سەردەشت عوسمان تیشکێکی نەکوژاوە بەناو سێبەری وەهمی تاغوتدا..

لەتیف حارس:

ڕەنگە کەم بن کە پێیان وابێت خوێندکارو ڕۆژنامەنوس زەردەشت عوسمان ، بەشێوەیەکی دڕاندانەو نارەوا تیرۆرنەکراوەو ویژدانیان نەجوڵابێ. لە یادی ساڵڕۆژی ئەنجامدانی کردەیەکی تاوانی لەناو حەرەمی زانکۆو هەولێری پایتەختی بەناو ئارامیدا، کە تیایدا هەواڵی ڕفاندن وتیرۆرکردنی خوێنکارو ڕۆژنامەنوس زەردەشت عوسمانمان بیست ، کە ئەو جیاوازتروسەربەخۆتر هۆش وخەونی ئەجوڵاند.جارێکی تر ئەوە بەگوێی هەموومان دا درایەوە کە دەسەڵاتێک هەیە بەهیچ شێوەیەک خەون، بیرکردنەوەی جیاوازو پلانێک، بەدەربن لەبەرژەوەندی ئەو جێگای نابێتەوەو چارەنوسی لەناوچونە.
سەیرتر لەمە لە میانەی ڕێکارو لێکۆڵینەوەی یاساییدا ،زەردەشتی بێتاوان و تیرۆرکراو تومەتبارکرا بەپەیوەندی هەبون بەگروپی تیرورستیەوە.
لەلایەن دادگاکانی هەریم لێکۆڵینەوەو لێپرسینەوەەکی دادگەرانەو چڕی لێنەکرا کە شێوازی ئەنجامدانی ئەم تاوانە لەچەندین لایەنەوە پێویست بو لێکۆڵینەوەو لێپرسینەوەی تێدا کرابایە.
ئەو هەم خوێندکاربو، شوێنی تاوان لەناوحەرەمی زانکۆ بو بەڕفاندن، شێوازی کوشتن و فڕێدانییشی ئەوە دەردەخات کەزیاتر لە دوو کەس وسێیان بوبون، جگە لەوەی کەبەتەواوی لەتاوانێکی رێکخراو دەچێت کەدامودەزگای دەوڵەت لەپشتیانەوەن،ئەمە سەرەڕای ئەوەی زەردەشت ڕۆژنامە نوسیش بو.

ئەوکاتەی کە سەردەشت تیرور کرا لە 5 _5_2010 منیش خوێندکار بوم، بەڵام ئەو لەئادابی ئینگلیزی و منیش لەیاسای زانکۆی سەلاحەدین بوم. بۆ من ئەو ڕوداوە زۆرکاریگەر بو کوشتنی سەردەشت هەم وەکو مرۆڤێک، هەم لایەنی ماف ویاسا لەو دۆسیەدا خستمیە ژێر پرسیاری قوڵ لەسەر دەسەڵات وخودی یاساش . کەدواجار گەیشتمە ئەو باوەڕەی چەندە مڕۆڤ پێویستە خۆی ئازاد و دەرباز کات لەژێر چەپۆکی ئەم دەسەڵاتە، هێندەش یاسا پێویستی بە ڕزگار کردن و خستنەوە سەر رێگای دادپەروەری وسەروەری هەیە، بەڵام بەبێ ڕزگاربونی مڕۆڤەکان ڕزگاری یاساش لەداردەستی ئەم دەسەڵاتە تاغوتە ئەستەمە.

