە بە بەهاکانی کۆنەپارێزی بنەماڵەیەکی دەسەڵاتدار، کە ئەمەش لە راستیدا بۆخۆی گاڵتەجاڕییەکی ترە بە ئەقڵی کۆمەڵگا. چونکە ئەگەر بە وردی دیقەتی ئەو نوسینانەی پێشتر و دواتری ئەو بابەتانەی سەردەشت عوسمان بدەین، ئەتوانین زۆر بە ئاسانی لەوە تێبگەین کە چی وزیەکی گەورە و وردەکاریەك لە پشتی ئەو وتارانەی سەردەشت-وە هەیە کە دەسەڵادارانی بە تەواوەتی هەراسان و تۆقاندوە.
لە لایەکی ترەوە باوەڕبوونی سەردەشت بە وشەکانی و ئاستی داکۆکی کردنی لە دەنگی ئازاد و دادپەروەری، وای لێ کرد ئامادە بێت گیانی خۆی لەسەر بەخت بکات و هەرگیز ئەو ئامادە نەبوو لەبەردم جەلادەکانی چۆك دابدات یان هەڵبێت. لێرەوە نیگەرانی دەسەڵاتی گەیاندە ئەو ئاستە کە دەبێ ئەم دەنگە بوێرو چالاکە بە یەکجاری کپ بکەن و بیکەن بە نمونەیەك بۆ ترساندنی کۆمەڵگا، بۆیە بە رۆژی رووناك سەردەشت دەڕفێنن و دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر تیرۆری دەکەن. دوای 10 ساڵ لە تیرۆر کردنی سەردەشت، ئەگەرچی هەتا ئێستا هیچ مافێك بۆ ئەو خوێنە بە ناهەق رژاوە نەگەڕاوەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ لە هەر شوێنێك باسی بوێری و بەرگری دەکرێ، باسی زوڵم و ستەمی دەسەڵاتی سەرکوتکەری کوردستان دەکرێ، سەردەشت عوسمان لەوێیە.

May 4, 2020

Leave A Reply

Your email address will not be published.