لەتێڕامان لەو کەیسەو کەیسەکانی دواتری هاوشێوەی و، سەیرکردنی سیستەمی یاسایی و سیاسی هەرێم بەتەواوی رون وئاشکرا دەبێت بومان کە، هەلومەرج وهۆکاروئامانجەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و تەتبیقکردن، وە کۆی دام ودەزگای گشتی وتایبەتی خراوەتە بەرژەوەندی کومەڵێک جەردەو مافیا.وە چەکی کوشندەن لەدژی کۆمەڵگاو خزمەتی چەند گروپێک کە شەڕوئاشتی ناو کۆمەڵگا بەپێی میزاج و زەوق وبەرژوەندی ئەوان هەڵدەسوڕێنرێن.
بەتێپەڕبونی کات وروداوەکان رونبۆوە کە، سەردەشت تیشکێکی تیژی هەڵبوی تاریکی وسێبەری وەهمی تاغوتێکی دەسەڵاتێکی ڕەشە، کە مەشروعیەتیە ناشەرعیەکەی لەپێشبڕکێی وڵاتفرۆشی ، تێکدان وهەرزان فرۆشکردنی هەرچی بەهای ئەدەبی و مادی وڵاتی بێخاوەنکراوی ئێمەوە دێت.
کاتێک سەردەشت باڵی سەرنج وخەونەکانی ئەفڕێت ولەجیاتی هەموان ئەچێتەناو حەرامسەراو هەرەمی دەسەڵاتێکی سەپێنراو، ئەیەوێ بەهەموان بڵێت بەخودی دەسەڵاتدارانی حەرامسەراشەوە، کە ئەو باڵایی ودەسەڵاتەی پێی دەنازن لەبنەرەتدا سوک وپوچەو، نەهیجی بۆ ئەم کۆمەڵگایەو نەهیچی لەم وڵاتەیە.
سەردەشت هەم خۆی لەو ڕێگایەی ژیاندا دۆزیبۆوە و تێیدا ئەجوڵا ، کە بەئاقاری بەهرەو تواناو خولیاکانی دا وەکو مرۆفێکی ئازاد ژیانی ئەکردو گەشەی بەخۆ کردبو، هەم ئەوەی لەدەستی هات کردی بۆ یارمەتی ئەوانەشی وەهم وترس ودەسەڵاتی تاغوت رێگر بو لەبەردەم خۆ دۆزینەوەو خاوەندارێتی لەخود وگەشەپێدانیدا.
سەردەشت ئەو تیشک و قەڵەمە بو، کە ئەیویست ئەوە نیشانی هەموان بدات و هانیان بدات مرۆڤ پێویستە لەو تاریکیەی کەهەموانی چاوبەست و کۆڵەوارکردوە و ، بونەتە سەربازی گوێرایەڵ و، هەمیشە چاوەڕێی فەرمانی فەرماندە نەخوێندەوارەکانیانن بێنە دەرەوەو بچنەوە ناو بونی خودی خۆیان.
سەردەشت قەڵەم و چرا بەدەستێک بو کە ڕەنگدانەوەی شاریەکی ڕەسەنی بوێر لە پێناو هێنانەدی ژینگەو فەزایەکی ڕۆشن و ئارامی شارستانی دادپەروەرانە تێدەکۆشاو، بەقوڵیش لە ئالەنگاری و بەربەستەکانی بەردەمی تێگەیشتبو کە دیارترینیان دەسەڵاتێکی داسەپیوی ناسروشتی بو لەشارو وڵاتەکەیدا ،کە نمایندەی عەقڵیەتێکی خێڵەکی و بیرتەسکی دەسەڵاتخوازی پیرۆزکراو ترسناکراو دەکات.

ڕاستە سەردەشت گیانی خۆی کردە قوربانی و فیدای خەون و بیری بۆ ژیانێکی ئازاد وشەڕەفمەندانەو بەجەستەش بونی نەما. بەڵام هەتا دەچێت سەردەشت وەکو رێبازو ئازادیخواز بەناوبانگترو گەسەندوتر دەبێت، لەبەرامبەردا حکومی خێڵەکی وتاغوتی وڵاتی سەردەشت کەئەو لەژێر چەتروسایەیداتیرۆر کرا، لاوازترو بێبنەما تر دەبێت و، لەئێستادا لەهەژارترین دەسەڵاتەکانی دنیایە لە ڔووی شەفافی و بنەمای مەشروعیەت و دیموکراسی.

5\5\2020
Leave A Reply

Your email address will not be published.